پێش جەستە فکرتان بپارێزن؛ مەترسن

‌هوشیار عه‌بدوڵا

خۆپارێزی فکری پێش خۆپارێزی جەستەییە،لە کۆرۆنا مەترسن خۆتانی لێبپارێزن..لە ڕوی زانستیەوە هەمو ترسێک وادەکا جەستەی مرۆڤ هۆرمۆنی کۆرتیزۆن زیاتر دەربدات بەمەش  سیستمی بەرگری لەش لاواز  دەبێ واتا هەمو بەرزبونەوەیەکی کۆرتیزۆن یەکسانە بە هاتنە خوارەوەی سیستمی بەرگری،ئەگەر دەتانەوێ روبەروی کۆرۆنا ببنەوە دەبێ یەکەم شت سیستمی بەرگری جەستەتان بەهێز بێت.

چەند رۆژێکە  هەمو رێنماییە تەندروستیەکانمان پێگەیشتوە بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە راگرتنی پاک و خاوینی جەستە و ناوماڵ و شوێنە گشتیەکان،بەڵام لەمیدیا و لە رێنماییە تەندروستیەکاندا وەک پێویست بایەخ بە مەسەلەی خۆ پارێزی فکری نەدراوە کە پەیوەستە  بە بەرزراگرتنی سیستمی بەرگری جەستەی مرۆڤ،کە نەک تەنها بۆ کۆرۆنا بۆ خۆپارێزی لە هەمو جۆرە نەخۆشیەک گرنگە.

ترسی زۆر بەرگری لەش کەمدەکاتەوە بەداخەوە هەندێ بۆچونی نازانستی دەبینین و دەبیستین،لە میدیاکان ژمارەی مردوان گەورە دەکەن و بە ئاشکرا دەڵێن با خەڵک بترسێ تا خۆی بپارێزێ بێ ئاگا لەوەی کە خۆپارێزی هەر تەنها جەستەیی نیە بەلكو فکرییە و بڵاوکردنەوەی ترسی زۆر دەبێتە هۆی نەخۆشخستنی کۆمەڵگەکە،بەردەوام دکتۆرە بەرێزەکان دەڵێن مەترسن بەڵام خۆتان بپارێزن ،حەق وایە ئەو مەترسنە بەهەند وەربگیرێ و زانیاری زیاتری علمی لە میدیاکانەوە لەبارەوە باسبکرێ.

گرنگە هۆشیاری قوڵتان بۆ مەترسیەکانی ئەو ڤایرۆسە هەبێت بەڵام مەترسن،فکرتان رێکخەن لێوان لێو بن لە وزەی ئیجابی بزانن نەک هەر ئێمە هەمو دونیا لە جەنگدایە لە دژی،رێژەی مردن بەراورد بە پەتاکانی تر کەمترە، توشبون واتا مردن نیە، مرۆڤ بەهێزترە لە کۆرۆنا،ئەم قەناعەتە ئیجابیانەتان هەبێت و هەمو رێوشوینەکانی خۆپارێزیش وەک خۆی جێبەجێبکەن.

مەسەلەی ترس و زیادبونی کۆرتیزۆن و دابەزینی بەرگری قسەیەکی گشتی نیە بەڵکو  حەقیقەتێکی علمیە و هەموان دەتوانن گوگڵی بکەن و لەبارەیەوە بخوێننەوە.. ئەو چەند دێرەی سەرەوەشم بۆ دڵخۆشکردن نەنوسیوە بەڵکو راستیەکی زانستیم  بیری خۆم و خەڵکیشی هێناوەتەوە.

خوا مرۆڤایەتی بپارێزێ،خوا کوردستان بپارێزێ.


PM:02:17:14/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی