‌دیسانەوە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان پەیڕەوەكەی پێشێلدەكات
PM:01:13:02/05/2019
مەم بورهان قانع

رۆژی ١٠/ ٤/ ٢٠١٩ و پاڵپشت بە مادەی (٦٦)/ بڕگەی یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، یاداشتێکم بە ئیمزای ١٤ پەرلەمانتاری بەرێز لە ھەرسێ فراکسیۆنی "نەوەی نوێ" و "یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان" و "کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان"، پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی پاڵپشت بە بڕگە و مادەی ناوبراوی پەیڕەوی ناوخۆ، گفتوگۆیەک لەنێوان پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دا بکرێت، سەبارەت بە پرسی دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا دانەوەی قەرزەکانی حکومەت، لەچوارچێوەی ئەو پاشەکەوتە کەڵەکەبوانەدا.

یاداشتەکەمان بۆ ئەو گفتوگۆیە، بۆ ئەوەیە پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و تیمە داراییەکەی دا کۆببێتەوە، نەک بە تەنھا لەگەڵ وەزیری دارایی دا، وەکچۆن بڕیاری پاشەکەوتکردنی موچە، لەلایەن سەرۆکی ئەم کابینەیەی حکومەتەوە بوە، نەک وەزیری دارایی.

ئەمڕۆ (١/ ٥/ ٢٠١٩)، دوایین وادەبو بۆ ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیە، وەکچۆن بەپێی مادەی (٦٦)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان"، لە ماوەیەک دا، کە لە ١٤ رۆژ تێپەڕنەکات، وادەی ئەو دانیشتنەی دیاریبکردایە، واتا دەبوو لانیکەم ٢٤ی مانگ کۆبونەوەکە بکرایە، بەڵام بەپێی بڕگەی "شەشەم"ی ھەمان مادە: "حکومەت دەتوانێت داوای دواخستنی ئەم دانیشتنە بکات، بۆ ماوەیەک کە لە حەوت رۆژ زیاتر نەبێت و بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی دا، رۆژێکی دیکە دیاریدەکرێت"... ئەگەر بڕگەی "شەشەم"ی پەیڕەوەیش لەبەرچاو بگرین و گریمانەی ئەوە بکەین حکومەت داوای دواخستنی ئەو دانیشتنەی کردوە، ئەوا دەبو ئەمڕۆ (١/ ٥/ ٢٠١٩)، ئەو دانیشتنەی نێوان حکومەت و پەرلەمان بکرایە، کە پرسێکی گرنگە و پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی توێژێکی فراوانی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، سەرەڕای ئەوەی یاداشتی ١٤ پەرلەمانتاریش لەوبارەیەوە پێشکەشکراوە.

ئەم بێدەنگییەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ئاست ئەو دانیشتنە، پێشێلکردنی دوو بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە و ھاوکات کەمتەرخەمیشە بەرانبەر بەو پاشەکەوتە زۆر و زەوەندە کەڵەکەبوەی موچەخۆرانە لەلای حکومەت، ھەروەھا رەچاونەکردنی بەرپرسیارێتیی پەرلەمانە (وەک دامەزراوەیەکی گرنگیی چاودێریکردن و یاسادانان) لە ئاست ئەم پێشێلکارییە قانونییەی ئەم کابینە حکومەتییەدا، کە بێ ھیچ دەق و مادە و بڕگەیەکی قانونیی، موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی پاشەکەوتکردوە و ھیچ بڕیارێکیشی نەداوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مافە رەوایەی موچەخۆران.

بێدەنگ نابین لە ئاست لەم پێشێلکارییەی حکومەت و ئەم خەمساردیی و بێبایەخکردنەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بەرانبەر بە یاداشتی ١٤ پەرلەمانتاری کوردستان.




هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.