ئەمریکا نازی تورکیا هەڵدەگرێت و سیاسەتی بانێک و چوار هەوا جێ بە جێ دەکات!!!

‌کارۆخ خۆشناو


لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە ئەکەپە دەسەڵاتی تورکیای گرتۆتە دەست و لە (۱٥) ساڵی ڕابردوودا پەیوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا بەرزی و نزمی زۆری بە خۆوە بینیوە، هەر لە ساڵی (۲۰۰۱)وە تورکیا مامەڵەیەکی ناتەندروستی لەگەڵ ئەمریکا کردووە، لەلایەک ڕەچاوی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای نەکردووە، لەلایەکی تر لەگەڵ ڕکابەر و دژەکانی ئەمریکادا مامەڵەی کردووە، بۆ نموونە لە ساڵی (۲۰۰۳) تورکیا ڕێگری لە ئەمریکا کرد بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک بۆ لێدانی ڕژێمی سەدام بەکار بهێنێت، لەسەرەتای دروستبوونی داعشیشدا چاوپۆشی کرد لە دزەکردنی تیرۆریستانی داعش بۆ ناو سوریا کرد، هەروەها خۆی لە ڕوسیا نزیک کردەوەو ڕێکەوتنی کڕینی چەکی لەگەڵ مۆر کرد، بەتایبەت سیستەمی موشەکی (S-400) لەگەڵ ئێرانیش خۆی نزیک کردەوە و قۆناغی یەکەمی سزاکانی ئەمریکاشی شکاند و مامەڵەی لەگەڵ ئێراندا کرد، دواتریش قەشە (ئەندرۆ بڕۆنسن)ی دەستگیر کرد، ئەم هۆکارانە پەیوەندەکانی تورکیا و ئەمریکای ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر دەکردن، تاکو کار گەیشتە ئەوەی ئەمریکا سزای ئابوری خستە سەر تورکیا.

ئەگەر چی ئۆردوگان چەند جارێک گوتی تاکو من لە دەستەڵاتدا بمێنم ناهێڵم قەشە ئەمریکیەکە ئازاد بکرێت، بەڵام کاریگەری سزا ئابووریەکانی ئەمریکا و دابەزینی نرخی لیرەی تورکی چۆکی بە ئۆردوگاندا دا و بە دوو مەرج قەشە ئەمریکیەکەی ئازاد کرد، دوو مەرجەکەش بریتی بوون ڕادەستکردنەوەی (فتح اللە گوڵەن) و ڕاگرتنی هاوکاریەکانی ئەمریکا بۆ کوردانی ڕۆژئاوا (یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات) دیارە لەبەرژەوەندی ئەمریکادا نەبوو ئەم دوو مەرجەی توکیا قبوڵ بکات، دواتر کەیسی کوشتنی خاشقچیش ڕویدا و تورکیا ئەم کەیسەشی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەکارهێنا بۆ شەرمەزارکردنی سعودیە کە هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمریکایە، بۆ ڕازیکردنی تورکیا بە پەردەپۆشکردنی کەیسی خاشقچی و هەروەها پاداشتکردنی لە بەرامبەر ئازادکردنی قەشە (ئەندرۆ برەنسن) ئەمریکا نازی توکیای بە شێوەیەکی تر هەڵگرتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا (ماثیۆ پاڵمێر) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سەردانی توکیای کرد و لە میانەی سەردانەکەیدا ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە تییایدا خەڵاتێک بە بڕی (۱۲) ملیۆن دۆلار دیاریکرد بۆ پێدانی زانیاری لەسەر سێ سەرکردەی باڵای (PKK) کە بریتین لە (موڕاد قەڕەیلان و جەمیل باک و دۆران کاڵکانن).

دیارە ئەمریکا بە پێودانگی بەرژەوەندیەکانی مامەڵە دەکات، بەداخەوە ئێستا لە پێناو بەرژەوەندیەکانی هەوڵدەدات بەهەمان شێوەی تورکیا مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد بکات لە باکور، ئەگەرچی ئەمریکا کوردانی باشور و ڕۆژئاوا بە دۆست و هاوپەیمانی خۆی دەزانێت، بەڵام حەقیقەتێک هەیە پێویستە بزانین کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا وەک ماددەی (جیوە) وایە، واتە شێوازی سیاسەتی ئەمریکا هەمیشە دەگۆڕێت، بەرامبەر دۆزی کوردیش سیاسەتی ئەمریکا لە پارچەیەکەوە بۆ پارچەیەکی تر دەگۆڕێت، چونکە واقعی دۆزی کورد لە دیدگای ئەمریکاوە پەیوەستە بە سنوری چوار ووڵاتە دگیرکەرەکە، واتە ئەمریکا بۆ دۆزی کورد سیاسەتی بانێک و چوار هەوا جێ بە جێ دەکات.


PM:03:05:08/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 2665 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی