قوباد تاڵەبانی؛ گەنجێک لەدنیایەکی پیردا

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

نزیکەی مانگێک پێش ئێستا لەڕۆژی ۱۳ ــ ۲، لەنامەیەکدا کە لەچەند دەزگاو ماڵپەڕێکدا بڵاوکرایەوەو (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، خۆیان نامەکەیان بینی!، وتم "من زەڕەیەک ئیشم بەم پیاوە نییە، بەڵام جێیئومێدی گەرمیانییەکانە".
چونکە لەو وتارەی پێشوودا قسەی پیاوێکی گەرمیانیم بەنمونە هێنایەوە کە زۆر بەسادەیی و دڵپاکییەکەوە وتی "کاک ئازاد تۆ بۆ کەناڵەکان بنوسە!، جگە لەقوباد تاڵەبانی هەر بەرپرسێکیتر ڕوودەکاتە گەرمیان، بۆکاری بازرگانی دێت"

لەم نامەیەیتریشدا دەڵێم: پێشتر پەیوەندیم پێوەکرا بۆ دیدارێکی قوباد تاڵەبانی لەشوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لەسلێمانی. بەڵام بەبیانووی کاری تایبەت نەچوومە ئەو دیدارە.
ئەمە جگە لەوەی، لەڕابردوویشدا لەڕێگەی نوسینگەی ڕاگەیاندنەکەیەوە کە هەمیشە بەگروپێکی گەنجی چالاکم زانیون، ئاگادارکرامەوە کە کاک قوباد دەستخۆشی هەبووە، لەسەر دوو وتاری من.

بەبڕوای تایبەتی ئێمە، قوباد تاڵەبانی تاکە سیاسی و تاکە پیاوی دەوڵەتداریی کوردە لەفۆرمێکی تایبەتدا کاردەکات و بەندە دڵخۆشم بەم فۆرمەی کارکردن.

قوباد تاڵەبانی، ئەم وەجهە گەنجە، نەک ڕووی یەکێتی نیشتمانی لەلایەک و حکومەتی هەرێم لەلایەکیترەوە ناشیرین نەکردووە، بەڵکو تاکە وەجهی ئەم دونیا پیرپاوانەی! حکومەتداری و حیزبایەتی ئێمەیە، دیدگای تایبەتی هەیە بەئاوەدانکردنەوەی کوردستان.

ئاخر قوباد تاڵەبانی بڵێت چی لە23 ساڵی پێشوودا دوو حیزبی هەیکەل پیر وڵاتیان خستەبنی دەریایەک کە بەهەزاران عاقڵ و پیاوی وەک قوباد تاڵەبانی دەرنەیەت؟!

دواتر ئەسڵەن جێگای گوێلێگرتن نییە، کەسێک تاکو دوێنێ لەڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا لەخێرو بێری وڵاتی خواردو گەندەڵی و دزی کرد، ئێستا چووەتە بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن و ڕەخنە لەوەدەگرێت قوباد تاڵەبانی هیچی پێناکرێت!. بەپێچەوانەوە دەبوو بێت داوایلێبووردن لەمیللەت بکات و ڕەخنە لەو کارە هەڵانە بگرێت لەزەمەنی خۆیدا لەناو یەکێتیدا قوڕێکی گرتۆتەوەو دەبێت ئێستا قوباد تاڵەبانی بیشێلێت!

کێشەی بەردەم ئەم گەنجە ئەوەنییە ناتوانێت بڕیاربدات وەک جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، بەڵگەی ئەمەیش بڕیارەکانی پێشوویەتی کە بینیمان. بەپێچەوانەوە کێشەی بەردەم قوباد تاڵەبانی ئەوەیە لەناو زەمەنێکی پیرو عەقڵییەتێکی پیردا کاردەکات کە دەیانەوێت وەک ئەوان بیر بکاتەوەو ئەوەی ئەوان نەیانویست قوباد تاڵەبانیش نەیەوێت و نەیکات.

لەبیرمە کاتێک واژۆی لەسەر بەشێک لەکەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی کرد وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، یەک لەشکر لەڕەخنەگرو پیاوی پشت شاشەی کۆمپیوتەرەکان و پێش شاشەی تیڤییەکان کەوتنە هێرشی ناڕەوا بۆسەر قوباد تاڵەبانی.

قوباد تاڵەبانی، گەنجێکە لەدنیایەکی پیردا. گەنجێکە لەناو حیزبێکدا هەیکەلەکەی پیربووەو لێناگەڕێن و بەکوفری ئێلاهی دەزانن ئەم گەنجەو گەنجەکانیتریشی بێنەپێشەوەو خوێنی نوێ بەبەر یەکێتیدا بکەنەوە. وەک قوباد تاڵەبانی لەسەردانەکەی ۱۱ ــ ۳دا بۆ سلێمانی وتی "مەکتەب سیاسییەکەی یەکێتی کاتیان بەسەرچووە".
قوباد تاڵەبانی گەنجێکە لەناو حکومەتێکی پیردا، پیر لەگەندەڵی و دزی و کەڵەکەبوونی ناشیرینی بەسەر یەکتردا کە بەهیچ شێوەیەک لەپێشوودا قوباد تاڵەبانی لێیبەرپرس نییە.

ئەم گەنجە (قوباد تاڵەبانی)، کەوتووەتە دنیایەکەوە، پیرەکانی پێشووی دەسەڵاتدار بەهەموو شێوەیەک سیاسەت و حیزبایەتیان ناشیرینکردووە تائەو ئەندازەیەی هاوڵاتیان خۆزگە بەکاری سیاسی و بەڵێ بۆ هیچ حیزبێکی دەسەڵاتدار نەکەن بەخودی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)یشەوە.

بۆیە ئێستا ئەرکی ئەم گەنجە قورسە. گەلێکیش قورسە. چونکە دەبێت ئەوە بۆ هاوڵاتیان بسەلمێنێت کە هەمان کاری هەڵەی پیرەکانی حیزب و حکومەت دووبارە ناکاتەوەو خەمخۆری میللەت دەبێت.


PM:08:27:11/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 6653 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی