روداوەكەی ئەمڕۆ، فەرهاد پیرباڵ نەبو!

‌مەم بورهان قانع

پێشتر وتومە و ئێستایش دەیڵێمەوە: ئەو فەرهاد پیرباڵ-ەی ساڵانێكی زۆر نوسەر و مامۆستایەكی زانكۆ  بوە و یەكێكیش بوە لە ناوە درەوشاوەكانی ئەدەب و رۆشنبیریی كوردیمان، پێویستی بەوەیە چارەسەربكرێت و دەرونی ئارام بكرێتەوە.

نەدەبو  ئەو پیاوەی ئەم ئێوارەیە، كە ناوی "فەرهاد پیرباڵ"ە، بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە خۆی بكردایە بە بینای فەرمانگەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر و جامخانەی پرسگەی فەرمانگەكەی بشكاندایە، بەڵام ئەم پیاوە، ئەو "فەرهاد پیرباڵ"ە نییە، كە ساڵانێكی زۆر خزمەتی ئەدەب و رۆشنبیریی كوردیی و خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستانی كردوە و زۆربەمان ناسیومانە، بەڵكو "فەرهاد پیرباڵ"ێكی دیكەیە.

لەم نوسینەدا، روداوی شكاندنی جامخانەیەك بابەتە سەرەكییەكە نییە، بەڵكو ئەوەی جێی نیگەرانییە، كەسێك، كە رۆژانێك رۆشنبیرێكی دیار و مامۆستایەكی دیاری زانكۆكانی كوردستان بوە و دكتۆراكەی لە زانكۆیەكی بەناوبانگی جیهان (زانكۆی "سۆربۆن")دا وەرگرتوە، كەچی چەند ساڵێكە لە بەرگی كارەكتەرێكی ماندو و شەتەك و دەرون شڵەژاودایە و دەبینین بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە، خۆی دەكات بەنێو فەرمانگەیەكی حكومیی دا، كە رەمزی پەروەردە و فێركردنە لە كوردستان دا (سەرەڕای ئەو تێبینییە زۆرەی هەمانە لەسەر سیستمی پەروەردە و خوێندن لە كوردستان دا).

داواكارم هەرچی زوە ئەم پیاوە لەروی دەرونییەوە هێمن بكرێتەوە و چیتر بەمشێوە شڵەژاوییە لەسەر جادەكان دا نەیبینین و چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت... لانیكەم وابكرێت ژیانێكی ئاسایی بژی و  كەمێكیش بێت، ببێتەوە بەو "فەرهاد پیرباڵ"ەی ساڵانێكی زۆر لەنێوەندی رۆشنبیریی و زانكۆكانی كوردستان دا بینیومانە و گڤتوگۆی زانستیی و ئەدەبیی و رۆشنبیریمان لەگەڵیدا كردوە.

حكومەتێك، بەم زەبەلاحیی و تەمەنە پیرەیەوە، نەتوانێت "فەرهاد پیرباڵ"ێك چارەسەربكات و بۆ نێو ژیانێكی ئارامی بگەڕێنێتەوە، دەبێت چ حكومەتێك بێت و چۆن بچوكترین ئومێدی پێدا هەڵبواسرێت، كە رزگاركەری كۆمەڵگایە؟!
------
* پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی رۆشنبیریی و كۆمەڵگای مەدەنیی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان.


AM:10:15:25/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 3404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی