بچن بۆ بەغدا

‌یاسین ته‌ها

لەیاسای بودجەی گشتی 2019 عێراقدا پشكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تاڕادەیەك شایستەو گونجاو جێگیر كراوەو ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری هەیە كە لێبڕان و جوهدی هەندێ خەڵكیشی تیایەو نابێت نادیدە بگیرێت، بەڵام بەو پێیەی عادل عەبدولمەهدی كەسێكی بێ لیستەو لەناو "دەوڵەتی قووڵ" دا حوكمڕانی دەكات لەسەر دۆسیەی نەوتی كوردستان لەژێر گوشاردایە كە بەشی زۆری لە ستافی عەبادییەوەیە كە بۆ یەكەمجار لەسەردەمی ئەودا دەرفەت ڕەخسا بەغدا زۆر دەسكەوت لە هەرێم وەرگرێتەوە چ لەكەركوك و چ لەبواری بودجەو سنورو فڕۆكەخانەكان.

لەماوەی ڕابردوودا هەندێ ڕاپۆرتی رۆژنامەوانی عەرەبی و تەنانەت بیانیش ئەوەیان بەگەرمی وروژاند كە سەفقەیەكی گریمانكراو لەنێوان خودی بارزانی و عادل عەبدولمەهدیدا هەیە بۆ دواخستنی سكاڵایەكی نێودەوڵەتی یاسایی وەزارەتی نەوتی سەردەمی مالیكی (ئایاری 2014) دژی توركیا لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم كە داوای 26 ملیار دۆلار قەرەبوو دەكات بۆ بەغدا بەو پێیەی "توركیا بەقاچاغ نەوتی عێراق دەفرۆشێت بە كۆمپانیای دەوڵەتێكی دوژمن كە ئیسرائیلە". عادل عەبدولمەهدی سێ شەممە بەخێرایی ئەم هەواڵانەی رەتكردەوەو باسی لەوەكرد باشترین پارێزەریان گرتوەو بەردەوامن لەسكاڵا "كۆنەكە" و پاشەكشەیان نەكردووە.

هاوكات لەگەڵ ئەم رێوشوێنە یاساییە كە ناوبەناو سەر هەڵدەدات، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی هەنگاوێك لەو سكاڵایە چووە پێش كە دەمێكە دژی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم تۆماركراوە. لەدانیشتنی ئەمڕۆدا دادگا لائیحەی لەهەردوو وەزارەتی نەوتی هەولێرو بەغدا وەرگرت و چاوەڕوانی رونكردنەوەی سەرۆك وەزیرانەكانی هەردوولادا دەكات تا 7 ئایاری داهاتوو بۆ ئەوەی حوكمێك دەربكات كە ئایا ئەو پرۆسەیە شەرعییە یان نا، شتێكی ئاشكراشە دادگای فیدراڵی باڵاترین دەزگای دادوەریی بنجبڕە لە عێراق و حوكمەكانی قابیلی تانەلێدان نین و هەر ئەم دادگایەش ئەنجامی ریفراندۆمی ڕاگرت.

هەردوو سكاڵاكە قابیلی دواخستن و موساوەمەكردنن چونكە هیچ شتێك لەعێراق بەیاسای پەتی بەڕێوەناچێت ئەگینا زۆر شت ئێستا دەگۆڕان، بەڵام ئەو بەشە بودجەو پەیوەندییە باشەی ئێستا لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە ئەگەر كار بۆ پاراستنی نەكرێت و ئەو بنەمایە بەتەواوی نەچەسپێنرێت كە موچەی خەڵك لەگرێ و گۆڵە سیاسی و نەوتییەكان دوور برخێتەوە كە بەس خودا ئەزانێت چەندە ئاڵۆزن و تەنانەت بەغداو هەولێریش دەرەقەتی نایەن، ئەوە ئەم گوشارو دووكەڵە بەردەوام زیاتر دەكات و ئەگەر زۆرە لە هاویندا كە بێكارەبایی و كێشەی ئاوی خواردنەوە لەباشور سەرهەڵدەدات زیاتر بكات.

با هێزە كوردییەكان لەسەر حوكمڕانی و سیستمی سیاسی و چۆنییەتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری سەنگەر لەیەكتر بگرن، بەڵام ئەبێت بۆ ئاسایشی ئابووری كوردستان كە ئێستا بەشی زۆری لەسایەی بودجەی عێراقدایە هاوئاهەنگی و پلان و وەڵام و بژاردەیان هەبێت ـ بەتاك بێت یا كۆ ـ ئەگینا دنیاكە وەك جاران نییە بەتەنها مالیكی بڕیار بەدەست بێت لەبەغداو پڕۆسەی بڕیارو گوشار لەپایتەخت زۆر لەجاران فرە چەشنترو ئاڵۆزترەو كەس ناتوانێت تا دوو مانگیتر زامنی هیچ بكات و زۆر گرنگە زوو زوو بچن بۆ بەغدا.


PM:08:01:04/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 1228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی