هەرێم بۆ قەرزارە؟

‌هوشیار عه‌بدوڵا

کە حوسنی موبارەک کەوت دەرکەوت ئەو قەرزەی لەسەر میصرە رێک یەکسانە بەو بڕە پارەیەی کە موبارەک و خێزانەکەی لە بانقەکانی دونیایان قایم کردوە ، ئەوە بۆ هەرێمیش راستە قەرزەکانی هەرێم کۆبکەیتەوە هەر ئەو ملیاران دۆلارەیە کە بەرپرسانی بالای هەرێم بۆخۆیانیان بردوە.

ئەوەی کە مەسرور بارزانی دەڵێ حکومەتێکی قەرزارمان بۆ جێماوە، شتێکی نوێ نیە و دەمێکە دەڵین قەرزارین،بەلام سەرۆکی نوێی حکومەت لەبری ئەوەی ئیعتراف بکا کە بەهۆی سیاسەتی نەوتی هەرێم و تاڵان و برۆی داهاتە نەوتی و نانەوتیەکانەوە هەرێم کەوتۆتە ژێر قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی دەڵێ بۆیە قەرزارین چونکە چەند ساڵێک بەغداد بودجەی بڕین،باشەئەی داهاتی نەوت کوا؟نەک تەنها هی هەرێم ماوەیەک نەوتی کەرکوکیش؟ ئەی داهاتی زۆر و زەوەندی ناوخۆ کوا؟

سەرۆکی نوێی حکومەت ؛ مادام باسی لەوەکرد کە راستگۆ و شەفاف دەبن لەگەڵ گەلی کوردستان باشتر نەبو بڵێ کە ئێمە بە هۆی ؛گەندەڵی ناوخۆیی،گەندەڵیی بواری نەوت،گەندەڵی لە داهاتە نەوتی و نانەوتیەکان پاشان بەهۆی برینی بودجەشەوە کەوتوینەتە ژێر باری قەرزەوە.

بە دیدی من برینی بودجە هۆکاری سەرەکی نیە،هۆکاری سەرەکی سیاسەتی نەوتی هەرێمە ،یەکێک لە هۆکارە لاوەکیەکان کە کاردانەوەی سیاسەتی نەوتی هەرێم بو برینی بودجەیە.

هێشتا لە قۆناغێکین ترس لە ئیعترافیی تەواوەتی هەیە بە هۆکاری کێشەکان کەچی هەن ئومێدی گەورەیان بەچاکسازی هەیە.

ئاخر تا كێشەکان،سەرچاوەی شکستەکان تشخیص و دیاری نەکرێ چۆن دەتوانرێ چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە ؟!

کورد قسەیەکی جوانی هەیە دەڵی مانگە شەو سەر لە ئێوارە دیارە،سەرەتایەک بە پینەوپەڕۆ دەست پێ بکا،پێم وانیە ئایندەی زۆر گەش بێ، ئیشەڵا من هەڵەبم و ئەم کابینەیە بتوانێ چاکسازی گەورە بکا!



PM:04:01:10/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی