بڕۆ دەنگ بدەو بڵێ بەڵێ ...!

‌ئازاد عوسمان


ئەگەر دوای ٢٦ ساڵ ئەزمون هێشتا باوەڕت بە یەکێتی و پارتی ماوە، ئەوا بڕۆ دەنگ بدە و بڵێ: بەڵێ!

ئەگەر دو حزب کە لەسەر ئەم تەپۆلکە یان ئەو گرد، ئەم دێ یان ئەو دۆڵ، هەزاران گەنجیان بەکوشت داوەو ئیسە ئێژن دەوڵەت دروست ئەکەین و تۆش باوەڕیان پێئەکەی، ئەوا بڕۆ و دەنگ بدەو بڵێ: بەڵێ!

ئەگەر پێتوایە ئەوان کە نەیانتوانی هەرێمێک بە باشیی بەڕێوەبەرن، ئیسە ئەتوانن دەوڵەتێک دابمەزرێنن، ئەوا بڕۆ دەنگ بدەو بڵێ: بەڵێ!

ئەگەر ئەوانەی دەیان ساڵە هیچیان نەکردوە غەیری ئەتک کردنی نیشتمان و ئینتیما و نەتەوەچێتی، ئیسە بەتەمای رابەرایەتیت بکەن لە پرۆسەیەکی وەها ئاڵۆزدا و تۆش رازییت، ئەوا بڕۆ دەنگ بدەو بڵێ: بەڵێ!

ئەگەر ئەوانەی نیشتمانیان کردوەتە مۆڵگەی بازرگانی و هەتا سەرخانی هەبو لوشیان داو ئیسەش بەربونەتە ژێرخانەکەی،
لافی نیشتمانچێتیمان بۆ لێئەدەن و تۆش باوەڕیان پێئەکەی، ئەوا بڕۆ دەنگ بدەو بڵێ: بەڵێ!

ئەگەر بە قسەی ئەوانە ئەکەی کە خۆیان ئەندازیاری عێراقی نوێ بون و هەر بە خۆیان و خزم و خوێشیان ئاوەدانیان کردەوە، ئیسە کە "گامرد و دۆ بڕا" و ئێژن جیا ئەبینەوە و عێراق خراپە، ئەوا بڕۆ دەنگ بدەو بڵێ: بەڵێ!

ئەگەر بەتەمای ئەوانەی هەرچی دەزگای شەرعی و سیستماتیکی هەرێم هەیە پەکیان خستوە، ئیسە بێن دەوڵەتێکی سیستماتیکت بۆ دامەزرێنن، ئەوا بڕۆ دەنگ بدەو بڵێ: بەڵێ!

ئەوانەی رابەرایەتی ئەم جوڵانەوەیە دەکەن، هیچ نەما بە تۆی هاوڵاتی "هاونیشتمانی" بکەن، تاکە چەک بەدەستیانەوە ماوە، هەستە نەتەوایەتییەکەو خەونە لەمێژینەکەی هەمومانە کە بۆ سڕکردنمان بەکاری بێنن کە ئەویش "دەوڵەتی کوردییە".
ئەگەر تۆ لەمە تێناگەی یان ئەتەوێ تێنەگەی، ئەوا کات مەکوژە، ٢٥ی مانگ بڕۆ و بەشداریی لە دواین ئەڵقەی ئەم شانۆگەرییە تراژیدی - کۆمیدییەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بکە!


AM:11:00:21/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 2834 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی