‌بۆئەوەی موچەی شوێنێکیتر نەدزرێت
AM:11:56:13/03/2019
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


دزینی! موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار کە نزیکەی یەک ملیار دینارە، یەکەم ڕووداوی دزیکردن نییە لەجیهاندا گروپێکی مافیائاسا هەڵبکوتنەسەر بینایەک یان شوێنێک و بڕێکی باش پارە بدزن و هەڵبێن. لەپێشکەوتووترین وڵاتەوە بۆ ماڵێک و ناو ئۆتۆمۆبێلێک ئەم حاڵەتانە ڕوودەدات.

لەتەکساسی ئەمریکا، لەیۆنان و بەریتانیاو ئیسپانیا مافیاکان بەئاشکرا هەڵیانکوتایەسەر بانکێک و پارەکەیان برد. هەفتەی پێشوو یاریزانی بەرازیلی (دانی ئەلڤێز) لەفەرەنسای پێشکەوتوودا تاکو 90 دەقیقە یاری تەواوکرد؛ دزی لێکرا. هەڵکوتانەسەر مینی پاسێک و بردنی نزیکەی سەد دەفتەر دۆلار لەکوردستاندا زۆر ئاسانترە لەهەڵکوتانەسەر بانکێک لەوڵاتانی پێشکەوتوودا.

بەنیسبەت کوردستانەوە، دزینی ئەم موچەیە جیاوازترە لەتەواوی هەر وڵات و شوێنێکیتر کە دزی لەم شێوەیەی تێدابکرێت. موچەیەک بخرێتە گوێنی و عەلاگەوە، موچەیەک تائێستا لەوەرگرتنیدا بەدەست بژمێردرێت، لە2019دا سیستمی بانکیت نەبێت، ئەوا هەردەبێت چاوچنۆکێک بۆسەی بۆدابنێت و بیفڕێنێت.

لەپێناو دۆزینەوەی پارە دزراوەکەی نەخۆشخانەی شار، لەسلێمانییەوە تاکو گەیشتم بە دەربەندیخان چوارجار هێزە ئەمنییەکان لەڕێگاکە لایاندام و سندوقی سەیارەکەمیان کردەوەو سەیری ناو ئۆتۆمبێلەکەمیان کرد. بەڵام هەر چوارجارەکە بە برا پۆلیسەکانم وت نە من شێوەم لەدز دەچێت و نە ئاوایش بەرگری لەدزینی پارە دەکرێت.

لەم نوسینەشدا دەڵێم : گرنگە دوای دزینی موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار ئەم بابەتە بکرێتە ئەزمون و پەندو سوودی لێوەربگیرێت و بۆئەوەی موچەی شوێنێکیتر نەدزرێت، پێویستە ڕێگاچارەیەک بۆ وەرگرتنی موچەی فەرمانبەران بدۆزرێتەوە.

باشتری ڕێگا بۆ چارەسەری پرسگەلێکی لەم جۆرانە، گەڕانەوەیە بۆ پرۆژەکانی (قوباد تاڵەبانی ــ جێگری سەرۆک وەزیران) لەئەلیکترۆنیکردنی تەواوی دامو دەزگاکانی حکومەت و حیسابی بانگی بۆ تەواوی فەرمانبەران.

کاتێک جێگری سەرۆک وەزیران "قوباد تاڵەبانی" لەسەر پرۆژەیەکی لەم شێوەیە بانگهێشتی ئەستۆنیا دەکرێت، نیشانەی گرنگی و جیهانێتی پرۆژەیەکی وەهایە کە دەیەوێت لەکوردستانیش جێگیری بکات، بەڵام چونکە ئەم پرۆژەیە ڕێگای لەدزینی پارەیەکی زۆر زیاتر لەپارەی موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار دەگرێت، ناهێڵرێت پرۆژەکە بەجوانی و ڕێک و پێکی بچێتە پێش و تەواو ببێت. بۆیە تا ئەم سیستمی بەئەلیکترۆنیکردنە تەواونەبێت و جێگیر نەکرێت، ئەوا ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە هەیە.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.