​ئەنجڕ ئەنجڕکردنی جەمال خاشقچی

‌یاسین ته‌ها

رەنگە بەمدواییانە ھیچ کەیسێک ھێندەی شوێنبزرکردن و گێڕانەوەکانی کوشتن و پارچەپارچەکردنی رۆژنامەنوسی ناوداری سعودی جەمال خاشقی ، سەدای نەبووبێت. ئەم ھەڵا گەورەیەش لەخۆڕا نییەو زیاتر لەھۆکارێکی ھەیە، لەوانەش: خاشقچی رۆژنامەنووس و میدیاکارێکی پێگەیشتووی سەنگین و لێھاتوو بوو [٦٠ ساڵ]، ھەڵھاتنی لەسعودیە لەسەروبەندی ھەڵکشانی دەسەڵاتی موراھیقانەی محەمەد بن سەلمان و دواتر چالاکییەکانی لەئەمەریکا بۆ بەرگریی لەمافی گیراوەکانی بیروڕا، ئەم رۆژنامەنوس و شیکاروانەیان کردە ئایکۆنی ئازادی لەوڵاتێکدا کە ئەوانەی لەدەرەوەی کایەی ئاینی ئیش دەکەن و دەستیان دەگاتە رۆژئاوا زیاتر خوو دەدەنە مەسەلەی مێبازی و یانەی شەوانەو قومارو زۆرجاریش بەھۆی بێھۆشییەوە دووچاری تاڵان و روتکردنەوە دەبنەوەو بەم ھۆیەوە دەبنە مانشێتی میدیای جیھانی.

پارساڵ [٢٠١٧] خاشقچی لەستونێکدا باسی لەوەکردبوو کە ھیچ کات سعودیە وەک ئێستا سەرکوتکار نەبووە... بارودۆخ گەشتۆتە ئاستێک چیتر قبوڵ نەکرێت. کەچی پاش ساڵێک لەم رەشبینی و بێھیواییە، ناوبراو لەدووری ھەزاران کیلۆمەترو لەناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لەئەستەنبوڵ بوو بەقوربانیی ئەو ھەڵمەتی داپلۆسینەی کە لەسەردەمی باڵادەستی شازادە محەمەد بن سەلمانەوە دەستی پێکردووە، لەمەش تۆقێنەرتر زۆربەی گێڕانەوەو لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن، پاش دوو کاتژمێر لەچونە ناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لەئەستەنبوڵ رۆژی سێشەممەی رابردوو، بە فەرمانی باڵای دەسەڵاتدارانی دیوانی شاھانەی سعودیەو لەسەر دەستی تیمێکی شارەزای ئەو وڵاتە کوژراوە، دواتریش لەرێگەی مشاری کارەباییەوە تەرمەکەیان پارچە پارچە کردووە بۆ ئەوەی بەئاسانی ئاسەواری تاوانەکە سەرنگوم بکەن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، ماوەیەکی کەم پاش چوونە ناو کونسوڵخانە لەلایەن خاشقچییەوە، ئوتومبیلێکی جام رەشی گەورە دەچێتە دەرەوە کە رەنگە نھێنی شوێنبزر بوونی خاشقچی لەگەڵ خۆیدا بردبێتە دەرەوەی تەختی شانۆی کوشتنەکە، بۆیە سعودییەکان رازیی بوون دەرگای کونسوڵخانە بۆ کامێرامانەکانی ئاژانسی رۆیتەرز واڵا بکەن و ئامادەییشیان پیشانداوە بۆ پشکنینی پۆلیسی تورکیای بکەنەوە.

بەقسەی سەرچاوە ئەمنییە تورکییەکان ١٥ کارمەندی سعودیی بۆ جێبەجێکردنی پلانی کوشتنی خاشقچی سێشەممەی رابردوو، لەچەندین وڵاتەوە گەشتونەتە تورکیا، سەرجەمیشیان پاش چەند کاتژمێرێکی کەم ئەو وڵاتەیان بەجێھێشتووە، لەکاتێکدا پێشتر بۆ چوار رۆژ ئوتێلیان حیجز کردبوو. یەکێک لەئەندامانی ئەو تیمە کە ناوی سەرجەمیان لەرۆژنامەی سەباحی تورکیدا بڵاوکراتەوە پسپۆڕی توێکاریی تەرمەو وا دیارە کاری تەنھا یارمەتیدان بووە بۆ شاردنەوەی ئاسەواری تاوانەکە.

سعودیە کە وڵاتی حەرەمەین و ڕووگەی موسوڵمانانی جیھانە، ھەمیشە بەدەوڵەتێکی ھێمن و لاشەڕ ناسرابوو، جگە لەدۆسیەکانی گەندەڵی و خۆشخۆریی و شات و پاتی پارەو تەوریسی سیاسی، ھیچیتری ئەوتۆ زۆر لەسەر سیستمی حوکمڕانی و بنەماڵەی ئال سعود نەدەوترا، ئێستا کە کار بەوە گەشتووە لەتورکیا کەسێکی وەک خاشقچی ئەنجن ئەنجن بکەن کە لای زۆربەی جیھان ناسراوە، بێگومان جێگەی شۆک و تۆقین و سەرسوڕمان و ھەزاران نیشانەی پرسیارە. لەبایەخپێدانی وردەکاریی ئەم کەیسەشدا میدیای قەتەری و تورکی بەپلەی یەکەم رۆڵی بەرچاویان ھەیە، چونکە لەڕکابەرەکەیان کە عەرەبستانی سعودیەیە قەوماوە، لەپاش ئەوانیش رۆژنامەی واشنتۆن پۆست کە ستونێکی ھەفتانەی تەرخان کردبوو بۆ خاشقچی لەبارەی پێشھاتە سیاسییەکانی سعودیەو رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئەمەش بۆ کەسێکی سعودی کەم نییە.

خاشقچی کە رەچەڵەکی بنەماڵەکەی تورکەو خۆی لەدایکبوی شاری مەدینەیە لەچەندین دامودەزگای فەرمی و نیمچە فەرمی و سێبەری سعودیدا کاری سەرنوسەری و نووسین و راوێژکاریی و بەرێوەبەریی کردووە، بەھۆی ئەوەی لەپاش ھەڵمەتەکانی گرتن و راوەدوونان نەیتوانی لەسعودیەدا بمێنێتەوە، ناچار رووی لەوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کردو لەوێ کەوتە رەخنەگرتن لە سەرکوتکاریی و لە رەوشی مافی مرۆڤ لەسعودیەی نوێ، بەڵام ھەرگیز ئامادە نەبوو رۆڵی ئۆپۆزسیۆن یان باڵی سیاسی ببینێت و زۆرجار دەیوت "من بەیعەتێکم لەگەردندایەو وڵاتی خۆمم خۆش دەوێت"، زۆر بەھێمنی و بەپۆزەتیڤ ڕەخنەی دەگرت و دوور بوو لەھەڵچوون، بەڵام ئەم جوامێرییەی خاشقچی رێگر نەبوو لەمحەمەد بن سەلمان بەو دەردەی بەرێت کە ئێستا دەبینرێت، چونکە یەکێک بوو لەو رۆژنامەنووسە سعودییە دەگمەنانەی سەری لەجیھانی رۆژئاوا دەردەکردو زۆر بەباشی میدیای بەکاردەھێنا بۆ داواکردنی راگرتنی بن سەلمان لەھەڵەشەو ھەرزەییەکانی. ئەوەشی جێگەی سەیرو پرسیارە تا ئێستا ئەوەیە خاشقچی کە کوڕی سیستمی سیاسی سعودیەیە چۆن ھەڵەی وەھا گەورەی کردو بۆ دەرھێنانی بەڵگەنامەیەک تا بتوانێت خەدیجە جەنگیزی تورکی مارە بکات، کە شارەزای کاروباری کەنداوە [خێزانە سعودییەکەی سەفەریان لێ قەدەغەیە] ، بەپێی خۆی چووە بەردەم جەلادەکانی..

کەیسی خاشقچی، کەیسی ئازادای ڕادەربڕین و ئازادیی و میدیاو رۆژنامەگەرییە، ئەوانەی بەستونەکانی لەئەلحەیات و دیدارەکانی لەئەلجەزیرەو BBC ئاشنان یان فۆڵۆی ئەکاونتی تویتەرەکەیان کردبوو، وەک خێزان و ماڵ و منداڵی خۆی بەداخن بۆی و مەراقی ئەوەیانە شارەزایەکی وەھا بەفەرمانی گەنجێکی خۆ سەپێن پارچە پارچە بکرێت، تەنھا لەبەر ئەوەی بەزمان و بەقەڵەمەکەی داوای ئازادیی بۆ ھەزارو پێنجسەد گیراوی بیروڕا کردووە لە وڵاتەکەی.


AM:11:40:11/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 2044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی