لە کوێوە بیگێڕمەوە؟!

‌ئازاد عوسمان


لەیەکەم تێستی پەخشەکەوە کە ئاسایش خۆی مەڵاس دابو بۆ داخستنی، یان تۆزێ کۆنتر و لە داکوتینی یەکەم بزماری فەرشی ستۆدیۆ لەلایەن (م. محەمەد سابیر) و (کۆڕەنگ جاسم)ەوە؟

لەو رۆژەی (جەزا) ٥٠ گەڵای ناردەوە بۆ کڕینی ئامێری پەخشەکەمان، یان ئەو رۆژەی لەیەکەم مانگی ھاوسەرگیریمان (ڤیان) ناچار بو بۆ کرێی بینای رادیۆ ئەنگوستیلەیەکی بفرۆشێ؟

لە کوێوە بیگێڕمەوە؟

لە رۆژە رەشەکەی ئادار کە بۆ دواجار (شاخەوان)مان تیا بینی کاتێک پێکەوە سکاڵامان بردە لای قایمقام پاش ئەوەی ئاسایش جارێکی تر لەو رۆژەدا بە «عەنتەری» رادیۆکەی پێداخستین، یاخود شەوە نەگریسەکەی دیسەمبەر کە لە کاتی روماڵی مەترسی لافاو لەسەر رزگاریی، ھەواڵی تیرۆرکردنی (کاوە)مان پێگەیشت؟

کامەتان بۆ بگێڕمەوە؟
باسکردنی تاڵانکردنی رادیۆ و ھەوڵدان بۆ سەربڕینی کۆرپە تاقانەکەی میدیای ئازاد لە گەرمیان، یان ئەو گشتە خەمخۆرەی نەیانھێشت رادیۆکە بکەوێ و ئەو رۆژە و وا (٩) ساڵە لە پشتمانن؟

چیتان بۆ باس بکەم؟
دەیان سەرسم و کەوتن، پاشان تێھەڵچونەوەو ھەستانەوە، یاخود سەدان رۆژ جاڕسبون لە خەلەل و کێشە تەکنیکیە دوانەھاتوەکان؟

رچان لە سەرمای زستان، یان شەڵاڵبون لە ئارەقی ھاوین؟

باسی کێتان بۆ بکەم؟
ئەو دەیان کچ و کوڕە ئازایەی کە دڵگەرمانە و خۆبەخشانە کاریان لە رادیۆکەدا کردوە، یان ئەو سەدان نەیارە ترسنۆکانەی زراویان لەم دەنگە ئازادە چوبو؟
ئەوانەی پیلانیان بۆ دادەناین، یان ئەوانەی پشتیوانی پلانەکانمان بون؟ ئەوانەی دڵسۆزانە رەخنەیان دەکردین، یاخود ئەو کینە لەدڵانەی خەونیان کەوتنمان بو و خۆشبەختانە نەیانبینی؟

قورسە (٩) ساڵ بگێڕمەوە کە ھەر رۆژەی زیاتر لە: (ئالەنگاریی، پێشھات، کێشە، خەم، بەرەوپێشەوەچون و ئاسودەییەک) روبەڕومان بوەتەوە! کەوایە با لە بری ئەوە، (٩) وشەتان بۆ دوپات بکەمەوە کە ئەوسا و ئێستاش بناغە و پاڵنەر و ھۆکاری کارکردنمانە لەم پرۆژەیەی ناوی (رادیۆی دەنگ)ە: «کارەکانمان ئەرکە نەک منەت، ملزەمین بە کارکرن بۆ ئازادیی».





PM:06:38:06/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 3188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی