ژنە تورکێک لەپشت تیرۆری خاشقچییەوە

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

پێش هەر شتێک (جەمال خاشقچی) کوژراوێکی بکەر نادیارە لەنێوان سعودیە، تورکیاو موسادی ئیسائیلیدا.

بۆ لەودوو دێڕە پێشەکییەدا باسی ئەمریکام نەکرد؟ چونکە ئەمریکا هەڵەی واناکات لەخاکی تورکیاداو لەئێستادا ڕۆژنامنووسێک بکوژێت. ئەمریکا هەر هەوڵێکی وەها لەخاکی تورکیادا بدات، تورکیا یان ڕێگری لێدەکات یان زۆر بەکوڵ هەوڵ دەدات ئەم ڕووداوە ئاشکراببێت، لەلایەک بۆ دژایەتی ئەمریکا، لەلایەک بۆ تێکدانی پەیوەندی سعودیەو ئەمریکا. ئەمەش بۆ تورکیا قازانجە.

بۆ دەگوترێت سعودیە دەستی لەکوشتنی خاشقچیدا هەیە؟ هیچ گومانی تێدا نییە سعودیە لەدەرەوەی ڕووداوەکە نییەو پێشتریش ڕێگەی بەچەند ڕۆژنامەنووسێکدا سەردانی کونسوڵخانەکانی بکات لەهەندێک لەوڵاتەکانی جیهاندا لەوانە "جەمال خاشقچی" لەئەمریکاو خالد محەمەد" کە ئەویش ئۆپۆزیسیۆنەو لەئەڵمانیا دەژی. ئەو هەوڵەی سعودیە بۆ دەستەمۆکردنی هەموو ئەو دەنگە ناڕازیانەبوو کە وێنەی سعودیەیان لەسەر ئاستی جیهاندا ناشیرین کردووە. سعودیە دەیویست ماڵیان بکاتەوە.

ئەی ئەم پرسە بۆ لەلای هەندێک لەوڵاتان و گەورە بەرپرسانی سعودیە خراوەتەسەر تورکیا؟ وەڵامی ئەم پرسیارەیان تەنها پەیوەندی بەوەوە نییە کونسوڵخانەکەی سعودییە لەخاکی تورکیادایەو ئەمنییەت و پاراستنی لەسەر تورکیایە. یان بۆ ئەوەش نییە تورکیا نێوانی سعودیەو ئەمریکا تێکبدات.

ئەسڵی ئەم پرسە کە هۆی کوژرانەکە دەخاتە ئەستۆی تورکیا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژنە تورکەی جەمال خاشقچی ویستوویەتی لەخۆیی مارەببڕێت و بۆ ئەو مەبەستە خاشقچی سەردانی کونسوڵخانەکەیانی کردووە لەتورکیا.

دیسان لێرەیشدا پرسیارێک دێتەپێش، ئەی کێ ژنەکەی ناردووە تاکو نزیک ببێتەوە لەخاشقچی و دەستەمۆی بکات و هانیبدات بگاتە کونسوڵخانەکەی سعودیە؟

ئەگەرێکی زۆرە خاشقچی بەدەستی مۆسادی ئیسرائیلی ئەو ژنەی وەک تەڵە بۆ دانرابێت و کوژرابێت. چونکە مۆساد زۆر لێزانە لەبەکارهێنانی ژناندا بۆ کاری نهێنی و هەواڵگری. پێشتریش نمونەی (لڤینی)مان هەیە کە چۆن ئیسرائیل بەکاری هێنا لەدەستەمۆکردنی سەرکردەکانی عەرەبداو ڕایگەیاند کە لەگەڵ زۆربەی سەرکردە عەرەبەکاندا سێکسی کردووەو بەڵگەی تەواوی ڤیدیۆیی لەلایە.

ئەم کارە بۆ مۆسادی ئیسرائیل زۆر زۆر ئاسانە. چونکە لەبیرماننەچێت لەدوای 20 ساڵ لەقڕکردنی جولەکەکان کە لەدوا کۆبوونەوەی حیزبی نازیدا لەساڵی 1942 "ئەدۆلیف ئیخمان" بڕیاری لەسەردا. بەڵام 14 ساڵ دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی لەناوجەرگەی ئەرجنتیندا لەساڵی 1957 (ئەدۆلیف ئیخمان)یان ڕفاندو لەساڵی 1962 لەئیسرائیل لەسێدارەیاندا.

 ماوەتەوە بڵێین، ئەی مۆسادو ئیسرائیل بۆ ئەم کارەیان بۆ سعودیە کردووە؟ ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو نەرمی نواندن و کرانەوە زۆرەی ئیسرائیل کە سعودیە لەپشتییەوەیەتی لەناوچەکەداو ئێستا بەنێوانگیری ئەمریکا سعودیەو ئیسرائیل نێوانیان باشە.


PM:06:07:08/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 4793 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی