پەیکەرەکە کەوت، کاتى جەنگەکە هاتووە

‌ڕێبوار عەبدولڕەحمان

لەسەدەى بیستەوە تائێستا، سوپاى ئەمریکا لەهیچ جەنگێکدا سەرکەوتوو نەبووە کە بەتەنها ئەنجامى دابێت، هەمیشە لەو جەنگانەدا براوە بووە، کە هاوپەیمانێتى دروست کردووە، جا ئەو هاوپەیمانێتیە لەگەڵ سوپاى وڵاتانى تردا بووبێت، یان لەگەڵ میلیشیاو هێزى چەکدارى نا نیزامى تردا، بۆ نموونە، لەجەنگى ڤێتنامدا ئەمریکا بەتەنها بوو، دواجار لەجەنگەکەدا سەرنەکەوت و مەیدانەکەى لەبەردەم شۆڕشگێرانى ڤێتنامدا چۆڵ کرد، لەکۆریاش نەیتوانى هەردوو بەشى کۆریا لەیەک بداتەوەو دواجار لەو سنوورەدا ئاگربەستى قبوڵ کرد کە ئێستا سنوورى نێوان هەردوو کۆریاى باشوورو باکورە، لەلوبنانیش بەهەمان شێوە پاشەکشەى کرد، لەسۆماڵیش هەر شکستى هێناو لەبەرامبەر چەکدارە برسى و نەدارەکانى محەمەد فەرەح عەیدیددا پاشەکشەى کردو وڵاتەکەى جێهێشت، تاڕادەیەک لەعێراقیش، پاش تێکشکانى هێزەکانى سەحوەى سەر بە سووننە مەزهەبەکان، هەمان ئەزموونى هەبوو، لەساڵى ٢٠١١ عێراقى بۆ هەژموونى یەکجارەکى ئێران جێهێشت.

لەگەڵ دەستپێکردنى جەنگى ناوخۆى سوریادا، ئەمریکا وەک زلهێزێکى جیهان، بەدواى پێگەو هێزێکى تایبەت بەخۆیدا گەڕا لەو وڵاتەى کە ساڵانێکى دورو درێژە هەوڵى دروستکردنى پێگە دەدات تیایدا، سەرەتا بە نێوەندگیرى تورکیا، بەرنامەیەکى دانا بۆ مەشق پێکردن و پارەپێدان و پڕچەککردنى گروپەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا، بەڵام ئەم بەرنامەیە پاش چوونى بەشى هەرە زۆرى چەکدارەکانى ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانە بە پارەو چەک و مەشقى ئەمریکاوە بۆ نێو داعش و چوونى بەشێکى تریان بۆ نێو گروپەکانى ترى وەک بەرەى نوسرەو سوپاى ئیسلام و بەکارهێنانى بەشەکەى تریشیان لەلایەن تورکیاوە، بەتەواوەتى هەرەسى هێناو ئەمریکاى لە خەونى
دروستکردنى پێگە لەسوریادا بێ ئومێد کرد، بەڵام جەنگى کۆبانێ و سەرکەوتنى کورد لەو جەنگەدا بەسەر داعش و سەرکەوتنى پێشتریان بەسەر بەرەى نوسرەو چەند گروپێکى ترى ئیسلامى توندڕەودا، وایکرد ئەمریکا بیرکردنەوەو پەیوەندى خۆى لەسوریادا بگۆڕێت و ئەو هێزە بدۆزێتەوە کە لەمێژە بەدوایدا دەگەڕێت تا لەسەر زەوى شام بیکاتە هاوپەیمانى خۆى و پێگەى خۆى تێدا قایم بکات، کوردەکان ئەو هێزە بوون، کە لەماوەیەکى کەمدا بوونە هاوپەیمانى ئەمریکاییەکان و بەو هۆیەوە ئەمریکا بووە خاوەن پێگەو هاوپەیمانێکى بەهێز لەسەر خاکى شام.

شەڕى کۆبانێ لەپاییزى ساڵى ٢٠١٤دا روویدا، تا ئەو کاتە کوردەکان لەسوریادا بێ پشت و بێ هاوپەیمان بوون، بەڵام دواى سەرکەوتنیان لەکۆبانێ، بوونە هاوپەیمانى ئەمریکا، لە ٢٠١٤وە تا ٢٠١٧، کوردەکان زیاتر لە ١ لەسەر ٣ى خاکى سوریایان خستە ژێر کۆنترۆڵى خۆیانەوە، هەڵبەت ئەوەش بەهاوکارى هێزى ئاسمانى ئەمریکاو ئەو چەک و تفاقەى کە پەنتاگۆن لەو ماوەیەدا پێشکەشى کوردەکانى کرد.

تا ساڵى ٢٠١١، کورد لەسوریا بەرگریان لە بەدەستهێنانى ناسنامەیەکى سورى دەکرد، بەڵام لەدواى ساڵى ٢٠١٧ەوە کورد لەسوریا حوکمڕانى ١ لەسەر ٣ى خاکى ئەو وڵاتەیەو هاوکات دووەم گەورەترین هێزى چەکدارە لەسوریادا پاش سوپاى سوریاى سەر بە بەشار ئەسەد، پێش ساڵى ٢٠١١ گەورەترین داواکارى کورد لەسوریادا دانپێدانانى وجودى بوو وەک نەتەوەیەک لەسوریادا، بەڵام لەئێستادا داواکاریی کورد فیدراڵیەتە لەچوارچێوەى سوریایەکى دیموکراتدا، پێش ساڵى ٢٠١١، کورد لەسوریادا تەنانەت دەسەڵاتى شارۆچکە بچوکە کوردییەکانى وەک (قامیشلۆو عەفرین و کۆبانێ و دێریک)یشى بەدەستەوە نەبوو، بەڵام لەئێستادا کورد حاکمى پلە یەکى (حەسەکە، رەققە، دێرلزۆر، تەل رەفعەت و مەنبەج)ە کە زۆرینەى هەریەکە لەو شارانە عەرەبن و کورد تیایاندا کەمینەیەو تەنانەت هەندێکیان بەتەواوەتى شارى عەرەبین، کەواتە کورد لەسوریا، لەماوەى کەمتر لەشەش ساڵدا، دەستکەوتى زۆر گەورەى بەدەستهێناوە، حوکمڕانى خۆى باش فراوان کردووەو توانیویەتى (قوڵاییەکى ستراتیژى) باش بۆ خۆى و حوکمڕانیەکەى دروست بکات.

لەناوەڕاستى ساڵى ٢٠١٧ەوە، بەبێ رێککەوتنى نووسراوو بەپێى ئەمرى واقع، ناوچەکانى نفوزى ئەمریکاو رووسیا لەسوریادا یەکلایى بوونەوە، تەواوى ئەو ناوچانەى لەژێر دەسەڵاتى کوردەکاندا بوون، بووە ناوچەى نفوزى ئەمریکاو ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى رژێمى ئەسەد و رووسیاو ئێران و حزبوڵڵاش بوونە ناوچەى نفوزى رووسیا، تورکیاش خەریکبوو بەبێ بەش و بێ پشک خۆى و گروپە ئیسلامییەکانى هاوپەیمانى لەهاوکێشەکە دەکرایە دەرەوە.

جیاکردنەوەى ناوچەکانى نفوزو بایەخپێدانى ئەمریکا بە هێزە کوردیەکان و هەڵپەکردنى ئەو هێزانە بۆ زوو گەیشتنە رەققە و دێرلزۆر پێش ئەوەى سوپاى سوریا بەهاوکارى رووسیا بگاتە ئەو شارانە لەداعش بسێنێتەوە، تورکیاى ناچار کرد، لەپێناو بەدەستهێنانى ئەو پشکەى کە ئەمریکا پێى نادات یان بەپشتگیریکردنى کوردەکان لەدەستى گروپە ئیسلامییەکانى هاوپەیمانیى دەردەهێنێت، بکەوێتە میحوەرى رووسیى ئێرانییەوەو بەرژەوەندى خۆى لەوێدا ببینێتەوەو ئومێد بەرووسیادا هەڵبواسێت بۆ بەدەستهێنانى پشکێک لەسوریادا، ئەم هەنگاوەش بە کشانەوەى داعش لە جەرابلوس و چوونى سوپاى تورکیا بۆ ئەو شارۆچکەیە بەبێ تەقە دەستى پێکرد، چونکە هێزەکانى سوریاى دیموکرات پاش ئازادکردنى مەنبەج و تەل رەفعەت، بەنیازى کشان بوون بەرەو جەرابلوس، کە بەمەش ئەمریکا بەجیاو کوردیش بەجیا ئامانجەکانى خۆیان دەپێکا، ئەمریکا لەڕێگەى هاوپەیمانەکەیەوە، دەبووە دراوسێیەکى بەهێزى ناوچەکانى نفوزى رووسیا لەحەلەب و کوردیش خەونى لێکدانەوەى هەموو کانتۆنەکانى دەهێنایە دى، بەڵام داگیرکردنى جەرابلوس لەلایەن تورکیاوەو کشانەوەى داعش بێ بەرگرى، ئەم پلانەى تێکدا.

جگە لەوەى عەفرین کانتۆنێکى دابڕاوە لەهەردوو کانتۆنەکەى ترى خۆبەڕێوەبەریى کورد، گەرچى بیانووى تورکیا بۆ پەلاماردانى دورخستنەوەى یەپەگەیە لەسنوورەکانى خۆى، بەڵام لەبنەڕەتدا پێدەچێت هۆکارى پەلاماردانى عەفرین لەسەرەتاوە بۆ دوو خاڵى سەرەکى بگەڕێتەوە:
١ـ گەر تورکیا یان هەر هێزێکى تر پەلامارى عەفرین بدات، ئەمریکا ناتوانێت لەسەر هاوپەیمانەکانى بێتە دەنگ و بەهێزى ئاسمانى یان زەمینى هاریکاریان بکات، چونکە عەفرین سەر بەحەلەبە و بەپێى جیاکردنەوەى ناوچەکانى نفوزیش حەلەب ناوچەى نفوزى رووسیە، کە هەر جۆرە هاریکارییەکى ئەمریکا بۆ هاوپەیمانەکانى لەو ناوچەیەدا رەنگە ببێتە مایەى پێکادان لەگەڵ روسیا، یان لانى کەم ئەمریکا ناتوانێت فڕۆکە جەنگیەکانى بەئاسمانى ئەو ناوچەیەدا بفڕێنێت. کەواتە تورکیا تاڕادەیەک دڵنیابوو لەوەى کە ئەگەر لەعەفرین پەلامارى یەپەگە بدات، لەبەر ئەوەى ناوچەکە ناوچەى نفوزى روسیایە، ئەوا ئەمریکا ناتوانێت بەدەنگ بێت، بەپێچەوانەوە کە ئەگەر سەرەتا پەلامارى مەنبەج و تەلرەفعەت بدات، رەنگە ئەمریکا بێتە دەنگ. جگە لەوەش بەبڕواى ئەنقەرە کەوتنى عەفرین گورزێکى کوشندە دەبێت بۆ یەپەگەو ئاسانکارى بۆ دەکات تا لەبەرامبەر بەرگریەکى ئاسانتردا بەرەو سنوورى عێراق بکشێت.
٢ـ رووسیا بەکشانەوەى هێزەکانى لەعەفرین و لەسەر سنوورى تورکیا، بەئاشکرا گڵۆپى سەوزى بۆ تورکیا هەڵکرد بەمەبەستى پەلاماردانى عەفرین، هەڵبەت رووسیا دەزانێت گرنگیى (مەنبەج و تەلرەفعەت) بۆ تورکیا لەرووى ستراتیژى و عەسکەریەوە چەندین هێندەى عەفرینە، بەڵام بە داگیرکردنى عەفرین، لەلایەک رووبەرەکانى حوکمڕانى و باڵادەستیى هاوپەیمانەکەى ئەمریکا لەناوچەکانى نفوزى خۆى (بەتایبەت حەلەب) دوور دەخاتەوەو لەلایەکى تریشەوە لەبەرامبەر نەهاتنە دەنگى ئەمریکا، متمانەى نێوان ئەمریکا و یەپەگە نامێنێت و رەنگە هاوپەیمانێتییەکەشیان بکەوێتە بەردەم هەرەس، بەوەش ئەمریکا لەسوریادا بەتەنیا دەمێنێتەوەو ناچارە وەک ئەزموونەکانى ڤێتنام و لوبنان و سۆماڵ، مەیدانى سوریاش بۆ رووسیاو ئێران و تورکیا جێبێڵێت، چونکە ئەمریکا بەو هێزە کەمەوە کە لەسوریا هەیەتى و بەبێ هاوپەیمانێکى سەر زەویى وەک یەپەگە، شتێکى ئەوتۆى بەرامبەر رووسیا لەسوریادا پێناکرێت.
روسیا، هەموو ئامانجێکى لەسوریاى ئێستادا بەتەنیا هێشتنەوەى ئەمریکایە، چونکە دڵنیایە لەوەى کە ئەمریکا گەر لەسەر گۆڕەپانى سوریادا بەتەنها و بێ هاوپەیمان بمێنێتەوە، مەحاڵە بتوانێت خۆى رابگرێت و ناوچەیەکى فراوانى وەک ئەوەى ئێستاى لەدەستدا بێت، کە لەلایەن شەڕڤانانى کوردى هاوپەیمانیەوە ئازادکراوە، باشترین کارتێکیش کە روسیا لەبەرامبەر ئەمریکادا بۆ تێکشاندنى بەکاریبێنێت، تورکیایە، کە تورکیا لەبنەڕەتدا دوژمنى سەرسەختى هاوپەیمانەکەى ئەمریکایە لەسوریا و پێشتر چاوەڕوانى گڵۆپى سەوزى یەکێک لە (ئەمریکا یان رووسیا) بوو بۆ ئەوەى هێرشەکانى بۆ سەر کورد دەست پێبکات و پشکێکى لەکێکى سوریا دەست بکەوێت کە خەریکبوو وردە وردە جەنگى ناوخۆى ئەو وڵاتە بەرەو چارەسەر دەچوو بەبێ ئەوەى تورکیا نەخۆى و نەگروپە چەکدارە ئیسلامیە توندڕەوەکانى هاوپەیمانیشى کە زۆربەى هەرە زۆریان لەلایەن رووسیا و ئێران و سوپاى ئەسەدەوە رەوانەى ئەودیو سنوورەکانى تورکیا کرابوونەوە، پێگەیەکى ئەوتۆى تێیدا هەبێ.

رەنگە لەبنەڕەتدا، پلانى پەلاماردانى عەفرین، لەمۆسکۆوە داڕێژرابێت، چونکە تورکیا بەرژەوەندى لەوەدا بوو سەرەتاى پەلامارەکانى لە مەنبەج و تەلرەفعەتەوە دەست پێبکات و بیانووى بۆ ئەوەش هەبوو، کە ئەو ناوچانە عەرەبین و کوردەکان داگیریان کردووە، بەڵام هێرشەکەى بۆ سەر عەفرین، جگە لەوەى شکۆى سوپاى تورکیاى لەکەدار کرد و رووبەڕووى ٥٨ رۆژ بەرگرى سەرسەختانە بۆوەو دواتریش یەپەگە خۆى لەسەنتەرى شارەکە کشایەوە، هیچى ئەوتۆى بۆ تورکیا تێدا نەبوو جگە لەزیانى ماددى و مەعنەوى نەبێت، بەڵام رووسیا سوودى زۆرى لێبینى، لەلایەک زۆنێکى گرنگى لەدەستى هاوپەیمانەکەى ئەمریکا دەرهێنا کە دەکەوتە ناوچەکانى نفوزى خۆیەوەو لەلایەکى تریشەوە غۆتەى رۆژهەڵاتى لەنزیک دیمەشق وەرگرتەوەو بەوەش هیچ مەترسییەکى لەسەر دیمەشق نەهێشت و هاوکات بەتەواوى سومعەى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى سوریاى لەبەردەم راى گشتى جیهانیدا شکاندو وێنەیەکى دڕندانە و مافیاگەرانەى نیشان دان.

لەتەواوى جیهاندا، کوردەکان دڵگەرمن بەرامبەر داگیرکردنى عەفرین لەلایەن تورکیاوە، لەڕاستیدا داگیرکردنى عەفرین لەلایەن تورکیاوە سوپرایز نەبوو، هێندەى بەرگرى و بەرگە گرتنى سەرسەختانەى یەپەگە بۆ ماوەى ٥٨ رۆژ سوپرایز بوو، چونکە بەرگریکردنى هێزێکى وەک یەپەگە لەجەنگێکى بەرەییداو بەرامبەر سوپایەکى زەبەلاح و بەهێزى وەک تورکیاو چەندین گروپى چەکدارى هاوپەیمانى، لەسەرەتاوە بەکارێکى نەکردەیى دەهاتە بەرچاو.

ئێستا کوردەکان ١لەسەر٣ى خاکى ئەو وڵاتەیان لەژێر دەستدایە کە بەشێکى زۆریان ناوچەى عەرەبین و بەشێکیشیان ناوچەى زۆر دەوڵەمەندن لەڕووى سامانى نەوت و کشتوکاڵەوە، چەندین بنکەى سەربازى و فڕۆکەخانەى گەورەى ئەمریکى لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى کوردەکاندا کراونەتەوە، کە هەموو ئەمانە ئاماژەى درێژەکێشان و ئاسوودەیى ئەمریکا دەردەخەن لەگەڵ هاوپەیمانەکەیان لەسوریا، ئەمەش ماناى ئەوەیە، کاتێک کوردەکان رازى دەبن بەهاوپەیمانێتى ئەمریکا و کردنەوەى بنکەى سەربازى و فڕۆکەخانە لەناوچەکانیاندا، کەواتە دەبێ ئامادەى بەرەنگاربوونەوەى سیاسیەتى روسیاش بن لەدژى خۆیان و ئەمریکاى هاوپەیمانیان.
راستگۆیى ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکەى، لەو حاڵەتەدا بەدیار دەکەوێت کە تورکیا مەنبەج بکاتە ئامانج، لەوێدا دەردەکەوێ ئاخۆ ئەمریکا بەدەستى خۆى، خۆى بەتەنیا دەهێڵێتەوە لەسوریادا یان لەسەر بەهێزکردنى پێگەى خۆى و بەرگریکردن لەهاوپەیمانەکەى بەردەوام دەبێ و جارێکى تر ئەزموونى شکستخواردوى وەک سۆماڵ و ڤێتنام دووبارە ناکاتەوە؟ گەرچى پێشتر ئەمریکا ئامادەنەبوو لەئازادکردنى رەققە و بەشێکى دێرلزۆر و زۆر ناوچەى تریش، تورکیا بکاتە هاوپەیمانى خۆى و تەنانەت سەردانى ئەردۆغان بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوەى لەگەڵ ترەمپیش نەیتوانى ئەمریکیەکان قایل بکات کە لەبەرى یەپەگە، لەشەڕەکانى رەققەدا پشت بەتورکیا ببەستن، تا کارەکە گەیشتە ئەوەى ئەردۆغان بڵێت (ئەمریکا لەنێوان ئێمەو ئەواندا، ئەوانى هەڵبژارد)، کە ئەمەش ئەوپەڕى بێ متمانەیى و بێ ئومێدى ئەمریکاى لەتورکیا پیشان دا.

لێدوانەکانى ئەم دواییەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و رەتکردنەوەى بوونى رێککەوتن لەگەڵ تورکیا لەسەر مەنبەج و ئاماژەدان بە کارى ئیعدامى بەکۆمەڵ و تاڵانکردنى ماڵ و موڵکى عەفرینیەکان و نیشاندانى نیگەرانى خۆیان لەو راپۆرتانە، ئاماژەى ئەوەن کە ئەمریکا جارێکى تر نایەوێت ئەزموونەکانى سۆماڵ و ڤێتنام و لوبنان دووبارە بکاتەوە، وەسفکردنى ئەو لێدوانەى وەزیرى دەرەوەى تورکیا کە وتى لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتنیان هەیە لەسەر مەنبەج بە (پێکەنیناوى)و رەوانەکردنى کاروانى ترى هێزو چەک لەهەرێمەوە بۆ رۆژئاوا، ئاماژەى ئەوەیە کە ئەمریکا رێگەنادات پلانەکەى رووسیا و ئێران بەبەکارهێنانى تورکیا بۆ بەتەنیا هێشتنەوەى ئەمریکا یان قەتیسکردنى لەجوگرافیایەکى دیاریکراوو دابڕاوداو پاشانیش ناچارکردنى بە بەجێهێشتنى سوریا سەربکەوێت و لەبەرامبەردا رەنگە شەڕ لەسەر مانەوەى خۆى بکات، کە بێگومان ئەگەرى هەیە ئەو شەڕەش بەشەڕى بەرگریکردن لەهاوپەیمانەکەى (یەپەگە) لەناوچەکانى ترى هاوسنورى تورکیا دەست پێبکات.

وادەردەکەوێت داگیرکردنى عەفرین و کەوتنى پەیکەرەکەى کاوەى ئاسنگەر لەو شارە، سەرەتاى دەستپێکردنى ئەو جەنگە بێت کە هەر دەبوو لەنێوان زلهێزەکانى سەر گۆڕەپانى سوریادا رووبدات، ئەمریکا بۆ پتەوترکردنى پێگەى خۆى و هاوپەیمانەکەىو مانەوەى لەسوریادا بەبەهێزى و رووسیاش بۆ بەتەنیا هێشتنەوەى ئەمریکاو پاشانیش ناچارکردنى بۆ ئەوەى گۆڕەپانى سوریا بۆ خۆى هاوپەیمانەکانى جێبهێڵێت، بۆیە پێدەچێت شەڕەکە نزیک بووبێتەوە، چونکە رووسیا پەناى بۆ بەکارهێنانى داردەستى تر برد کە تورکیایەو پێشتر هاوپەیمانى ئەمریکا بووە، لەهەموو حاڵەتێکیشدا، وێڕاى ئەوەى رووسیا لەسەر زەوى لەئاسمانیشدا حوکمى سوریا دەکات، بەڵام بڕوا وایە دواجار لەجەنگى لەگەڵ ئەمریکا (جا ئەگەر جەنگى سارد بێت یان گەرم)، رووسیا تووشى شکست دەبێت، چونکە لانى کەم رەنگە ئەوروپا و بەشێک لەوڵاتانى ترى ناوچەکە وەک (ئوردون و سعودیەو ئیمارات و میسر) بکەونە بەرەى ئەمریکاوە، کەئەگەر شتى لەو بابەتەش رووبدات، بێگومان لەهەموو ناوچەکەدا دەکەوێتە بەرژەوەندى کوردەوە، چ لەرۆژئاواو چ لەباشور.
  


AM:11:32:23/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 22345 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی