ژیانی خەڵک و بەس!

‌هوشیار عه‌بدوڵا

دۆخی هەرێم چیتر هی ئەوە نیە پارتی و هاوسەنگەرانی خۆیان بە هەنگاوی بە ناو چاکسازییەوە سەرقاڵ بکەن کە دەستبردنە بۆ کەمکردنەوە و بە نیوەکردنی موچەیەکی نەبوو.

ئەوە نەک چاکسازی نیە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، نەک جێگەی دەستخۆشی نین بەڵکو هەنگاوی شەرمهێنەرن بۆ ئەنجامدەرانی.

ڕون و ڕاشکاو دەڵێم ئەولەویەتی ئێمە ئێستا چیتر ئەوەنیە پارتی دۆخی سیاسی حکومەت و پەرلەمان وەک پێش 12 ئۆکتۆبەر لێدەکاتەوە یان نا..ئەسڵەن لامان گرنگ نیە ئەو باسە، ئەوەی گرنگە یەک مەسەلەیە بە دوو هەنگاو؛

مەسەلەکە ((چاککردن و مشورخواردن و کۆتایی هێنانە بە کێشەی موچە و دۆخی ناجۆری دارایی خەلک))..

ئەوەش لە رێگای:
یەک: هێنانەوە و ئاشکراکردنی پارەی کۆمپانیاکانی حیزب و پارەی بەرپرسانی حیزبە دەسەلاتدارەکانی هەرێم کە بەرپرسە باڵاکانی ئەو حیزبانە خۆیان باسی دەکەن و دانی پێدا دەنێن، کاتیەتی بە هەر  رێگاو فشارێکی نێودەولەتی و قانونی و جەماوەری بێت ئەو پارانە بگەرێنرێنەوە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان.

دوو: ئیدی بە ناوی موزایەدەی نەتەوەیی و سەربەخۆیی ئابوریەوە بەتاڵانبردنی نەوت بەسە و کاتیەتی لەگەل بەغداد بگەینە ئەنجامێک و سود لەوە ببینن کە هەرچۆنێک بێت ئەوان لە رێگەی قەرز یان هەنگاوی ترەوە بێت دەتوانن ئیدارەی ئەم قۆناغە بکەن.

گرنگە لایەنی سێهەم لە نێوان هەولێرو بەغداد حەکەم بن، با ئەوەش رۆشن بێت کە ئەمریکا و یوئێن بە راشکاوی بە حیزبە کوردیەکانیان وتوە  کە لەگەڵ بەغداد دەبێت رێکبکەون، بۆ ئەوەش خۆشبەختانە قانونی موازەنەی 2016 لەبەردەستدایە کە دەبێ هەردولا ئیلتیزامی پێوە بکەن و ئەو یاسایەش بە دڵی هەمو نوینەرانی کورد و کوتلە سیاسیەکانی تریش بوە.

ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت  بە سەربەخۆیی ئیرادەیەکی زیندوە و هەردەمێنیتەوە بەڵام دەبێت پێش هەمو شتێک لە دەستی نائەمین قوتار بکرێت.

فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت دەبێت بۆ خزمەتی خەلکی کوردستان بێت نەک دەستەوتاقمێک و بەس.

وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، راشکاوانە کار بۆ ئەوە دەکەین و لەلایەکەوە هەموو رێگایەکی یاسایی و مەدەنی دەگرینە بەر بۆ هێنانەوەی پارەی بە تاڵانبراوی خەڵک، لە لایەکی تریشەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی یاسای موازەنەی 2016 کە هەموو فراکسێۆنە کوردیەکان دەنگیان بۆداوە جێبەجێبکرێت.

لە هەرێمێکا کە موچە و ژیان نەما ، کە مەترسی هەبوو لە سەر ئاشتی کۆمەلایەتی دەبێت هەرچی بایەخی سیاسی هەیە بۆ باشکردنی ژیانی خەڵک بێت نەک باشکردنی روکەشانەی پەیوەندی نێوان حیزبەکان.

بەڵێ ئاغایان ئەولەویەت ئێستا ئیدی ژیانی خەڵکە، نەک حکومەت و پەرلەمان.


AM:08:56:30/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 5109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی