ئەگەرەکانی ڕوونەدانی جەنگی ئەمریکا و ئێران

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لەسەرەتای گەڕی دووەمی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە و بەتایبەتتریش لەگەڵ هاتنی کەشتیگەلی ئەبراهام لینکۆڵن و فڕۆکەی B52 بۆ کەنداو و ناوچەکە، تائێستا زیاتر ئەو بۆچوونە بەڕاست دەرکەوتووە کە ئەمریکا جەنگی ئێران ناکات و ناچێتەنێو ئەم جەنگەوە.
ئەو فاکتەر و پاڵنەرانەی وایکردووە ئەگەری ڕوونەدانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بەهێز دەکەن، چەند هۆکارێکە، لەوانە:

یەکەم / دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێکە لەو کۆمارییە بزنسمانانەی کە بڕوای بەهێزی سەربازی یان هێزی چەک نییە بۆ لاوازکردنی نەیارێکی وەک ئێران. بەڵکو دۆناڵد ترامپ بڕوای بە پەستانی ئابووری و چاودێری هەناردەی نەوت و هێزی ئابوورییە بۆ ئەوەی نەیارەکانی ئەمریکا لاوازبکات. لەم چوارچێوەیەشدا ئێستا دۆناڵد ترامپ هەمان جەنگی ئابووری لەگەڵ صین و کۆریای باکوریش دەکات، تەنانەت بڕیاری قەدەغەکردنی مارکەکانی "هواوی" هەمان جەنگی ئابوورییە.

دووەم / پانتایی جەنگ بۆ ئەمریکا لە وڵاتی ئێراندا هێشتا بۆ ئەمریکا لەبار نییە. هەرگیز ئەمریکا لە توانا و هێزی سەربازی ئێران سڵ ناکاتەوە، بەڵکو لە ڕۆحێکی توند و پتەوی مەزهەبی دەترسێت کە ئێران لەناو یەک گوتاری بەهێزدا دەبینێت کە دەرفەتی دابەشبوونی نییە و ئەمریکا ناتوانێت لە خاکێکدا جەنگ بکات کە هیچ دڵسۆز و هاوپەیمانێکی نەبێت. بەپێچەوانەوە ئێران پشتی بەو ڕۆحە مەزهەبییە بەستووە بۆ دژایەتی ئەمریکا کە لە ناوخۆی ئێراندا بە باشی تەیار کراوە و بڕوابوونیان تێدا ڕوێنراوە کە ئەمریکا شەیتانێکی بزورگەو هەر ڕووبەڕووبوونەوەکیشی جیهادە و جەنگی بەرەی دیندار و بێبڕواو بێ دینە!

سێیەم / ئەمریکا ناچێتە جەنگی ئێرانەوە تاکو بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز لەناوخۆی ئێراندا بۆ خۆی دروست نەکات. چونکە ئەمریکا پێویستی بەئۆپۆزیسیۆنێکی ناوخۆییە کە لەکاتی هێرشکردندا بۆسەر ئێران هاوکاری بکات. وەک چۆن لە ساڵی 2003 دا کاتێک ئەمریکا هێرشی کردەسەر عێراق، هەردوو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و شیعە هاوکاری ئەمریکایان کرد چی بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی بەعس و چی بۆ خستنەسەر سکەی حکومڕانی و دەسەڵاتی نوێی عێراق.

چوارەم / دەستوری ئەمریکا ڕێگا نادات ئەمریکا بچێتە هیچ جەنگێکەوە تاکو ئەمریکا بیانووی جەنگ (ذریعە الحرب)ی بۆ ئەو جەنگە نەبێت. ئەمریکا هێشتا بیانوویەکی ئەوتۆی نییە تاکو دژی ئێران بچێتە ئەم جەنگەوە و دەسەڵاتی ئێستای ئێران لەناو ببات یاخود لاوازی بکات.

پێنجەم/ ئەگەر ئەمریکا جەنگی ئێران بکات، ئەو پرسیارە دێتەپێش ئایا ئەمریکا دەیەوێت سیستم و دەسەڵاتی ئێستای تاران لەناو ببات یان تەنها لاوازی بکات؟

ئەگەر تەنها بۆ لاوازکردنە، ئەوا وەک لەخاڵی یەکەمدا وتوومانە دۆناڵد ترامپ بڕوای بەهێزی ئابووری هەیە لەلاوازکردنی نەیارەکانیدا، بۆ ئێرانیش تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە.

بەڵام ئەگەر مەبەستیش لەم جەنگە لەناوبردنی دەسەڵاتی ئێستای تارانە، ئەوا ئەمریکا سێ ئەزموونی ڕوون و ئاشکرای هەیە کە نایەوێت ئەزموونی چوارەمیشی بێتەسەر ، کە ئەوانیش ئەزموونی ئەفغانستانی سەرەتای هەشتاکانە کە دەسەڵاتی کۆمۆنیستی ئەفغانستانی بەسەرۆکایەتی (نەجیبوڵڵا) لابردو حیزبێکی ئیسلامی هێنایەسەر دەسەڵات و دواتر بووە کێشە بۆی، دووەم ئەزموونیش عێراقە کە ئەمریکا عێراقی لە (سەدام حسێن) و سوننە وەرگرتەوەو وەک خەڵاتێک بەخشی بە شیعەو ئێران و ئێستا پێکەوە لەهەوڵی دەرکردنی سوپای ئەمریکان لەعێراقدا. سێیەم ئەزموونیش لەناوبردنی (شا)ی ئێران بوو لەکۆتایی حەفتاکاندا و هێنانەسەر دەسەڵاتی ئێستای ئێران کە دیسان بۆ ئەمریکا بووەتە مایەی سەرئێشە.

بەبڕوای ئێمە، ئەم پێنج ئەگەرە لە هەرە خاڵە بەهێزەکانی ئەگەرەکانی ڕوونەدانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانە. ئەگەرچی ئەگەری بەهێزیش کەم نیین بۆ ئەو جەنگەو ناشزانین لەئایندەدا چی ڕوودەدات.


PM:10:40:19/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 2536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی