بيَلایەنی باشترین بژاردەیە و تورکیاش فریشتە نییە

‌هوشیار عه‌بدوڵا

ئەملاولای پێناوێت هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ دۆستی کورد نییە و لەم دۆخەشدا ژیرانەترین هەڵوێست ئەوەیە هەتا بتوانین بە یەک دووری لە بەرە جیاکانەوە بوەستین، نە تاران دەرمانی دەردی کوردە و نە ئەنقەرە ئەو فریشتەیەیە هەموو ڕۆژێ خۆمان فڕێدەینە باوەشییەوە.

هیچ کام لە تەحالوف و زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە فریادڕەس نین ئەگەر کورد خۆی یاریەکە باش نەکات، بەڵام کارەساتی هەرە گەورە ئەوەیە یاریت پێ بکەن و یەکلا بووبییتەوە بەسەر لایەکدا وەک ئەوەی پارتی کردویەتی لەگەڵ بەرەی تورکیادا.

نامەوێت ئەم وشانە درێژ بکەمەوە بەس هەندێ دەنگ دەبیستم کە گوایە بەرەی تورکیا بەرەی خۆشگوزەرانی و دیموکراسییە، ئەوە نەک فریوخواردنە، بەڵکو جۆرێکە لە خۆفریودانیش، چونکە ڕوونە تورکیا یەکێکە لە نەیارە سەرسەختەکانی مافی کورد هەم لە باکووری کوردستان و هەم لە باشوور و هەم لە خۆرئاوای کوردستان.

باسی ئاستی سیاسی ناکەم کە دیارە تورکیا لە مێژووی دور و نزیکدا چی کردووە بە رامبەر کورد، ئاستی ئابووری و وزەش لێگەڕێ کە چۆن تەهریب و تاڵانی وزەی کوردی کردووە، تەنها باسی ئاستی فەرهەنگی و لە ناو فەرهەنگیشدا دراما تورکییەکانی دژی کورد دەکەم کە چۆن تورکیا هەوڵیداوە گەورەترین ئیرهابی فکری و فەرهەنگی بەرامبەر کورد بکات ...

یەکیک بە وردی موتابەعەی تەنها دوو درامای تورکی بکات (الارض الطيبة ) و ( وادي الذئاب) تێدەگات کە ئەو خۆشخەیاڵانەی بە پێشوازییەکی گەرم لە بارزانی تورکیایان لێ بووەتە فریشتە بۆ کورد چ ئیرهابێكیان دژی کورد کردووە و چۆن کوردیان وەک دڕندە و ناپاک و هەموو سیفەتێکی ناشرین نیشان داوە.

ئەو درامایانە بۆ زمانی عەرەبی و چەند زمانیکی تر تەرجەمە کراون بۆ ئەوەی لە هەموو ناوچەکە وێنەی کورد بشێوێنن. پێموایە هیچ دەوڵەتێکی تری ناوچەکە دەستی بۆ ئەو جۆرە لە ئیرهابە نەبردووە کە هەوڵی بەرهەمهێنانی ڕقە بەرامبەر کورد نەک تەنها لە لایەن تورکەوە، بەڵکو هاندانی گەلانی ناوچەکەشە دژی کورد، بەمەش تورکیا لە هەموو دەوڵەتە نەیارەکانی تری کوردان جیا دەکرێتەوە کە پەیامی دژایەتیی نەتەوەی کورد و ناشرینکردنی لە ناوچەکەدا وەک بەرنامەیەکی پلان بۆ دانراو پەیرەو کردووە.

ئەوانەی پێیانوایە بەراورد بە عەقڵەیەتەکانی پێشووی دەوڵەتی تورکیا دادوگەشەپێدان باشترە بۆ کورد، ئەمە زۆر کەس لە بارزانییەوە بۆ ئاستی تری هەندێ لایەنی سیاسی و چەندین ڕۆژنامەنوسی کورد وتویانە، ئەم بۆچوونە چاو لە ڕاستییەک دەپۆشێ کە چیتر لە ناوچەکە ناتوانرێت وەک سەردەمەکانی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ مافی گەلان بکرێت پاشان ئەوە فشاری خەباتی کوردانی باکوورە کە وا دەکات بەشێکی زۆری ئەو مافانە بسەندرێت هەڵبەتە جیا لەوە لە سەرەتادا وەک تاکتیک ئەکەپە پێی وابوو بە هەنگوین دەتوانێ کورد بخنکێنێ کاتێک لە دوا هەڵبژرادنا کورد قسەی خۆیکرد لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژرادنەکەدا هەموان گۆڕینی زمانی هەنگوینمان بینی بە قامچی و زیندان و گولـلە.

پارتی هەڵەی گەورەی مێژوویی دەکات بەو یەکلابوونەوەیەی بۆ تورکیا و زیان لە دۆزی کورد دەدات، نابێ لایەنەکانی تر هەمان هەڵە بکەن و بۆ بەرەیەکی تر یەکلا ببنەوە، بەڵکو دەبێت وەک چۆن پەیەدە لە کانتۆنەکانی خۆرئاوای کوردستان زۆر سەرکەوتوانە پەیوەندیی لەگەڵ تەحالوفە جیاکاندا و هەمو لایەک ڕاگرتوە و تاڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتو بووە بە هەمان ئالیەت کار بکرێت.


AM:10:27:16/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 5027 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی