سەدام حسێن دەگەڕێتەوە!

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


لەساڵی 1942 (ئەدۆڵف ئیخمان) لە گۆنگرەی نازییەکاندا بڕیاری قڕکردنی جولەکەی دا. لێرە بەدوا هەر کەسێک یەک دێڕی دژی جولەکە بگوتایە، ئەوا جولەکەکان پێیاندەگوت تۆ نازیت.

(گۆنتەر کراس)ی شاعیر و ڕۆماننوسی بەناوبانگی ئەڵمانی لە 2007دا شیعرێکی بۆ فەلەستین و ئێران نووسی و هێرشی کردەسەر جولەکەو ئەمریکا، ڕاستەوخۆ جولەکەکانی جیهان خرۆشان و هاتنەسەر شەقام و ترسی خۆیانیان پیشاندا کە گۆنتەر دەیەوێت بیری نازی دژی جولەکە زیندووبکاتەوە.

لێرەدا قسەکە ئەوەیە دوای 65 لە کۆمەڵکوژی جولەکە و دوای ئەوەی لەساڵی 1962 ئیخمان لەئیسرائیل لەسێدارە درا ، کەچی جولەکەکانی جیهان هێرشیان کردەسەر گۆنتەر و تائێستایش دەترسن بیری نازییەت زیندووبکرێتەوە.

هەفتەی پێشوو لە زانکۆی (ژی قار) چەند خوێندکارێک لەئاهەنگێکی زانکۆکەدا سرودێکی سەدام حسێنیان وتەوەو هەڵایەکی گەورەی لەعێراقدا نایەوە. ئەوەی لەگەڵ سرودەکە بوو دەستخۆشی لەخوێندکارەکان کرد و لەڕێگەی گوێگرانی سرودەکەوە دەرکەوت بیری بەعسی عەرەبی و هەوادارانی سەدام هێشتا لەعێراقدا شانەی نوستوون و لەدەرفەتێک دەگەڕێن سەرهەڵبڕن و بگەڕێنەوە.

ئەمڕۆ (۲۱ ــ ٤ ــ ۲۰۱۹) لە بازاڕێکی بەغدادیشدا کەسێک دەستگیرکراوە کە دەیان جۆر کاتژمێری پێبووە کە بە وێنەی سەدام حسێنی دیکتاتۆر ڕازێنراوەتەوە و فرۆشتوونی. ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ گرتوویانەو تا ئێستا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن کە ئەم وێنانەی لەکوێ بووەو مەبەستی لەفرۆشتنی ئەو کاتژمێرانە بەو وێنانە چییە؟

کاتێک ئەم هەواڵەم لەچەند دەزگایەکی عێراقی و کوردستانیدا خوێندەوە، لەگەڵ چەند ڕۆژنامەنوسێکی هاوڕێم باسم کردو بەلامەوە سەیربوو ، بەڵام یەکێک لە هاوڕێکانم وتی : بەلاتەوە سەیرنەبێت!. لەو بازاڕەی سلێمانیشدا هەیە کاتژمێرە و بەوێنەی سەدام حسێن ڕازێنراونەتەوەو دەفرۆشرێت. کاتێک قسەکەم دووبارەکردەوەو لێمپرسی : لەبازاڕەکانی کوردستاندا شتی وا هەیە؟ هاوڕێکەم دڵنیای کردمەوە کە شتی وا هەیەو خۆی بینیویەتی.

ئەمەوێت بڵێم : بەڕاستی کارەساتە کورد و دەسەڵاتی کوردی ڕێگا بەهەر کاڵایەک بدات کە وێنە یان قسەی سەدام حسێنی لەسەر بێت و لەبازاڕەکانی کوردستاندا بفرۆشرێت. ئەوەی بەعس و سەدام بەسەر کوردی هێنا ، دەبوو بە بیستنی ناوەکەیشی ڕقمان هەستایە و حەزمان بەبیستنی ناوەکەیی و بینینی وێنەی نەبوایە !

وەک چۆن جولەکەکانی جیهان تائێستا دژی هەموو شتێکی نازییەکانن و هەمیشە دەترسن ئەم فیکرە زیندوو بکرێتەوە، دەبێت کوردیش بەهەمانشێوە لەوە بترسن کە بیری بەعسی فاشیست و دکتاتۆر بێتەوە ناوناوان و لەڕێگەی وێنە یان قسەکانیی سەدامەوە ڕێگە بدرێت وێنەی سەدام جارێکیتر لەهزری تاکی کورددا دەرکەوێتەوە و وێنەکانی بگەڕێتەوەسەر کاڵا بازرگانییەکانمان و بەئاسان و بێبایەخ لێیانبڕوانین.


PM:10:22:21/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 1496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی