سه‌دری یاخی.. سه‌دری گۆڕاو

‌یاسین ته‌ها

كەم هەفتە هەیە فەتوایەك، بەیاننامەیەك، چالاكییەكی سیاسی و ئاینی موقتەدا سەدر نەبێتە جێگەی باس و گرنگیی پێدانی میدیاو ناوەندە سیاسییەكان. ئەم رێبەرە گەنجە (45 ساڵ) كە هیچ بەهرەیەكی وتاردانی نییەو و ئاخاوتنیشی زۆر پاراو نییه‌، خاوەن جەماوەریترین رەوتی میللی ناو شیعەی عێراقە، لەتەمەنی دەركەوتنی سیاسیشییدا هەمیشە حەزی لەیاخیبوون و خۆ جیاكردنەوە بووە لە شەپۆلی باوی هێزەكانیتری شیعە، زۆربەی هەرە زۆری هەوادارو لایەنگرەكانیشی بۆ دەستخستنی رەزامەندیی خودا، پەلاماری چمكی كەواكەی و لەپی دەستەكانی دەدەن بۆ ماچكردن.
ناوبانگی كاریزمیانەی موقتەدا سەدرو هێزی فەتوا كورتە دەستنووسەكانی كە ناو بەناو لەلایەن نووسینگە تایبەتەكەیەوە بڵاودەكرێتەوە دەگەرێتەوە بۆ پاشخان و قوربانییەكانی بنەماڵەكەی (آل الصدر) كە لەبنەڕەتدا لەباشووری لوبنانەوە بۆ خوێندنی ئاینی روویان كردوەتە عێراق. زۆر بە كەمیی وێنەی موقتەدا هەیە كە هی باوكیشی لەگەڵدا نەبێت كە بە "شەهید سەدری دووەم" بەناوبانگەو موقتەدا بە "سید الوالد" ناوی دەبات، هەموو نوسینگەو چالاكییەكانیشی هەر بەناوی ئەوەوەیە؛ "شەهید سەدر" و زۆرجار وەكو تەواوكەری پرۆژەكەی باوكی خۆی دەناسێنێت. باوكی سەدر كە ناوی تەواوی محمد محمد صادق الصدر ـ ـه (1943 _1999ز)، یەكێك بوو لەو رێبەرانەی لەساڵانی نەوەدەكان بە ئەنجامدانی نوێژی هەینی كە لای شیعەكان لەسایەی ئیمامی دادگەردا ئەنجام دەدرێت و بە پۆشینی كفنی سپی لەكاتی وتارداندا سەرنجی زۆرێكی بۆلای خۆی راكێشا. ئەم پیاوە ریش بەفرینە باڵا مامناوەندییە خۆی بە مەرجەعی شایستەی شیعەی عێراق دەزانی، هەروەها تا لەژیاندا مابوو لە كێبەركێی تونددا بوو لەگەڵ مەرجەعیەتی ئایەتوڵڵا خوئی و یاریدەدەرەكانی كە دیارترین و دەركەوتووترینیان بریتیبوو لە سەید عەلی سیستانی. هەرچەندە هەندێ لەپیاوە ئاینییەكانی بنەماڵەی حەكیم و مەرجەعیەتی نەجەف، محمد صادق الصدر یان بە "شێت"، "گەمژە"، "هاوكاری رژێم" دەزانی، بەڵام ئەو پێیوابوو شتەكە پێچەوانەیەو رژێمی سەدام لەپشت گەورەكردنی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی ـ یەوەیە بۆ پەراوێزخستن و لاوازكردنی مەرجەعیەتی سەدر، هەروەها ئامانجی ئەوەبوو ببێتە مەرجەعی باڵای شیعەكان و بەردەوام كاری بۆ ئەمە دەكرد، بەڵگەنامە ئاشكرا كراوەكانی ئەمدواییەش دەریدەخەن رژێمی سەدام ئەم خواستەی محمد صادق الصدری پێ خۆش بووە، هەندێ ئاسانكاریشی بۆ كردووە، بەو پێیەی ناوبراو پیاوێكی ئاینی شیعەی بەرەچەڵەك عەرەب و بەرەگەزنامە عێراقییە، بەپێچەوانەی بنەماڵەو پیاوە ئاینییە زۆر ناودارەكانی نەجەفەوە كە بریتی بوون لە سیستانی (ئێرانی)، بنەماڵەی ئایەتوڵڵا خوئی (توركمانی ئێرانی)، بەشیر نەجەفی (ئەفغانی)، ئیسحاق فەیاز (پاكستانی). لە گەرمەی ئەم ململانێیەی سەدرو مەرجەعیەتی سیستانیداو لەتەمەنی 55 ساڵیدا، سەدر و هەردوو كوڕە گەورەكەی (مصطفی) و (مؤمل) لە پاش دەرچونیان لەمزگەوتی كوفە تیرۆر كران (1998)، كوڕی سێیەمیشی (مرتضی) لەژیانی گشتی كشایەوەو خۆی شوێن بزر كرد، بەم پێیەش موقتەدای كوڕە بچووك بوو بە میراتگری ئەم رق و كێبەركێ و خەونی بەمەرجەع بوونەو ئێستا جار جار بەهەمان نەفەسە توندو رووشكێنەكانی باوكی و زۆربەی جاریش برێك نەرمتر درێژە بەكاروانەكەی دەدات.
ساڵێك پاش لەتیرۆری محمد صادق الصدر و كوڕەكانی، رژێمی بەعس تاقمێك پیاوی ئاینی و دەسترۆشتوی شیعەی تۆمەتباركرد بە تیرۆركردنی ناوبراو و لە ئازاری 1999 لەسێدارەی دان، بەڵام لەئەدەبیاتی رەوتی سەدر و بەلای هەوادارەكانییەوە پلانی تیرۆری سەدر پلانێكی بەعسییە، هەر ئەم رژێمەش بە بكوژی رێبەرە ئاینییەكەیان دەزانن چونكە لە ساڵی 1980 دا محمد باقر الصدری مامی كە دامەزرێنەری حیزبی دەعوە بوو لەگەڵ بنت الهدی ـ ی خوشكیدا بە ئاشكرا لە سێدارە دا.

یەكەم دەركەوتنی موقتەدا
تا رژێمی سەدام نەڕوخا (2003) كەس نە ناوی موقتەدای چوارەم كوڕی سەدرو نەناوی رەوتەكەی "رەوتی سەدر" ی نەبیستبوو، ناوی ئەم گەنجە مێزەر بەسەرە كە ئەوكات تەمەنی تەنها 30 ساڵ بوو تێكەڵ بوو لەگەڵ ناوی ئەنجامدەرانی تاوانی تیرۆركردنی عبدالمجید الخوئی كوڕی مەرجەعی كۆچكردووی شیعەو كلیداری رەوزەی حەیدەریی نەجەف بەچەقۆ لەناو مەزاری ئیمام عەلی. عەبدولمەجید جیا لەوەی كوڕی مەرجەعی گەورەی كۆچكردوو ئەبولقاسمی خوئی بوو، سەروكاریی دامەزراوەیەكی خێرخوازیی گەورەی دەكرد لە شاری لەندەن كە وەكو ماڵی هەموو شیعەكانی تاراوگە وەهابوو، جگە لەوەش تۆرێك پەیوەندیی لەگەڵ ئۆرگانە نێودەوڵەتییەكان هەبوو. دادگای لێكۆڵینەوەی نەجەف لە 2003 بڕیاری دەستگیركردنی بۆ موقتەدا سەدر دەركرد بەتۆمەتی پلان دانان بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، بەڵام تائیستا ئەو فەرمانە جێبەجێ نەكراوە، جاروبار لەسەردەمی مالیكیدا وەكو كارتێكی گوشار لەدژی هەڵوێستە سیاسیی و ركابەریكردنەكانی سەدر بەكاردەهێنرا.
هەرچەندە لەناوەندە شیعییەكان وا بڵاوە كە موقتەدا بە هۆی كەمتەرخەمییەوە لەكاری فەقێیەتی پەیوەندیی لەگەڵ باوكیدا باش نەبووە، بەڵام لەپاش كوژرانی باوك و دووان لەبرا گەورەكانی و كشانەوەی برای سێیەمی (مرتضی) لەژیانی گشتی و سەفەركردنی بۆ جێگەیەكی نادیار (بڕوا وەهایە لەقوم بێت)، بووە میراتگریی رەوتە ئاینیەكەی و هاوسەرگیریی لەگەڵ كچی محمد باقر الصدر ـ ی مامی هێندەیتر یارمەتیدا بەخێرایی ببێتە تاقە میراتگری ناوبانگ و قوربانییەكانی ئالی سەدر بەبێ ئەوەی پێشتر هیچ ئامادەكارییەكی فیكریی و سیاسیی بۆ كردبێت.

موقتەدای رابەر.. موقتەدای سەركردە
هەرچەندە موقتەدا سەدر هێشتا پلەی ئیجتیهادی وەرنەگرتووە، بەڵام زوو زوو فەتوا دەردەكات كە لەناو ئاینزای شیعەدا ئیشی مەرجەعی گەورەی ئاینییە. بەهۆی ئەوەی موقتەداو رەوتەكەی پەیوەست نین بەتەقلیدی مەرجەعیەتی سیستانییەوە لەپرسە گرنگ و جومگەییەكان دەگەڕێنەوە بۆ سەر مەرجەعیەتی ئایەتوڵڵا كازمی حائیری كە لەشاری كەربەلا لە دایكبووە و ئێستا لەشاری قومی ئێران نیشتەجێیە، بەو پێیەی ئەمە خواست و وەسێتی باوكی موقتەدا بووە لەغیابی خۆیدا لەگۆڕەپانی ئاینی نەجەف. هەرچەندە موقتەدا لەدوای پێكدادانە ناوخۆییەكانی هێزە شیعییەكان (2007) و راگرتنی چالاكییەكانی میلیشیاكەی "سوپای مەهدی" رویكردە حەوزەی قوم بۆ خوێندنی ئاینی و وەرگرتنی پلەی ئایەتوڵڵا، بەڵام هێشتا بەم مەرامە نەگەشتوە چونكە گەشتن بەم پلەیە لەسیستمی خوێندنی حەوزە ئاینییەكانی شیعە 15 _20 ساڵ خوێندن و توێژینەوەی شەرعزانیی پێویستە، بۆیە لەئێستادا پلەی ئاینیی سەدر "حجة الإسلام والمسلمین" ـە كە قۆناغی پێش گەشتنە بەئیجتیهاد كردن و پایەی ئایەتوڵڵا. جگە لەم پایە ئاینییەش سەدر هەڵگری نازناوی فەرماندە (القائد) ـه، چونكە رێبەرایەتی تەوژمی سەدر دەكات و رێبەرایەتی "سوپای مەهدی" كردوە (2003 _ 2007) كە بەناوبانگترین میلیشیای شەڕكەری شیعە بووە. جگە لەوەش لە هەڵبژاردنی 2010 لیستی ئەحراری پێكهێنا چارەكی كورسییەكانی تایفەی شیعەی بردەوە (40 كورسی)، ئێستاش جگە لە لیستێكی پەرلەمانی، چەندین نوسینگەو میلیشیایەكی سەربازیی هەیە بۆ شەڕی داعش بەناوی "سرایا السلام" كە زیاتر لەدەوروبەری سامەڕا بڵاو بونەتەوە. بەهۆی ئەوەی رەچەڵەكی بنەماڵەكەیان دەگەرێتەوە بۆ سەر ئالوبەیت هەڵگری نازناوی "سید" یشە كە لەهەموو نازناوەكانیتر گرنگترە لای پەیڕەوانی شیعەو ئینتیمایە بۆ ئال و بەیت كە ئیمامەكانیان سەروەرو سەرداری تایفەی شیعەن، ئەم هەموو نازناوەش پیرۆزیی و گرنگیی زۆری پێ دەدات و هەمیشە لەكاتی دەركەوتنەكانیدا دەبێتە پاڵ پاڵێن بۆ دیتن و تەبەڕوك كردن پێی. جگە لەمانەش لەدەرەوەی حكومەتی عێراق سیستمی دادگەری و لێپێچینەوەی تایبەتی هەیە بۆ ئەو كەسانەی كاركردن و پلەو پایەی نووسینگەكانی بەكاردەهێنن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و جارجارەش لەزیندانی تایبەت توندیان دەكات، بەڵام ئەم رێوشوێنە شتێكی زۆر بچوك رەمزییە لە چاو ئەو هەموو گەندەڵی و پارە خستنە لای كە وەزیرو بەرسە سەدرییەكان بەكەڵك وەرگرتن لە رەوتەكەیان كردویانە لەناو حكومەتی عێراقدا.

دۆستایەتی و دوژمنایەتی سەدر تا سەر نییە
هەموو ئەوانەی ئاگایان لەگوتارو هەڵویستەكانی موقتەدا سەدر هەیە، هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەم سەركردەیە لەسەر زۆربەی هەڵوێستەكانی جێگیرو چەسپاو نییە و زۆر بەخێرایی ڕا دەگۆرێت، هۆكاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی خاوەن حیزبێكی رێكخراوو پەیڕەوو پرۆگرامێكی سیاسی دیاریكراو نییە وەك حیزبی دەعوەو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی. جیاواز لە حیزبەكانیتری شیعەوە لەناو رەوتەكەی سەدردا هەموو چین و توێژێك هەن و بەشێكیان ئەم رەوتەیان كردوەتە پەیژە بۆ گەشتن بە دەسەڵات، زۆرێكیش پێیانوایە ئەم رەوتە نزیكترین هێزی ئاینی شیعەن لە خەڵكانی نیشتمانی و لیبراڵ، چەند جارێكیش پشتیوانی لە داواكاریی ئەو چالاكوانە مەدەنیانە كردوە كە بە نەیاریكردنی هێزە مەزهەبییەكان ناسراون. جاران موقتەدا سەدر و رەوتەكەی بە نەیاری سەرسەختی كورد ناسرابوون، بەڵام لەپاش ئەوەی لە هەوڵی كەنارخستنی مالیكیدا بوو بە هاوپەیمانی بارزانی و سەردانی هەولێری كرد گوتاری خۆی لەدژایەتی فیدرالیزمەوە گۆڕی بۆ قبوڵكردنی ئەگەری جیابوونەوەو سەربەخۆیی وەرگرتنی كورد. لەسەر ئاستی پەیوەندییە ناوخۆییەكانی ماڵی شیعەش موقتەدا پەیوەندی گرژی بنەماڵەكەی و بنەماڵەی حەكیمی گۆڕی بۆ هاوپەیمانێتی سیاسی، كاتێكیش خۆی و سوپاكەی خزێنرانە شاری نەجەف (2004) نێوانگریی سیستانی قبوڵ كرد و سەردانی ماڵەكەی كرد، سەرباری ئەوەی ناو بەناو توانجیش لەمەرجەعیەتی تەقلیدیی شیعە دەگرێت، بەڵام نەیگەیاندوەتە ئەوەی وەكو باوكی بە ئاشكرا ململانێی توند لەگەڵ مەرجەعیەتدا بكات كە ئێستا جگە لە پشتیوانیی جەماوەریی خاوەن سەنگ و قورساییەكی گەورەی ناوخۆیی و نێو دەوڵەتییە.

باجەكانی هەنگاو بەرەو میانڕەویی
هەرچەندە میلیشیاكەی سەدر "سوپای مەهدی" بەشدارییەكی چالاكی لەكوشتاری سوننەكاندا كردوە (2006 _2008)، بەڵام لەئێستادا موقتەدا، وەكو نزیكترین رێبەری شیعە لە تایفەی سوننەوە خۆی نمایش دەكات، یەجۆرێك لە پەیامێكی دەنگیدا دانی بە خەلافەتی ئەبوبەكر، عومەر، عوسمان ـ دا ناوە، هەروەها لە سەردانی قەتەردا لەمزگەوتی عومەری كوڕی خەتاب لە گەڵ سوننەدا نوێژی هاوبەشی كردووە، لە هەندێ لێدوانیشدا پشتیوانیی لە دەنگی سوننەكان كردووە، لەسەر ئەم هەڵوێستانەشی لە هەندێ ناوەندی شیعیدا بەردەوام رەخنە باران دەكرێت. بەهۆی هەڵپەساردنی چالاكییەكانی سوپای مەهدی و ركابەریكردنی توندی نوری مالیكی و حیزبی دەعوە، رەوتەكەی دووچاری چەندین جیابوونەوە بووەتەوە، كە دیارترینیان جیابونەوەی گروپی "عصائب أهل الحق" و سەركردەكەیان قیس الخزعلی بوو كە جاران یەكێك بوو لە یاریدەدەرەكانی سەدر، كەچی ئێستا هاوپەیمانی نوری مالكییەو شەرێكی ساردی گەورەی لەگەڵ موقتەدا هەیە. سەرباری ئەمەش موقتەدا هەر بەژمارەیەكی قورس لە گۆڕەپانی شیعی و عێراقی دەمێنێتەوە چونكە كەسایەتی ئەو وەكو موگناتیس وایە لە ناو گەنجە شیعە پەراوێزخراوەكان و خەڵكی هەژاری نیشتەجێی شارۆچكە سیخناخ و جەنجاڵەكانی سەورە "مدینە الصدر" و كازمییە، زۆرێكیش بەجێگرو بریكاری ئیمانی زەمان (محمد المهدی) دەزانن و بەردەوامیش بەهەڵوێستە كتوپڕو لێدوان و فەتوا جۆربەجۆرەكانی توانای دروستكردنی شۆك و هەڵای سیاسی و میدیایی هەیە.


AM:10:12:18/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 3223 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی