‌حكومەت و بە سیخوڕیكردنی شۆفێری تەكسیی!
PM:09:46:28/01/2019
مەم بورهان قانع



وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی 24/ 1/ 2019، رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2019ی لە ژێر ناوی "رێنمایی رێكخستنی كاری شۆفێری تەكسیی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان"دا دەركرد.

ئەم وتارە ئیستێ‌ دەكات لەسەر ئەم رێنماییە، بەتایبەتی خاڵی دوەمی مادەی سێیەمی رێنماییەكە، كە ئاماژە بەوە دەكات دەبێت شۆفێری تەكسیی رەزامەندیی ئەمنیی هەبێت و دەقەكەیشی بەمجۆرەیە: "رەزامەندیی ئەمنیی هەبێت بۆ كاركردن وەك شۆفێر". 

بۆ هەڵسەنگاندن و شیكاریكردنی ئەم خاڵە مەترسیدارەی نێو رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، دەگەڕێمەوە بۆ یاسای ژمارە "6"ی ساڵی 2009ی وەزارەتی ناوخۆ، وەكچۆن لە دەسپێكی رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆدا،  هاتوە:" پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ، ژمارە (6)ی ساڵی 2009دا پێیاندراوە، وەزیری ناوخۆ ئەم رێنماییانەی دەركردوە...".

لە مادەی دوەمی یاسای ناوبراوی وەزارەتی ناوخۆدا، ئاماژە بەمە كراوە: وەزارەتی ناوخۆ، بەدیهێنانی ئەم ئامانج و ئەركانە دەگرێتە ئەستۆ، كە لەم مادەیەدا و لە چوارچێوەی حەوت بڕگەدا، ئامانج و ئەركەكانی خستوەتەڕو، كە من لێرەدا تەنها ئاماژە بە دو بڕگەی ئەم مادەیە دەكەم و گرێیدەدەمەوە بە خاڵی دوەمی مادەی "سێ‌"ی ئەم رێنماییە تازەیەی وەزارەتی ناوخۆوە، كە پێموایە خاڵێكی ترسناكی رێنماییەكانە و "بەسیخوڕیكردنی شۆفێری تەكسییە لە هەرێمی كوردستان" و هەروەها "بە پۆلیسیكردنی حكومڕانییە لە هەرێمی كوردستان دا".

بڕگەی یەكەمی مادەی دوەمی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2019ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمجۆرەیە:

"جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتیی حكومەتی هەرێم و پارێزگاریی یەكگرتنی و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی".

بڕگەی سێیەمی مادەی دوەمی هەمان یاسا، بەمجۆرەیە: "كاركردن لە پێناوی پاراستن و زامنكردنی دەستدانە دیموكراتییەكان و مافەكانی مرۆڤ و بەرجەستەكردنی رۆڵی دەزگاكانی كۆمەڵگای شارستانیی لە هەرێمدا".

لە بڕگەی یەكەمی ئەم مادەیەدا، كە ئامانج و ئەركی وەزارەتی ناوخۆیە، جەختكراوە لەسەر "جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتیی حكومەتی هەرێم و پارێزگاریكردنی یەكگرتنی و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی" و بەپێی ئەم بڕگەیەی یاسای ناوبراو بێت، كە رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆ پشتی بە یاساكەی بەستوە و ئاماژەی بەوەش كردوە: "دەسەڵاتەكانی دەركردنی ئەم رێنماییەی لە یاسای ناوبراوەوە وەرگرتوە"، مانای: "بە سیخوڕیكردنی شۆفێری تەكسیی"یە، كە دەبێت بۆ پەیڕەویكردنی ئەم پیشە سەربەخۆیە، پێشتر "رەزامەندیی ئەمنیی هەبێت بۆ كاركردن وەك شۆفێر". مانای ئیتر لە هەرێمی كوردستان دا، كەس بۆی نییە ببێتە شۆفێری تەكسیی، تاكو رەزامەندیی دەزگا ئەمنییەكانی بۆ پەیڕەوكردنی ئەم پیشەیە نەبێت، كە ئەمەیش تەنها لە رژێمە تۆتالیتێرەكانی جیهاندا بونی هەیە و ناڕاستەوخۆ دەشێ‌ وەكو پڕۆسێسی ناچاركردنی شۆفێرەكان بە"سیخوڕیكردن" بۆ دامەزراوە ئەمنییەكان لێی بڕوانرێت و بەمەیش متمانەی نێوان هاوڵاتیان و شۆفێرانی تەكسیی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دا، كەمدەبێتەوە و ئەوكات هاوڵاتیان بە چاوێكی كەم و گوماناوییەوە، لە پیشەی شۆفێری تەكسیی دەڕوانن و بەمەیش ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوكێ‌ لەلای هاوڵاتیان دروستدەبێت و متمانەكردن بە شۆفێری تەكسیی-ش نامێنێت، بەتایبەتی لەو ماوەی چەند دەقیقەیەدا، كە هاوڵاتییەك بە تەكسییەك هاتوچۆ دەكات و باسوخواس لەسەر دۆخی ناوخۆیی و سیاسیی و ئیداریی و ... هتد دروستدەبێت.

ئەگەر هەمان ئەم خاڵەی نێو رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆ، گرێبدەینەوە بە بڕگەی یەكەمی مادەی "دوەم"ی یاسای ناوبراوەوە، كە لە سەرەوە ئاماژەم پێكردوە، ئەوا دەشێ‌ وەكو "جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان..." لێی بڕوانین، كە وەك حاڵەتێكی سەرەتاكانی بە پۆلیسكردنی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی كوردستان دا، دەركەوتوە.

ئەگەر هەمان ئەم خاڵەی نێو رێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆ بە بڕگەی سێیەمی مادەی "دوەم"ی یاسای وەزارەتی ناوخۆی گرێبدەینەوە، تێبینیدەكەین ئەم خاڵەی نێو رێنماییەكە، "180" پلە پێچەوانەی بڕگەی سێیەمی مادەی "دوەم"ی یاسای ناوبراوە، كە دەقەكەی بەمجۆرەیە: "كاركردن لە پێناوی پاراستن و زامنكردنی دەستدانە ئازادییە دیموكراتییەكان و مافەكانی مرۆڤ و بەرجەستەكردنی رۆڵی دەزگاكانی كۆمەڵگای شارستانیی لە هەرێم دا". وەكچۆن بەپێی ئەم بڕگەیە بێت، ناچاركردنی شۆفێری تەكسیی بۆ ئەوەی پێشوەختە رەزامەندیی دەزگا ئەمنییەكانی هەبێت، ناكۆكە لەگەڵ پاراستن و زامنكردنی دەستدانە ئازادییە دیموكراتییەكان و هەروەها لەگەڵ مافەكانی مرۆڤ و دژی بەرجەستەكردنی رۆڵی دەزگاكانی كۆمەڵگای شارستانییشە لە هەرێمدا. واتا:

-پاڵپشت بە بڕگەی یەكەمی مادەی دوەمی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2009ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەرگرتنی رەزامەندیی دەزگا ئەمنییەكان بۆ ئەوەی كاری شۆفێریی تەكسیی بكەن، بەشێكە لە ستراتیژی حكومەتی هەرێم، كە ئەمە زەنگێكی مەترسیدارە و سەرەتایەكە بۆ بە سیخوڕیكردنی كۆمەڵگای كوردیی و بە پۆلیسكردنی حكومڕانیی كوردیی لە هەرێمی كوردستان دا.

- پاڵپشت بە بڕگەی سێیەمی هەمان مادەی هەمان یاسای وەزارەتی ناوخۆ، ئەم خاڵەی نێو رێنماییە تازەكەی وەزارەتی ناوخۆ، تەواو ناكۆك و پێچەوانەیە و ئەم ناكۆكیی و پێچەوانەییەیش، دەیسەلمێنێت رێنماییەكە لە دەقی یاساكە لایداوە و نابێت بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەگەر بەپێی ئەم بڕگەیەی یاساكە بێت، ئەوا یاسای وەزارەتی ناوخۆ، ئەو دەسەڵاتەی نەداوەتە وەزیری ناوخۆ، كە لە چوارچێوەی رێنماییەكەدا بۆ "رێكخستنی كاری شۆفێری تەكسیی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دا"، شۆفێرەكان ناچاربكات: بەر لەوەی كاری شۆفێریی بكەن، دەبێت رەزامەندیی دەزگا ئەمنییەكانیان هەبێت.

ئێستا پەرلەمان دەستبەكاربوایە، وەك پارلەمانتار پرسیارم لەسەر لادانە یاساییەكانی وەزیری ناوخۆ لە دەركردنی ئەم رێنماییەدا دەكرد، بەڵام بۆ داهاتویش ئەم پرسیارەمان هەر دەبێت و بەدواداچونی زیاتریشی وەكو پەرلەمانتار بۆ دەكەم و دەبێت كۆدەنگییەك دروستبكەین، كە ئەم خاڵەی نێو رێنماییەكە هەڵبوەشێنرێتەوە.


ئه‌م بابه‌ته 1508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.