نەوشیروان مستەفا، چارەسەرە

‌هوشیار عه‌بدوڵا

گونجایشی جەلالی خەیاڵی ئەوم لە دڵ
جێبونەوەی سەمایە لەیەک دانە کونجوودا.. (مەحوی)

تۆ؛ هەمو ژیانت..
هەمو هیوا و تێکۆشانت بۆ دونیایەکی جوانتر بوو..
هەمو خەبات و هەوڵت بۆ نیشتیمانێکی ئاوەدان و
هاونیشتیمانیەکی سەربەز و ئاسودە بوو ..

کەچی؛

دو ساڵە لێرە نیت، تەنها دو ساڵ
ئێرە پڕ پڕ بوە لە ناشرین و ناشرینی لە بەد و بەدکار، نیشتیمان لە هەمو کات زیاتر روەو تاریکی و خەڵکەکەشی لە هەمو کات زیاتر بێ ئومێدن لە سیاسەت و لە گۆڕانکاری.

لە دوایی تۆ بە خێرایی هەمو شتێ رەو دزێوی رۆشت..
یەک ریز هەڵەی کوشندەیی نیشتیمانیی وەک مۆتەکە دابارینە سەر هەرێم و خەڵک و خاکەکەی، ئەم دو ساڵە دەریخست تۆ چ تەیمان و سوپەرێک بویت بۆ رێگری لە هەڵەی گەورە و ستراتیژی.

بەڵام خۆت گوتەنی ((لە هیچ دۆخێکا نابێت خەڵک بێ ئومێد بێت))، یادی تۆ، فکری تۆ، هەمیشە بۆ زیندو راگرتنی ئومێدە، دیمەنەکە چەند ئاڵۆز بێت نابێ بێهیوایی جێگەی هیوا بگرێتەوە، ئەوە بەشێکە لەو سەرمایە رەمزیە گەورەیەی فکری تۆ کە بۆ هاونیشتیمانیانت جێهێشتوە، تۆ وەک ئەندازیاری ئومێد قەت بێئومێد نەبویت و دەبێت ئێمەش هەروابین.

بۆ چارەسەری دۆخیی گشتی نیشتیمان..
بۆ گێرانەوەی ئەخلاق بۆ سیاسەت و حوکمڕانی..
بۆ گێرانەوەی پەیوەندی تەندروستی نێوان (گۆڕان)و (یەکێتی) وەک زەرورەتێکی گرنگی حوکمرانی و ئاوەدانی..

بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی (پەرلەمان و دادوەری و حکومەت) .
بۆ دەستگرتن بە یەکریزی نیشتیمانی راستەقینەوە لەنێوان تێکرای هێزەکاندا..
بۆ ناوخۆی دژواری ئێستای گۆڕان و چارەسەری کێشەکانی؛

تەنها؛
فکر و بەرنامە و تێگەیشتنەکانی نەوشیروان مستەفا،چارەسەرە.
کە بە دەنگ و رەنگ و نوسین و وتار و کتێب زیندون و لە ناوماندان هەمو دەتوانین لێیانەوە بەهرەمەند بین.

بۆ گریەیی تۆ رەنگە منیش هێندە بگرێیم
گەوهەر بڕژێنین بە بوڵندی قەد و باڵات

لاکین ئەمە دونیایە، گەهێ سوورە، گەهێ شین
((لا یسأل من عاش، و من مات، و من فات )) (نالی)

هۆشیار عەبدوڵا
۱۷ی ئایاری ۲٠۱۹


PM:08:02:17/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 2168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی