دووشەممەی رەش

‌كاوە محەمەد

بینووسن..لەساڵنامە و دەفتەری یاداشتەکانتاندا تۆماری بکەن، کە ئەمڕۆ دووشەممە (٢٠١٩/٦/١٠) یەکێکە لەرۆژە هەرە رەش و شومەکانی ئەم هەرێمە پڕ لەرەشایی و تارماییەی ئێمە، چونکە:


١/ ئەمڕۆ کۆڵەکەیەکی دیکەی بەبنەماڵەکردنی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم داکوتێنرا و پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کوردستانیش کران بە شاهید بەسەریەوە.

٢/ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بێ بەهاتر کرا و پەرلەمانتاران نادیارترین بوونەوەری ناو هۆڵی نمایشەکان بوون.

٣/رێورەسمەکەی ئەمڕۆ، پێش ئەوەی بۆ سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی هەرێم بێت، بۆ چەسپاندنی بەمەرجەعکردنی (مەسعود بارزانی) و رەشکردنەوە و پەراوێزخستنی مێژووی خەباتی سەرکردەکانی دیکە، بەتایبەت (نەوشیروان مستەفا و مام جەلال) بوو.

٤/ئەمڕۆ هەرچی شکستی حوکمڕانی (٢٨ ساڵ)ی رابردووە و بە پلەی یەکەم (مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) لێی بەرپرسیارن، کەچی لەرێورەسمە پڕ لەریاکارییەکەی ئەمڕۆدا هەموو ئەو شکست و نەهامەتییانەی ساڵانی رابردوو، بە بۆیەی برایەتی و یەکڕیزی درۆینەوە سپی کرانەوە و بە نرخی (سەرکەوتن و دەستکەوت) فرۆشرانەوە.

٥/رێورەسمەکەی ئەمڕۆ مەسیجی ئەوەی پێگەیاندین کە هاوپەیمانێتیی گەندەڵکارەکانی هەرێم و عیراق، بەهێزە و ئەو دەستەبژێرە شکستخواردووە لەهەر شتێکدا جیاواز و ناکۆک بن، بەڵام هەموویان بەرهەمی یەک کارگەن کە بەردەوام سیاسەت دەهاڕێت و لەئەخلاق دایدەماڵێت.

بۆیە ئەمڕۆ بە ئیمتیاز رۆژێکی رەش بوو، چونکە بەرهەمی ساڵانی تاریکی بوو و بناغەی بۆ ساڵانێکی تاریکتر دانا..


PM:10:03:10/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 5652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی