سبحان مغیر الاحوال

‌هوشیار عه‌بدوڵا



ئەوسا:

هەر کات سەرۆکایەتی هەرێم کۆبونەوەیەکی ساز بکردایە دەبو حکومەت و پەرلەمان و فراکسێۆن و دامەزراوەکانی تر بەشدار بن و ئەگەر حزبەکان بانگهێشت بکرانایە ئۆپۆزسێۆنی ئەو سەردەمە دەیگوت دەبێ تەنها دامەزراوە شەرعیەکان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک بریار لە چارەنوسی خەڵکی هەرێم بدەن و خۆ ئەگەر مەکتەب سیاسیی حزبەکان بانگهێشت بکرایە هێزە ئۆپۆزسێۆنەکان دەیانگوت ئەوە دیوەخانی حزبیە و ئێمە ئامادە نابین.

ئێستا:

هەمان ئەو هێزانە ئەو دیوەخانە حزبیانەیان ناو ناوە (یەکریزی!)

هەڵبەتە هەڵوێستی پێشوی ئەو هێزانە لەبەرژەوەندی خەلک و هەرێمدا بو،چونکە کاتێک حزبێکی سیاسیی بەشداری هەڵبژاردن دەکا و نوێنەرەکانی دەنێرێتە پەرلەمان و حکومەت دامەزراوەکانی تر ئیدی وەزیفەی مەکتەب سیاسیی و حزبیەکانی تر لەو جۆرە کۆبونەوانەدا چیە؟!

جاری وا هەیە لەو کۆبونەوانە یەک حزب بە چوار کەس بەشدارە!؟

گەورەترین دروشمی سەردەمی ئۆپۆزسێۆنی هێزەکانی وەک گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ بریتی بو لە جیاکردنەوە حزب و حکومەت ئێستا لە پارتی و یەکێتی حەماسیان زیاترە بۆ تێکەڵکردنی حزب و حکومەت.

رەنگە ئەو هێزانە پێیان وابێت ئەو سەردەمە هەڵە بون و ئێستا لەسەر رێگا راستەکەن،من هێشتا پێم وایە هەڵوێستی پێشویان لەبەرژەوەندەی هەرێم و بەهێزکردنی ژیانی دامەزراوەیی و خەڵکدایە!ئەوەی ئێستایان تەنها خزمەتی دو هێزە دەسەلاتدارەکەی هەرێمە و بەس.

کە ئەو پاشەکشە رۆژانەیە لە هەڵوێستی ئەو هێزانەدا دەبینم لەبەر خۆمەوە دەڵێم:(سبحان مغیر الاحوال).

هۆشیار عەبدوڵا


PM:01:40:25/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 2324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی