‌حکومەتی هەرێم نایەوێت تێبگات
PM:06:03:12/01/2019
هوشیار عه‌بدوڵا


لە ئێستادا گەورەترین ئەرک کامەیە؟!
تکایە بزانن کێیە دەیەوێت دۆخی خراپی موچە بەردەوام بێت؟!
کێن ئەوانەی دەیانەوێت تاڵانی نەوت بەردەوام بێت؟!
ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە لەبری خۆسەرقاڵکردنی حکومەتی هەرێم بە موازەنەی عێراقەوە خۆی موازەنە بۆ حکومەتی هەرێم ساڵی (2019) ئامادە بکات؟!

ئێمە لێرە لە بەغدا هەر کارێک بکەین لە موازەنەدا ئەگەر لە هەرێم هاوکار نەبن، تێنەگەن، نەیانەوێت ئیلتیزام بکەن، ریسەکەمان دەبێتەوە بە خوری بەتایبەت لە پەیوەست بە نەوت و موچە، بۆیە ناچارم راشکاوانە رو بە حکومەتی هەرێم بدوێم.

ئەوانەی دەڵێن هەرێم نەوت بنێرێ یان نەنێرێ ئەوا بەغدا موچە دەنێرێت و کراوە بە یاسا، جیا لەوەی قسەیەکی نادروستە، موجازەفەیەکی گەورەش بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەکەن
ئەوانەی دەیانەوێت لە ئێستاوە بڵێن، هەرێم نەوت بنێرێ یان نەنێرێ ئەوا بەغداد موچە دەنێرێت و ئەوەش کراوە بە یاسا، جیا لەوەی قسەیەکی نادروست دەکەن، موجازەفەیەکی گەورەش بە موچەو ژیانی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەکەن تەنها بۆ ئەوەی نەوت نەدرێتە سۆمۆ و بە ناشەفافی وەک خۆی لە بەرژەوەندی چەند گروپێکی حیزبیدا بمێنێتەوە.

مەسەلەی ئەوەی موچە بێ ناردنی نەوت یەکلابۆتەوە ناڕاستە، چونکە هێشتا موازەنە رەشنوسە و نەکراوە بە یاسا و ماددەی دە، دوەم، برگەی (ج) ئاسان نیە تێپەڕبونی و تا تێنەپەرێت و دەنگی لەسەر نەدرێت ناکرێ خەڵکی پێ بخەڵەتێنرێت.

مەلەفی نەوتی هەرێم و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم مەلەفێکی پێکەوە گرێدراون و جیا نین
مەلەفی نەوتی هەرێم و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم مەلەفێکی پێکەوە گرێدراون و جیا نین، ئەوانەی دەیانەوێت جیای بکەنەوە هەوڵ ئەدەن ئەو مەلەفە پینە بکەن، لە کاتێکا مەلەفی نەوتی هەرێم پێویستی بە چارەسەر و حەسمکردنە نەک پینە و پەڕۆ!

ئەوانەی دەیانەوێت یا شەڕی ئەوە دەکەن هەرێم نەوتەکە نەداتە بەغدا و لەدەستی چەند گروپێکدا بمێنێتەوە، نازانن چ موجازەفەیەک بە ژیان و موچەی خەڵکەوە دەکەن.

ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزی حکومەتی هەرێم دەزانن با هانیبدەن بۆ ساڵی (2019)یاسای موازەنە ئامادە بکات، رونە کە یاسای موازەنە کۆمەڵێک ژمارەی تەخمینیە بۆ ساڵێکی دارایی، هەرێم چەندین ساڵە خۆی لە ئامادەکردنی موازنە ئەدزێتەوە، لە کاتێکدا گرنگە بۆ داهاتە نەوتی و نانەوتیەکانی هەرێم بێ ئەوەی بەغداش بە یاسا داهاتەکان دابەش بکات، ئەگەر باسی حوکمڕانی دروست دەکەن ئەوە حکومەت بۆ سیاسەتی دارایی پێویستی بە پلان هەیەو ئەو پلانەش دەبێت لە یاسای موازەنەدا بەرجەستە بێت، گەندەڵیی و فەزیحەیەکی گەورەیە کە حکومەتی هەرێم بێ یاسای موازەنە بمێنیتەوە، دەبو تێکڕای فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان فشار بکەن بەو ئاراستەیەدا، عەبادی سور دەیزانی نامێنێتەوە و دەڕوات و عەبدولمەهدی دێت، بەڵام پێش رۆشتنی موازەنەی (2019)ی ناردە پەرلەمان!

گومانم نیە لەوەی لەسەدا نەوەد زیاتری موچە خۆرانی هەرێم لەگەڵ ئەوەدان هەرێم نەوت بداتە سۆمۆ و دژی ئەوەن چەند کەس و گروپێک داهاتی نەوتی هەرێم بۆ خۆیان بەرن و باجەکەشی ئەوە بێت فەرمانبەر و خانەنشین و پێشمەرگە و کەس و کاری شەهیدان بێ پارە بن.

مانەوەی مەلەفی نەوت بەم جۆرەی ئێستا وێرانبونی ئێستا و ئایندەی هەرێم و خەڵکەکەی تێدایە
لەو سۆنگەیەوە کە دڵنیام لەوەی مانەوەی مەلەفی نەوت بەم جۆرەی ئێستا وێرانبونی ئێستا و ئایندەی هەرێم و خەڵکەکەی تێدایە و دژی بەرژەوەندی هاوڵاتیانە دژی ئەبم بە هەمو توانامەوە.

گەورەترین ئەرکی ئینسانیی، نیشتیمانیی، دینیی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئەخلاقیی بەرامبەر خەڵک و خاکی کوردستان بریتیە لە روبەروبونەوەی ناشەفافیەت لە داهاتی نەوتی هەرێم و داهاتی باج و رسوماتی هەرێم و ئەو تاڵان و بڕۆیەی تیایدا دەکرێت.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.