تێگەشتن لە 9ی نیسان

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ڕووداوی 9ی نیسانی ساڵی 2003 کە ئەمریکا و هاوپەیمانان دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەعسیان لە عێراق ڕووخاند و عێراق دوای مێژوویەکی درێژ لە حوکمی سوننەوە کەوتە دەست زۆرینەیەکی شیعە. ئیدی ئەم ڕووداوە مێژووییە کەوتەنێوان یادی مێژوویی و تێگەشتنی مێژووییەوە.

لەدوای ئەم مێژووە، دەسەڵاتی شیعی بەغداد تێگەشتنێکی باشی نەبوو بۆ ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر عێراقدا هات. سوننەکان بەبیانووی ستەم لێکردنیان لەلایەن شیعەوە خۆیان بە بێبەش لەعێراق زانی و پرۆژەی هەرێمی سەربەخۆیان کەوتەسەر، (جۆ باید)نیش لەم ڕوانگەوە لەساڵی 2006دا پرۆژەی دابەشکردنی عێراقی گەڵاڵەکرد. بەبەردەوامبوونی شانازییەکانی شیعە بۆ ڕوخاندنی بەعس و نەخوێندنەوەیەکی ورد و قوڵ بۆ مێژووی عێراق، داعش لە ساڵی 2014دا دەرکەوت. ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەیش کە زۆرێک لە گەورە بەرپرسانی جیهانی بەتەقینەوەی توڕەییەکانی سوننەیان ناوبرد، دیسان عێراقی گەیاندە لێواری دابەشکردن و 35%ی خاکی عێراقیان داگیرکرد.

لە دوای ئەم دوو ڕووداوە لە نزیکەی یەک دەیەی عێراقدا، هێشتا دەسەڵاتی سیاسی عێراق، تێگەشتنی لەم دوو مێژووە نییە. مێژووی 9ی نیسان نەبووەتەمایەی بازدانێکی گەورەی مێژوویی و نەبووەتەهۆی کرانەوەی عەقڵی بەڕێوەبەری و سیاسی لە عێراقدا ، بۆیە قسەکردن و جارێکیتر چونەوەناو ڕووداوی ڕوخانی بەعس لە 9ی نیسانی هەموو ساڵێکدا، تەنها بەروارێکی مێژووییە یان بەرکەوتنمانە بەمێژوویەک نەک تێگەشتن لەمێژووی ڕووداوێکی گەورەو ئیشکردن لەسەر ویستی بەدیموکراتیزەکردنی عێراق کە لەپشت ئەنجامدانی ڕووداوەکەوە بوو.

ئەگەر یادکردنەوەکانی 9ی نیسانی هەموو ساڵەکانی پێش دەرکەوتنی داعش لەیادی مێژووییەوە بگۆڕدرایە بۆ تێگەشتن لە مێژووی ڕووداوەکە، هەرگیز داعش دەرنەدەکەوت لە عێراقدا. بەڵام چونکە دەسەڵاتی سیاسی و عەقڵی سیاسی لەبەغداد تێنەگەشت لەمێژووی 9ی نیسان، ئەوا سوننەکان دوورخرانەوەو زەمینەی خاکی عێراق خۆش بوو بۆ پیتاندنێکی باشی تیرۆر و بەزوویی داعش گەشەی کرد تێیدا.

تاکو ئەم ڕووداوە مێژووییە وەک ڕۆژێک بۆ هەڵپەڕکێ و خۆشی دەربڕین سەیربکرێت و تێگەشتنی قوڵ نەبێت بۆ ڕووداوەکە، ئەوا قسەکان دەبنە دووبارەو هەر ڕووداوێکیش بازدانی مێژوویی نەکات، بەپێوەری مێژوویی جگە لەبەروارێک کە لەناو مێژوودا دەمێنێتەوە، هیچیتر نییە.


PM:09:06:09/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 1420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی