نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری بەخشینی ئومێدە نەک نا ئومێدی

‌هوشیار عه‌بدوڵا

دامنابوو زۆر پێویست نەبێت ئیدی باسیی نەوشیرون مستەفا نەکەم،چونکە خەریکە بێتام دەبێت، بەتایبەت کە کاکە نەوە رێگاکەی ڕون و بەرنامەکەی دیار و دۆستەکانی ئاشکران بەڵام بە راستی نەیارەکانی چەندین رەنگ و دەمامکیان هەیە و هەندێک جار ناچار دەبیت قسە بکەیت وەک ئەوەی ئێستا گرتەیەکی ڤیدێۆیی وروژاندویەتی؛

یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی وازهێنان و بێئومێد بونی کاک نەوشیروان لە یەکێتی بریتی بو لە تێکچونی باڵانصی هێز لە کوردستاندا لە بەرژەوەندی پارتی،لە دەیان مەجلیس و لە بەرنامەی روبەروشدا ئەو مەترسی و نیگەرانیەی خۆی باسکردوە.

ئەو گرتە ڤیدێۆییە کە بە تەواوی دژی تۆمارکردن و دزەپێکردن و بڵاوکردنەوەیم ڕونە کە باسیی یەکێتیە نەک گۆڕان.

گۆڕان تا وەفاتی کاک نەوشیروانیش لە ململانێیەکی تونددا بو لەگەڵ پارتی و ئەو کاتە بو کە گەرمەی ئیتیفاقی نێوان گۆڕان و یەکێتی بو و پرۆپارتیەکانی ناو یەکێتی کێشەی گەورەیان دەنایەوە،قسەی بارزانیان بە ئایەتی قورئان دەزانی،تا گەیشتە جیاکردنەوەی باڵی ناوەند وەک یەکەم هەوڵی شکستخواردوی بەرهەم سالح و هاورێکانی،ئەو قسانەی هی ئەو کاتەن کە بە هۆی ناکۆکی نێوان باڵەکان و قسەگوتنیان بە یەکتری بە ئاشکرا لە رۆژنامەکانەوە تەنانەت تۆمەتبار کردنی یەکتری بەوەی بونەتە هۆی برینی موچەی خەلکی هەرێم و زۆر شتی تر.

بۆ مێژوش با ئەوە بڵێم؛کاک نەوشیروان لەگەڵ کەشف بونی نەخۆشیەکەی لەئەڵمانیا دەیزانی ئەوپەڕی دو ساڵی تر ئەژیت و نامێنێ،لەو ماوەیەدا هەوڵیدا بە ئیتیفاق لەگەڵ یەکێتی باڵانصێک دروستبکاتەوە هەرچەند بە گومان بو لە سەرکەوتنی بۆیەشە وتی عبرەت لە جێبەجێکردندایە،و بەر لە وەفاتیشی لە گەرانەوەی دواجاریدا بۆ لەندەن بە تەواوی بێ ئومێدبو لەو ئیتیفاقە و لە ڤیدێۆکەشدا دەڵێت کە ئەویش بێ ئومێد بووە،مەبەستی ئەو ئیتفاقە و ناوخۆی یەکێتیە.

کاک نەوشیروان دەیزانی ناوخۆی گۆڕان گۆڕانکاری دەوێت و ئەوەی نەشاردۆتەوە هەر بۆیە وەصیەتێکیشی جێهێشت جیا لەوەی ئێمە نامەی بڵاونەکراوەمان لایە کە ئاراستەی چەندین هەڵسوڕاوی کردوە و باسی زەورەتی هەندێک گۆڕانکاری دەکات لەناوخۆی گۆڕاندا، بەڵام تا خۆی لە ژیاندا بو بریاری گۆڕان لە دەستخۆیدا بو بۆیە ئەو قسەیە پوچە کاک نەوشیروان پێی وابوبێت بەهۆی ناوخۆی گۆڕانەوە لەسەردەمیی خۆیدا پارتی زاڵ بوە ئەمە لە نوکتەیەکی بێتام زیاتر نیە،کەسێک مەگەر خۆی نەزان و نەبان بکا ئەگەر نا دەزانێ مەبەستی یەکێتی و باڵبالێن و شەرەجوێنەکانیان بوو.

ئامانجی کاک نەوشیروان لە دروستبونی باڵانص بالانصیكی حزبی نەبو هێندەی بەدوای جۆرێک لە  باڵانص و عەدالەتی جوگرافیی و عەدالەتی ئیجتیماعیی و لەبەرچاوگرتنی رای راستەقیەنەی خەڵک بۆ جۆری سیستمی سیاسیی لە کوردستاندا بە جۆرێک دور بێت لە سەپاندنی لە لایەن تاکە حزب و تاکە بنەمالەیەکەوە.

لە دوای خۆی نەک هەر نەیارەکانی بەڵکو بە ناو ئەوانەی دۆستی کاک نەوشیروانیشن خەڵکیان لە هەڵبژاردن و گۆڕان ساردکردەوە، حەملەیەکی بێ پاساوی ئەجێندا بۆ دارێژراویان کردە سەر گردی زەرگەتە و خودی نەوشیروان مستەفاش، هەبون بە بێ ئاگایی و هەبون بە ئاگاوە دژی گۆڕان ژەهراویکران بە حەملەی دەزگا جاسوسیەکان،حەملەیان بۆ بایکۆت کرد، وتیان دەنگ مەدەن بە گۆڕان بەوە پارتیان خەنی کرد،هێندەی تر باڵانصەکەیان لار کرد و ئێستا ئیدی ئەرکی هەموان قورسترە بۆ راستکردنەوەی.

 بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی نەوشیروان مستەفا و ئاوکردنە ئاشیی نەیارانی گۆڕان و سەنگەر گرتن لە گۆڕان خەریکە دەبێتە مۆدێلێکی بێ دەمامک، پێشتر لە پەنای ئەوەوە و بە دەمامکەوە پەلاماری گۆڕان ئەدرا ئێستا ئاشکرا قسەی ئەو بۆ بێ ئومێدکردن بەکار دەهێنرێت،ئەمەش هەولێکی پوچە و تێدەپەرێت چونکە لە بەرنامەی روبەرودا کاک نەوشیروان بە رونی داوا لە خەڵک دەکات کە هەرگیز بێ ئومێد نەبن.

گۆڕان هێزیکە پێویستی بە گۆڕانکاری و چاکسازی ڕیشەییە،پێویستی بە هەڵبژاردنی ناوخۆییە،پێویستیی بە ئاشتەوایی گشتی و باوەشکردنەوەیە بە یەکدا لە پێناوی بەرنامەکەی گۆڕان کە هەتا ئێستا پتەوترین بەرنامەیە بۆ چاکسازی و بۆ ئەوەش هەڵە و کەموکوڕی هەیە و کەس نکولی لێ ناکا و ماوەیەکی تریش بیست و پێنجی حەوتە و دو ساڵی رێکخەری گشتی و خانە تەواو دەبێت و دەبێ هەڵبژاردن بکرێت و نوێبونەوە روبدات ، من پێم وایە گۆڕان کەس کەسی نابێ لێ زیاد بێت ، هەمو بۆ گۆڕان زەرورەتن ، دەبێ بشڵێم کە گۆڕان بێ گۆڕانکاری لە ئەدائو سەرکردیەتی و ئیعلامەکەیدا ناتوانێ بەردەوام بێت بەڵام (بەڵام بەڵام) ئەگەر هەبن پێیان وابێت (کە پێم وایە هەن) بە نەفەسێکی تەکەتولاوی ئەم گۆڕانەی ئێستا وێران دەکەن و لە سەر پەردوی داروخاو گۆڕان هەڵدەستێننەوە هەڵەن و تاوان دەکەن بەرامبەر مێژوی خۆیان و گۆڕان ، ساحەکەش هێندەی تر بۆ نەیارانی گۆڕانکاری و چاکسازی چۆڵدەکەن.

دەزانم دوای ئەم وتارە سەلەنوێ لافاوێک جنێو و تۆمەتی سەیر و سەمەرە روبەروم دەبێتەوە بەڵام منێک دە ساڵە لەتەخوین و جنێو و هەڕەشەی نەیارانی گۆڕان نەترسا بم،باکێکم بە قسەکانی ئەوانەش نیە کە بەحساب هاورێگای گۆڕانخوازیمانن و بێئومێد نیم لەوەی جاری تر دەست لەناو دەست تێهەڵبچینەوە ، هەرچەندە شاعیر گوتەنی؛(وظلـم ژوی القربـی‌ أشــدُّ مضـاضـه‌ علی‌ المر‌و من وقع الحسام المهند).


AM:10:22:10/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 2652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی