بۆچی ئێن ئاڕ تی ؟!

‌هوشیار عه‌بدوڵا

بە دوو هۆکاری سەرەکی پارتی تیم و کارمەندەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ژێر دەسەڵاتی خۆی دورخستۆتەوە :

یەک: پارتی لە هەموو حەقیقەتێک ئەترسێت ، ئێن ئاڕ تی لەهەموو راپۆرت و بەرنامە و ریپۆرتاژێک باڵانسی ئەوەی راگرتوە رای پارتیشی تێدا بێت بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم دواییانە تەسەروفی پارتی نالۆژیکی و نا مەعقولی گەیاندە لوتکە میدیا هەرچۆنێک روماڵی کردبایە پارتی تێدا عەیبدار دەبوو ، کەواتە هۆکاری یەکەم ترسی پارتیە لە دەرخستن و نیشاندانی راستیەکان .

دوو : ئێن ئاڕ تی لە دوای قۆناغی دوەمی کارکردنی بە خێرایەکی زۆر لە روی کوالێتی و ناوەرۆک و کایگەریەوە هەموو کەناڵە حیزبی و سێبەرەکانی جێهێشت و بۆتە یەکەم کەناڵ لە روی بینەر و کاریگەریەوە.

لە بارێکیدا ئەو ئیجرائاتانەی پارتی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئێن ئاڕ تیە لەبەردەم کەناڵە سێبەرکانی پارتی بە تایبەت کە پێشتر قەناعەتێکیان لا دروست ببوو کە ئیدی تەواو رایگشتی کوردی لە رێگەی میدیا سێبەرە خۆیان وتەنی بێ رکابەرەکانیەوە لە بەرژەوەندی پارتی کۆنترۆڵکراوە و چیتر کەس رکابەری پێ ناکرێن ، ئێن ئاڕ تی ئەو وەهمەی پارتی تێکشکاند .

بۆ ئێن ئاڕ تی قسە و راستی زۆر هەن لێ بۆ ئەوەی ئەم دێرانە درێژ نەبنەوە هەر هێندە دەڵێم ، شەرمە بۆ هەموو هێزە سیاسیەکان ، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ، میدیاکاران لەو تەسەروفەی پارتی دژی ئێن ئاڕ تی بێدەنگ بن ، جارێ هێزە سیاسیەکان هەر هەمویان بێ جیاوازی دەبێ ئەو راستیە بزانن کاتێک پارتی بەو شیوەیە مامەڵە لەگەڵ میدیایەکی ئەهلی ئازاد دەکات نەک تەنها ئیهانەی دیموکراسی و قانون و هەرێم دەکات پێش هەمویان ئیهانەی وجودی ئەو حیزبانە دەکات کە ئازان بەردەوام میمبەری ئێن ئاڕ تی بڵندگۆیان بێت و قسەی تێدا بکەن و بە شان وباڵی بێلایەنی کەناڵەکەدا هەڵبدەن ، لێ لەو هەمەجیەتەی پارتی نقەیان لە خۆیان بڕیوە،پارتی ئەوەی دەیکات دژی ئێن ئاڕ تی نیە دژی کۆمەڵگەیە ، لە هەر کوێی دونیای پێشکەوتوو بوایە ئێستا هەزاران خەڵک بۆ ئەم کەناڵە کە پەنجەرەیەکی بێلایەن و راستگۆی میدیای کوردیە لەسەر جادە بون .



PM:06:57:24/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 5381 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی