هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هەموو شتێک لەبێدەنگیدا

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ژنێک لە کامێرایەکەوە بۆ ئەمنە سوورەکە:

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بە تەمەنێکی کەمەوە، لەگەڵ ڕابەری کورد (مام جەلال تاڵەبانی) هاوسەرگیری دەکات و دەچێتە شاخ. ئیدی ئەو تەنها پێشمەرگەیەک نابێت هاوشان بەهاوسەرو هەڤاڵەکانی، وەک چۆن ئەو تەنها هاوسەرێکیش نابێت بۆ تاڵەبانی. بەڵکو دکتۆرو پشتیوان و خەمخۆرێکیش دەبێت بۆ تاڵەبانی. ئەمە قسەی تاڵەبانی خۆیەتی.

(هێرۆخان) کە چەمکە عامەکەی ناو ڕاگەیاندن و دنیای سیاسی کوردو یەکێتییەکانە، ڕۆژانێک دەتوانین وەک وێنەگرێک! و شەیدایەکی وێنە وەسفی بکەین.

ئەگەر کامێراکەی دەستی هێرۆخان نەبوایە، بەشێکی زۆری ئەو مێژووەی ناوی خەباتی شاخ و شۆڕشی نوێی گەلەکەمانە بەڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ون دەبوو و دەفەوتا، یان هەرکەسێک بەدەماودەم بیگێڕابایەتەوە نەدەبووە جێگای بڕوای خوێنەرانی کورد.

وەک قەڵەمێک، کاتێک بیرم لەنوسینێکی ئاوا تایبەت کردەوە، بڕیارمدا کامێراکە بەشێک بێت لەناونیشانی وتارەکەم، ئەمەش ڕاستەوخۆ بۆ ئەو وێنە و ئەرشیفانە گەڕایەوە کە لەکاتی ژیانئاوایی هەردوو سەرکردەی دیاری کورد مام جەلال و کاک نەوشیرواندا بینیم و وەرگیرابوون لەئەرشیفەکانی هێرۆ ئیبراهیم.

تەنانەت ئەوەم لەلا گەڵاڵە بوو، وەک چۆن گەلێک ڕوبارو جۆگەو کانیاو هەیە چەندە گەورەبن و بەخوڕو ترسێنەربن، دواجار دەچنەوەسەر یەک سەرچاوە. بەهەمان شێوە دڵنیابووم هەندێک کەس و حیزب و بزوتنەوەی سیاسیش لەکوردستاندا چەندە گەورەبن و شانازی بەخۆیانەوە بکەن و پێیانوابێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان تێپەڕاندووە!، لەدواجاردا ئەگەر بیانەوێت مێژووی سیاسی سەرکردەکانیان بنوسنەوە، دەبێت بگەڕێنەوە ناو ئەرشیفەکەی هێرۆ ئیبراهیم. چونکە بینیمان لەزۆر ڕووداو و مەرگی سیاسی کورددا لەزۆنی سەوز، بەشێکی ڤیدیۆکان لەسەری نوسرابوو "لەئەرشیفی هێرۆ ئیبراهیم وەرگیراوە"!

یەکێک لەهاوڕێکانم کە نزیکە لەخاتوو هێرۆ ئیبراهیم گێڕایەوە: ڕۆژێک تەلەفۆنێک بۆ هێرۆخان دێت و پاشان هێرۆخان زۆر دەستخۆشی لێدەکات و پێیدەڵێت بۆم بهێنن بۆ سلێمانی!، کاتێک هاوڕێکەم پرسیار لەهێرۆخان دەکات کە ئەو پەیوەندییە چی بووە؟
هێرۆخان دەڵێت: ئەوە داوای ۲۰۰ جلی سوپای بەعسی کۆنم کردووە بۆ ئەوەی لەئایندەدا کە ئێمە نامێنین ئەگەر ویستیان مێژووی بەعس بگێڕنەوەو فیلمێک لەسەر ڕووداوەکە دەربهێننەوە دەبێت ئەم جلانەیان هەبێت کە جلی کۆنی بەعسە.

یەکێکیتر لەو کارە گەورەو دانیسقانەی ئیشی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە ئەوەیە؛ دەچێتە موسڵ و ئەو نەخشەیە دەکڕێت و دەیهێنێتەوە بۆ سلێمانی کە سەرۆک مام جەلال لەئەنجومەنی حکومدا ڕایدەخات و تائێستا ناودەبرێت بەڕۆژی مورافەعە گەورەکە.

ئەم خاتوونە بێدەنگە! تەنها لەسیاسەت و خۆنمایشکردندا وەک هەندێ سیاسیترو لەدەرکەوتنی سەر شاشەدا بێدەنگ نییە، تەنانەت لەکارە خێرخوازی و هونەری و منداڵان و ژنان و بوارە جیاوازەکانیتریشدا بەبێدەنگی هەنگاو دەنێت، بەڵام هەمیشە لەناو ئەو بێدەنگییەدا جوڵەی زۆرو کرداری زۆری ئەنجامداوە.

بڕواناکەم زۆر میدیاکارو نوسەرو ڕۆژنامەنوس بزانێت ئەم خاتوونە لەسەر داهاتی خۆی سەرپەرشتی ۲٥۰۰ کەسی بێسەرپەرشت و دەست کورت دەکات، جگە لەو ژن و منداڵ و کەسە دەستکورتانەی لەڕێگای ڕێکخراوەکانی نزیک لەخۆیەوە هاوکاریان دەکات.

هاوسەرەکەی تاڵەبانی، ئەگەر ڕێگری نەکردایە لەتموحی هەندێک کەس و بەرپرس و بازرگانی کوردستان و سلێمانی، ئێستا ئەمنەسوورەکەی سلێمانی بووبووە چەند تاوەرێکی بەرزی چاوبرسییەکانی شاری سلێمانی و ئەو مێژووە پڕ شانازییەی ڕاپەڕینیان شێواندبوو.

بەڵام هێرۆخان ئەم خەونەی لەگۆڕناو ئەمنەسورەکەی لەشوێنێکی مەترسیدارەوە گۆڕی بۆ ناوەندێکی کەلتووری و فەرهەنگی.

ئەگەر هێرۆخان نەبوایە ئەمنەسوورەکەی سلێمانی کە ڕۆژانێک شوێنی کپکردنی دەنگی ئازادبوو و دەنگە ئازادەکانی تێدا لەسێدارە دەدرا، نەدەبووە ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوەی بیری ئازادو ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبی نوسەرانی ئازادی.

ڕۆژانێک هەر نوسەرێک ڕووی بکردایەتە ئەمنەسوورەکە ئیدی دەبێت نەزەرێکی گەورەت بکردایە بگەڕێتە دواوەو سەری سەلامەت بێت، بەڵام لەسایەی بیرتیژی و دونیابینی هێرۆخاندا ئێستا نوسەران بۆ داکۆکی لەفیکریان ڕوودەکەنە ئەمنەسوورەکە، جا خۆشتر لەهەمووی بەجلی کوردیشەوە دەچنە ئەمنەسوورەکە کە ساڵانێک فلتەری هەموو شتێکی کوردانە بووە.

هێرۆخان و دابەشکردنی ڕۆڵی مام جەلال:
هێرۆخان لەڕابردوودا ئەو ژنەبوو کە لەپشت پیاوێکی سەرکەوتووی وەک مام جەلالەوە وەستابوو، لەچەندان دیدارو چاوپێکەوتنیش مام جەلال ئەوەی دووبارە کردۆتەوە. لەئێستاشدا هێرۆخان "یان بەلەفزێکیتری یەکێتییەکان (دادە)" عەقڵی سیاسی ناو یەکێتییە.
ئەم ژنە بێدەنگە! کارەکتەرێکی زۆر زیرەک بووە لەدابەشکردنی کەسایەتی و سیاسەت و کاریزمایی و بیرتیژی سەرۆک مام جەلال بەسەر هەردوو کوڕەکەیدا (قوباد جەلال تاڵەبانی) و (پاڤڵ جەلال تاڵەبانی).

هێرۆخان، ئەم دابەشکارییەی بەم شێوەیەی خوارەوە کردووە:
هەرچی دیوە نەرم و نیان و سیاسی و کاریزماییەکەی مام جەلالە داویەتی بە کوڕەکەی ناو حکومەت (قوباد تاڵەبانی). لەم پشکەدا کە هێرۆخان داویەتی بەقوباد تاڵەبانی، نەک لەناوخۆی یەکێتیدا تەنانەت هیچ هێزێک ناتوانێت بەربە جوڵە سیاسی و ئیدارییەکانی و بڕیارەکانی ناو حکومەتیشی بگرێت بەخودی پارتیشەوە کە پێکهێنەری حکومەتەو بڕیاری زیاتر لەلای ئەوانە.

بەکورتی لەم پشکەدا کە هێرۆخان داویەتی بەقوباد تاڵەبانی بۆنی ئەوەی لەکوڕە منداڵەکەی داوە کە هەمان بۆنە ناسراوەکەی ناو پاڵتۆ ڕەشەکەی تاڵەبانی باوکە. هێرۆخان پێمان دەڵێت قوباد نەک هەر بەئەسڵ دەستی وێنەکێشانی هەیەو بەسەلیقەیە لەوێنەکێشاندا بەڵکو لەڕووی فیکریشەوە بەتوانایەو دەتوانێت وێنەی سیاسەت و کاریزمایی باوکی بکێشێتەوە لەواقیعی یەکێتی و کوردستاندا.

بەتەعبیرێکیتر، کاتێک قوباد تاڵەبانی دەجوڵێت وەک جوڵەی سیاسی، واتە دیوە ڕۆحی و کاریزمایی و لەسەرخۆکەی تاڵەبانی باوک دەجوڵێت. کاتێک قوباد تاڵەبانی کوڕ بەپێش چاوی هێرۆخاندا دەڕوات "ڕۆشتنی سیاسی" ئەوە واتە سێبەری تاڵەبانی باوک لەناو دەباشان و حکومەت و یەکێتیشدا دەڕوات و دەجوڵێت.

هەرچی پشکەکەیتری تاڵەبانی باوکە، هێرۆخان داویەتی بەکوڕە گەورە موحەڕیکەکەیتری!.
ئەم پشکەیان زیاتر پشکە توڕەکەی! ڕەحمەتی تاڵەبانییە! کە کاتێک تاڵەبانی باوک لەکەسێک توڕەدەبوو کە لەڕێبازی یەکێتیی و پرنسیپە حیزبییەکە لای دەدا، گۆچانێکی تێدەسرەواند، بەجۆرێک کە دەڵێن زۆرێکی یەکێتییەکان ئەم دیوەی تاڵەبانی باوکیان بینیووە.

ئێستا پاڤڵ تاڵەبانی کوڕ دیوێکیترە بۆ هێرۆخان لەدیوە گەورەکەی تاڵەبانی باوکدا. لای هێرۆخان نابێت پاڤڵ تاڵەبانی توڕە بکرێت! چونکە کەسێکە لینکێکی ڕاستەوخۆی بەجەستەی هێرۆخانەوە هەیە لەوێنای! تاڵەبانی هاوسەریدا.

کوڕە گەورەکەی هێرۆخان ئێستا بزوێنەری ڕۆحی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. هێرۆخان لەمە باش تێگەشتووە کە ئیدی پاڤڵ تاڵەبانی دەتوانێت ئەم حیزبە گەورەو مێژووییە بجوڵێنێت و لەهەر وێستگەیەکی خەبات و سیاسەتدا بیپەڕێنێتەوەو هێزو گڕوتینێکی نوێ بەیەکێتی ببەخشێت، وەک چۆن تاڵەبانی باوک لەوێستگە جیاوازەکاندا یەکێتی بەناو ئاگری سوردا بردووەو لەسوتان ڕزگاری کردووە، وەک چۆن یەکێتی کەوتۆتە بەردەم شەڕو لێکترازان و کەچی تاڵەبانی باوک پاڵنەری یەکێتی بووە بۆ سەرکەوتن و نوسینەوەی مێژووی نوێ.

ئێستا پاڤڵ تاڵەبانی ڕۆڵی ئیمامێک دەبینێت کە لەتەسبیحێکدا هەموو دەنکە مورووەکانی پێکەوە بەستۆتەوە، کاتێک پاڤڵ تاڵەبانی تێلەفۆن بۆ تەواوی سەرکردایەتی یەکێتی دەکات و لەماڵی مام جەلال لەدەباشان کۆیان دەکاتەوەو هێرۆخان لەلوبنانەوە هەوڵەکە دەبینێت، ئیدی لەوە تێدەگات پاڤڵ هەمان ئیمامی تەسبیحەکەی یەکێتییەو ئیدی لەتەزووی ڕۆحی تاڵەبانی باوکیدا دەیەوێت هەموویان کۆبکاتەوە.

ئەوەی لەدوای نەخۆشکەوتن و ژیانئاوایی سەرۆک مام جەلال بەسەر یەکێتیدا هات، بەسەر هەر حیزبێکیتر بهاتبایە، دەمێکبوو لێکتر هەڵوەشابووەوەو ڕۆڵیان لەگۆڕەپانە سیاسییەکەی هەرێمدا نەمابوو. بەڵام هێرۆخان زۆر لێزانانە ئەم دۆخەی ڕاگرت و زیکزاکێکی سیاسی هەم لەناوخۆی یەکێتی و هەم لەکوردستانیش کردو ڕۆڵە مێژووییەکەی یەکێتی پاراست.

هێرۆخان عەقڵی سیاسی یەکێتییە. ئەو قسەی نییە و جوڵەی بێدەنگی هەیە بەڵام هەموو شتێکیشە. ناچێتەبەردەم تیڤییەکان و بەسەعات قسە بکات، ناچێت لەڕۆژنامەو ماڵپەڕەکاندا بەسەدان و هەزاران وشەی کڵێشەیی فڕێبداتە بەردەم خوێنەرو نەشخوێنرێنەوە. ئەو یەک بڕیار دەدات و یەک هاوکێشە دەگۆڕێت و یەک وەرچەرخان دروست دەکات. هەر ئەمەش وایکردووە زۆرجار لەڕووداوە سیاسییەکانی ناوخۆی یەکێتی و کوردستان و تاڕادەیەکیش عێراقدا گوێمانلێبووە وتراوە : دوا قسەی هێرۆخان چییە؟ یان وتراوە قسەی کۆتایی لای هێرۆخانە.

دواجار، ئەگەر جاران هێرۆخان لەپشت سەرکەوتنەکانی تاڵەبانی باوکەوە وەستابێت، ئێستا لەپشت سەرکەوتنی کوڕەکانییەوەیەتی و ڕۆحی گەورەی تاڵەبانی باوکی بەسەر هەردوو کوڕەکەیدا، دابەشکردووە.


PM:06:16:06/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 2444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی