دیشلەمە خواردنەوە لەگەڵ پارتیدا!

‌هوشیار عه‌بدوڵا


لە سەرەتای مانگی چواری ساڵی ٢٠١٤ و ئەو کاتەی پارتی لە گەرمەی حەملەی ئینتیخاباتی پەرلەمانی عێراق و پارێزگاکان داوای کرد لەگەڵ گۆڕاندا ڕێککەوتنی دروستکردنی حکومەت واژۆ بکەن و کۆببنەوە، من وتارێکم نووسی کە ئێستا کاتی فەزحکردنی پارتییە نەک دیشلەمە خواردنەوە لەگەڵ پارتیدا.

بەندە لەوانە بووم دژی بەشداری و ئیتیفاق بووم بەم شێوەیە لەگەڵ پارتی و بە هۆی کاندیدبوونیشمەوە ڕێگەم پێنەدرا کە بەشداریی ئەو کۆبوونەوەی جڤات بم کە بڕیاری کۆبوونەوە و ئیتیفاقی لەگەڵ پارتی تێدا درا. شەوێک پێش کۆبوونەوەکەی جڤات ئەو وتارەم نووسی، بەشێک لە دۆستانم وەک حەملەی ئینتیخاباتیان ئەژمار کردبوو. ئەوە بوو پاش نزیکەی ۱٠ ڕۆژێک ئیتیفاقەکە کرا و یەکێتیش زۆر باش قۆستییەوە بۆ حەملەکەی دژی گۆڕان .

ئەوکاتە وتم کاتی دیشلمە خواردنەوە نییە لەگەڵ پارتیدا و ئێستاش کە خەریکە دەنگوباسی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دێتەوە ئارا بێ ئەوەی پارتی لە هەڵەکانی پەشیمان بووبێتەوە و دۆخەکەی ئاسایی کردبێتەوە هێشتا هەمان قەناعەتم هەیە و پێم وایە گۆڕان هەڵەیەکی گەورە دەکات لەگەڵ پارتیدا کۆببێتەوە وەک وتم بێ ئەوەی پارتی دەستبەرداری داگیرکردنی پەرلەمان و حکومەت بووبێت .

بەڵی کاتی دیشلەمە خواردنەوە نییە بەڵکو کاتی ئەوەیە بە پارتی بوترێت دەست لە سیاسەتە هەڵەکانت هەڵ بگرە، گەلی کوردستان بە یەکلابوونەوەت بۆ باوەشی ئەم بەرە و ئەم وڵاتە مەدە بە دەست چارەنووسێكی نادیار، کاتی ئەوەیە بە پارتی بوترێت با چیتر سەرۆکی هەرێم ناشەرعی و پەرلەمان داگیرکراو و حکومەت زەلیلی دەستی مەکتەبی سیاسیی پارتی نەبێت، هەرکات پارتی دەستبەرداری ئەوەبوو دەکرێت لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسی و بەدیلێک بۆ بارزانی و شەفافیەتی نەوت گفتوگۆی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام تا ئەوکاتە نەک دیشلەمە خواردنەوە، جوابدانەوەشیان بۆ کۆبوونەوە بە هەڵەی گەورە دەزانم .


PM:10:41:07/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 5321 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی