ھێلەک زەردەکانی فەڕەنسا و کاریگەرییەکانی

‌مەم بورهان قانع

وڵاتی فەڕەنسا، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی ھونەرێکی بەرزی راقییە، خاوەنی سەدان فەیلەسوف و بیرمەندە، خاوەنی مێژویەکی زەبەلاحە لە ئیمراتۆریەت و کاریگەریی بەسەر کۆی ئەوروپا و جیھانەوە، ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، خاوەنی گەورەترین شۆڕشە لە مێژوی جیھان دا، کە بە شۆڕشی "فەڕەنسی" ١٧٨٩ ناودەبرێت، کە دواتر زنجیرەیەک شۆڕشی دیکەی بەدوای خۆی دا ھێنا. خاوەنی شۆڕشی خوێندکارانی پاریسە، کە لە ساڵی ١٩٦٨دا، لە زانکۆی "سۆربۆن"ەوە سەریھەڵدا و چەندین بیرمەند و فەیلەسوفی گەورە، کە مامۆستای زانکۆکە بون، لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆکەدا، بونە ھەوێنی راپەڕین و شۆڕشێکی گەورە و کاریگەریی بەسەر کۆی ئەوروپاوە بەجێھێشت، ئێستاش خۆپیشاندانی "ھێلەک زەردەکان"، کە لە دوێنێ-وە پەرەیسەندوە، ئەگەری وەرچەرخانی گەورەی لەم وڵاتەدا لێدەکرێت.

ئەمجارە "ھێلەک زەردەکان"، لە شەقامی بەناوبانگی پاریس-ەوە (شانزیلیزێ)، کە لە سەدەی ھەژدەیەمیش دا، شۆڕشی فەڕەنسیی لەوێوە کڵپەیسەند، خۆپیشاندانیان دەستپێکردوە و دژی ئیمزاکردنی ریفۆرمی "یاسای کار" لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەیانەوە، رژا‌ونەتە سەر شەقامەکان و لە ئێستاشدا، نەک روبەروی توندی ئەم ریفۆرمەی ئەم یاسایە بونەتەوە، کە چەند مانگێک لەمەوبەر سەرۆکە گەنجەکەیان ئیمزای کرد و یەکێکیش بو لە خاڵەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی بەسەرۆکی ئەو وڵاتە، بەڵکو "ھێلەک زەردەکان"، سەقفی داواکارییەکانیان بەرزترکردوەتەوە و داوای ھەلی کار دەکەن و زیانێکی گەورەیشیان بە کەرتی ئابوریی وڵاتەکەیان گەیاندوە (بێئەوەی "پاشەکەوتی موچە"یشیان بۆ کرابێت)، کە ئەم زیانانە،‌ کەرتی گەشتیاریی و خزمەتگوزاریشیان گرتوەتەوە، لەکاتێکدا بەگوێرەی ریفۆرمی یاسا ئیمزاکراوەکە، باجی سەر ھاوڵاتیان زیادکراوە، ئەمەیش بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکانی سەر دەوڵەت، لەکاتێکدا زیانەکانی ئەم چەند رۆژە کەمەی خۆپیشاندانەکانی "ھێلەک زەردەکان"، زیانی چەندین ملیارد "ئۆیرۆ"ی بە وڵاتەکەیان گەیاندوە، کە قەرەبوکردنەوەیان ئاسان نیە.

مێژوی رابردوی گەلی فەڕەنسیی، بەکۆی ئەو وەرچەرخانە گەورانەی ئەم کۆمەڵگایە لە کایە جیاجیاکان دا ھێناویانەتە ئاراوە (بە شۆڕشەکانیشیانەوە)، گەواھیدەری ئەو راستییەن، کە گەلێکی ھۆشیار و خاوەن ئیرادەن و دەتوانن بە بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی، نەک ریفۆرم بھێننە ئارا، بەڵکو دەسەڵاتیش قڵب بکەنەوە و وەرچەرخانی گەورە دروست بکەن، وەکچۆن گەورەترین ئاگریش لە پزیسک-ێکەوە دەستپێدەکات.

جیاوازیی کۆمەڵگای زیندو و کۆمەڵگای نازیندو لەوەدایە، زیندوەکان بچوکترین ناھەقی و نادادپەروەریی قەبوڵ ناکەن (سەرەڕای تێبینیمان لەسەر شێوازی گوزارشتکردنەکانیان لە ناڕەزایی و وێرانکردنی جوانییەکانی وڵاتەکانیان)، بەڵام کۆمەڵگای نازیندو، لە باشترین حاڵەت دا و بەرانبەر بە لێشاوی ئەو پێشێلکاریی و تاوان و ناھەقییانەی دەوڵەت بەرانبەریان دەیانکات،تەنھا نوزەیەکیان لێ بەرزدەبێتەوە.

تۆ بڵێی راپەڕینی "ھێلەک زەردەکان"ی پاریس، "ھێلەک سەوز" و "ھێلەک پرتەقاڵیی" و "شین" و "پەمەیی" و "قاوەیی" و "سپی"یەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەم ناوچەیەش نەگرێتەوە؟!


AM:11:03:03/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 1588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی