سیناریۆی زیندوکردنەوەی داعش

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

گریمانەو پێشبینی بۆ هەر ڕووداوو پێشهاتێک لەهەر وڵات و جێگایەکدا قورس بێت، بۆ عێراق قورس نییە. چونکە ڕووداوەکانی ناو ئەم چوارچێوە سیاسییە لەیەکچوو و زۆرجاران هاوشێوەیش بووە.

بڕوانە کوشتنی سەرۆککۆمارەکانی عێراق. بڕوانە دۆستایەتی عەرەب لەگەڵ کورد. بڕوانە ناکۆکی شیعەو سوننە. بڕوانە دەستی دەرەکی لەسیاسەتی عێراقدا. بڕوانە ڕووداوی قەرامیتەکان و مەغۆلەکان و پاشان داعش. ئایا ئەوەندەی ڕووداوەکان نزیکن لەیەکترەوە هێندە جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە؟

ڕووداوەکان لەعێراقدا هاوشێوەن، چونکە ئەم ژینگەیە ژینگەی بەرژەوەندییەکانەو هەرکات وڵاتێک بەرژەوەندی لەعێراق نەما، دەگەڕێتەوە بەمێژووی ڕابردووی عێراقدا، ڕووداوێک زیندوو دەکاتەوە کە کاریگەری نەرێنی و گەورەی لەسەر عێراق هەبێت، تاکو نەخشەی سیاسی عێراق تێکبدات.

داعش؛ دەرئەنجامی زیکزاکێکی سیاسی وڵاتانبوو لەعێراقدا. دوای ئەوەی لە۲۰۰۳دا عێراق لەسوننەکان سەندرایەوەو "عەلی عەلا" وتەنی "وەک خەڵاتێک درایە شیعەکان"، ئیدی شتێک نەما بەناوی پێگەو دەسەڵاتی سوننی. بەمەش ئەمریکاو تورکیاو بەهاوکاری هێزی ناوخۆیی کوردستان و عێراق، داعش دروستکرا بۆ لێدان لەدەسەڵاتە شیعییەکەی بەغدادو ئەوەبوو سەری "نوری مالیکی" شیعی و نزیک لەئێرانی خوارد.

ڕەنگە خوێنەر پێیسەیر بێت بڵێین داعش سێیەم ڕووداوی  هاوشێوەیە لەدوای قەرامیتەکان و مەغۆلەکان. قەرامیتەکان و مەغۆلەکان هەرچی شوێنەوارو حەزارەتی عێراقبوو بردیان یان وێرانیانکرد، داعشیش کردی. قەرامیتەو مەغۆلەکان دەستیان گەشتبێتە هەرشارێک کچەکانیان لاقەدەکرد، داعشیش کردی. قەرامیتەو مەغۆلەکان سەرچاوەکانی ڕۆشنبیریان سوتاند یان خستیانە دیجلەو فوراتەوە، داعشیش سوتاندی. قەرامیتەو مەغۆلەکان سەروەت و سامانی وڵاتیان تاڵانکرد، داعشیش هەمان شێوە نەوتەکەی فرۆشت و بانکەکانی هەمووی بڕی. قەرامیتەکان و مەغۆلەکان لەئاسیای ناوەڕاست و ئەنەدۆڵەوە هاتبوون، داعشیش لەتورکیاوە هات!

لەدوای ئەو دێڕانەی سەرەوە دەڵێین: عێراق لەبەردەم سیناریۆی زیندووکردنەوەی داعشدایە.

ئەگەر تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ۱۲ی ئایاری ئەمساڵی بەدڵ نەبێت و حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەبێتە جێگایەک بۆ بەرژەوەندییەکانی و بۆ دڵنیایی دۆستەکانی لەعێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوا سیناریۆی زیندووکردنەوەی داعش لەلایەن تورکیاوە، بژاردەی یەکەم دەبێت. وەک چۆن ئێستا لەهەندێک ناوچەی عێراق دەبینرێن بەشێوەی گروپ و پارتیزانی.

تەنها ئەگەرێک ئەم سیناریۆ دوا بخات مەسەلەی هاوکاری عێراقە بۆ تورکیا پێکەوە هێرشی سەربازی بکەنەسەر قەندیل. لەمەشدا هێزی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان هەیە هاوکاری هەردوولایان دەکات بۆئەو هێرشە. وەک چۆن لەدروستکردنی داعشدا هێزی کوردی هەبوو هاوکاری تورکیای کردو لێگەڕا داعش تاکو قوڵایی خاکی عێراق بڕوات.

هەرچی پەیوەندیشی بەئەمریکاوە هەیە. چاوەڕوانی ئەوەیە کە، ئایا حەیدەر عەبادی ویلایەتی دووەم دەباتەوە یان کەسێکیتری دەعوە یان شیعی نزیک لەئێران دەگاتە دەسەڵات؟

ئەگەر حەیدەر عەبادی لەویلایەتی دووەمیش بمێنێتەوە وەک ئەوەی لەئێستاوە زۆرێکی دەزگاو ناوەندەکانی ڕاپرسی ئەمریکا ئاماژە بەو بردنەوەیە دەکەن، ئەوا هەم لەسوودی تورکیاو هەم لەسوودی ئەمریکایشە. لێرەدا سیناریۆی زیندووکردنەوەی داعش دەوەستێت. بەڵام هەرگیز نامرێت.

ئەگەر حەیدەر عەبادی ئەم ویلایەتە نەباتەوەو کەسێکیتر لەدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی ئەمریکا بچێتەسەر کورسی سەرۆکوەزیران کە وەک دیارە ئەو پێشبڕکێکارەی عەبادی تەنها "نوری مالیکی"ە، ئەوا تەنها بژاردەی ئەمریکاو تورکیایش دروستکردنی کێشەو سەرئێشەی نوێیە تاکو نەهێڵن پلانەکانی ئێران لەعێراقدا بباتەڕێوەو عێراق بچێتەژێر هەژموونی تەواوەتی ئێرانەوە. بۆئەمەش زیندووکردنەوەی داعش باشترین ڕێگایە کە ئەمریکاو تورکیا دەگەیەنێتە یەکتر.

هەرچی سیناریۆی بەهێزکردنەوەی کوردەکانیشە، نەتورکیا پێیخۆشە لەدژایەتی دەسەڵاتی بەغداددا بەهێزبکرێنەوە لەدوای لاوازبوونیان لەشکستی ڕیفراندۆم، چونکە دەبنەوە مەترسی بۆسەر تورکیا. نەئەمریکایش چیتر ویستی بەهێزکردنی کوردی هەیە، ئەمەش لەدوای ئەوەی لەپرسی ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆمدا داواکانی ئەمریکا قبوڵنەکراو ئەمریکا پشتگیری هەموو ڕێکارو هێرشەکانی بەغدادیکرد بۆسەر ناوچەکانی کوردستان و بۆ پاراستنی یەکێتی خاکی عێراق.


PM:12:20:09/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 7157 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی