چی بکەین لەبەرامبەر ئاستەنگە نێودەوڵەتیەکانی سەربەخۆیی کوردستاندا

‌ئاسۆ کەمال


هەڵوێستی نێودەوڵەتی ئێستا لەقازانجی رفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان نیە. ئەمە ڕاستیەکە کە دەبێ خەڵکی کوردستان بیزانێ و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە هۆکاری ئەم هەڵوێستگیریە و چونیەتی ڕوبەڕوبونەوەی بزانین.

لە ئێستادا نەیارانی رفراندۆم کاریان بوەتە ئەوەی کە بەهۆی ئەم هەڵوێستە نەگەتیڤە نێودەوڵەتیەوە خەڵکی کوردستان بترسێنن تا لە دەستبردن بۆ مافی خۆی لە بەرپاکردنی رفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا پەشیمانی بکەنەوە. بیانوی ئەم نەیارانەی رفراندۆم ئەوەیە کە ئەگەر بەقسەی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە نەکەین شکست دێنین و دۆستایەتی ئەوان لەدەست دەدەین. بەڵام خەڵکی کوردستان کە سەدەیەکە گیرۆدەی کێشەی ستەمی قەومی و بێ دەوڵەتی و گیرۆدەی فیدرالیزمێکی شکست خواردوە لە عێراقدا، ئەگەر لەم فرسەتەی ئێستادا دەست  هەڵگرێت لەم خواستەی خۆی بۆسەربەخۆیی و رفراندۆم ئەوە بێگومان دژی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی، هەربۆیە سەرەڕای سەختی ئاستەنگیە نێو دەوڵەتی و ناوچەییەکان دەبێ ڕێگاچارەیەکی سیاسی و پشتیوانیەکی نێونەتەوەیی بۆ داوا ڕەواکەمان پەیدا بکەین و لەسەروو ئەوانەشەوە باوەڕبون بە هیزی خۆمان، هێزی جەماوەری کوردستان پەیدابکەین.

کێشەیەکی سەرەکی ئەم بێ باوەڕیەی خەڵکی کوردستان بەهێزی خۆی ،خودی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بوون کە لەم ٢٦ ساڵەدا خەڵکیان چاوەڕوانی سیاسەتەکانی ئەمریکا هێشتۆتەوە لە عێراقدا . دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای فیدرالیزمێکی قەومی و مەزهەبی کە کوردستانی کردەوە بە پاشکۆی عێراق، ئەو سیاسەتە شکست خواردوەی ئەمریکا بوو کە حزبە ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە پێناو بەشە داهات و دەسەڵاتدا سەربەخۆیی چارەنوسی کوردستانیان پێ گۆڕیەوە و خەڵکیان خستەوە ژێر سایەی دەوڵەت و دەستورێک کە قەومی عەرەبی و ئیسلامی شیعە ناسنامە و پایەی دەسەڵاتداریەتی.

ئەمریکا دەسەڵاتی حزبە چەکدارەکانی کوردستانی وەک کارتی فشار لەم ٢٦ ساڵەدا بەکارهێناوە و ئێستاش کە شوێن پێی لێژبوە بەهۆی هەژمۆنی ئێران بەسەر حکومەتی عێراقدا و بوەتە مەترسی ستراتیژی لە ناوچەکەدا، دەیەوێ هەمان سیاسەتی کارتی فشار درێژەپێبدا. هەربۆیە حکومەتی ئەمریکا نایەوێ رفراندۆم بکرێ. وە نەک هەر ئامادە نیە ئەم  مافی رفراندۆم و سەربەخۆییە بۆ خەڵکی کوردستان بەڕەسمی بناسێ بەڵکو لەوانەیە فشاری بڕینی کۆمەکە سەربازی وداراییەکانی بۆ پێشمەرگە دروست بکا و پشتیوانی کردن لە یەکپارچەیی عێراق دژی ئەم مافە بەکاردەهێنێ. هەربۆیە ئەگەر خەڵک تەسلیم ببێ بەم خۆشباوەڕیە کە با چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بین ئەوا دەبێت باجی گەورە بدەین و دەبێ مل بەمانەوەی وەک پاشکۆ و ژێردەستەی حکومەتی شۆڤینی و کۆنەپەرستی عێراق بدەین لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە ئەمنی و سیاسی و ناوچەیی و جیهانیەکانی ئەمریکادا.

بەڵام کوردستان و عێراق لەچاو ٢٦ ساڵ لەمەوبەردا گۆڕاوە و تەواوی هاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا گۆڕاوە. ئەمریکا چیتر تاکە زلهێز نیە کە چارەنوسی ئەم ناوچەیە دیاری بکا. سوریا نمونەیەکە لە هاتنەمەیدانی ڕوسیا و کاریگەری بەسەر گۆڕانی ناوچەکەدا. هاوکات مەترسی هاوپەیمانی ڕوسیا لەگەڵ ئێراندا نەک عێراق بەڵکو کاریگەری لەسەر مانەوەی ئەمریکا لەناوچەکەدا داناوە. هەربۆیە دژایەتیەک کە ئەمریکا دەیتوانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لە کاتی پۆل بریمەر لە ٢٠٠٣دا وەک حاکمی داگیرکەری عیراق بیکا، ئێستا ئەم دەسەڵاتەی بەسەر عیراق و کوردستاندا نەماوە و دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان بە قازانجی درێژماوەی نابێ.

هاوکات ڕوسیا دەیەوێ ژێر پێی ئەمریکا لە عیراقیشدا وەک سوریا چۆڵ بکا و دەبینین لە زمانی وەزیری دەرەوەی ، لاڤرۆڤ، سەبارەت بەمەسەلەی کورد دەیەوێ هەڵوێستێکی جیاواز لە ئەمریکا بنوێنێ. ئەو دەڵێ " وای دادەنێین دەبێ خواستە یاساییەکانی کوردەکان،وە خەڵکانی تریش، بخرێتە نێو چوارچیوەی یاسا نێودەوڵەتیەکانەوە ، ئەمەش دەبێ بکرێ لەگەڵ بڕیاری بەرپاکردنی رفراندوم، کەوەکو بزانم لە هەولێرەوە گیراوەتەبەر."*١ وە لە چاوپێکەوتنێکیشدا دەڵێ" دەبێ لەگەڵ ئەنجامی رفراندۆمەکەدا مامەڵە بکرێ". *٢

بەڵام ئێمە نابێ لە خۆشباوەڕی بە ئەمریکاوە بازبدەین بۆ کەوتنە دوای خۆشباوەڕی بە ڕوسیا. لانی کەم لەبەرئەوەی بەپێی تەجروبە لە ساڵی ١٩٤٦ ڕوسیا پشتی کۆماری مهابادی بەردا و ئەمەش بوە مایەی تێکشکانی لەلایەن دەوڵەتی شای ئێرانەوە. هەروەها خۆشباوەری بە ئەمریکا و ئێرانیش لە ١٩٧٤ ڕاپەڕینی چەکدارانەی پارتی ئاشبەتاڵ پێکرد. ئەم تەجروبانە نیشانمان دەدەن کە سیاسەتی خۆشباوەڕی و خۆبەستنەوەی حزبە ناسیونالیستەکان بەم زلهێزانە دەبنە مایەی شکست ئەگەر خەڵکی کوردستان خۆیان نەخشە و سیاسەتێکی سەربەخۆیان نەبێ بۆ بەدەستهێنانی مافی رفراندوم وسەربەخۆیی. دەبێ لەلامان ڕۆشن بێت کە ئەم زلهێزانە بەشوێن بەرژەوەندی خۆیانەوەن نەک ڕۆژێک مەسەلەیان ئەوەبێ کە کێشەی کورد بهێننە سەر مێزی حکومەتەکەیان و چارەسەری بۆ دابنێن. نەیاری ئەمریکا بۆ بەرپاکردنی رفراندۆم بەرژەوەندی مانەوەی سەربازی و سیاسی و ئابوری ئەمریکایە لە عێراقدا، نەک ئەوەی ئەمریکا کاتێکی گونجاوی هەیە بۆ رفراندوم و سەربەخۆیی.

ئەمریکا رفراندوم وسەربەخۆیی وەک مافێک بۆ خەڵکی کوردستان ناسەلمێنێ و لە بەرنامە و بەرژەوەندیدا نیە. هەربۆیە داوای دواخستنی رفراندوم داوای نەکردنی رفراندومە. هەربۆیە خەڵکی کوردستان نابێ باجی مانەوەی ئەمریکا لە عیراقدا بدا و سەربەخۆیی خۆی بکاتە قوربانی بەرژەوەندی ئەمریکا. ئەم سیاسەتەی دەڵێ " خەڵکی کوردستان ناتوانن خۆیان بپارێزن و ئەمریکاش ئامادەنابێ بیانپارێزێ ئەگەر بەگوێی نەکەن"، سیاسەتی کردنی سەربەخۆیی کوردستانە بە قوربانی بەرژەوەندی ئەمریکا. بە پێچەوانەوە پێویستە خەڵکی کوردستان بە باوەڕ بون بەوەی بەهێزی خۆی و هێنانە مەیدانی ئیرادەی خۆی دەبێ بە شوێن پەیداکردنی فرسەتەوە بێت بۆ سەپاندنی مافی رفراندۆم و سەربەخۆیی بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و فشارهێنان بۆ ئەمریکاش کە ئەم مافە بسەلمێنێ.
لە ئێستادا ڕێگای عەمەلی و خێرا بۆ بەدیهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و سەلماندنی مافی خەڵکی کوردستان لە رفراندۆم و سەربەخۆییدا  چاوەڕوانی گۆڕانی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیا و وڵاتانی ناوچەکە نیە بەڵکو کردنە ئەمری واقیعی رفراندۆم و سەربەخۆییە. واتە دەبێ وەک خەڵکی کوردستان خۆمان رفراندۆم بکەین تا وەک ئەمری واقیع دانمان پێدابنرێ و لێرەوە فشاربهێنین کە مافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان بۆ بەڕەسمی بناسرێ لەلای نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئێمە دەبێ کاربکەین لە پێناو پراتیک کردنی ئەو هەڵوێستەی ڕوسیا کە مەسەلەی رفراندۆم لە چوارچیوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا دابنرێ و بەپێی بەپێی مادەی ٢.١ و ۲ ی گەڵاڵەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و و مادەی ۲ی بڕیارنامەی ئەنجومەنی گشتی ۱٥۱٤ ی ۱٤کانوونی یەکەمی ۱۹٦٠ و CCPR , ICESCR ، خەڵکی کوردستان مافی بڕیاردانی چارەنوسی خۆی هەیە لەبەرئەوەی قوربانی جینۆساید و داگیرکاری بوە لە سەدەی ڕابردوودا و ئێستاش دەستوری عێراق ناسنامەی عەرەبی سەپاندوە بەسەر دەوڵەتی عێراقدا و ڕێگا چارەی فیدرالیەکەی شکستی خواردوە ، هەربۆیە هیچ زەمانەتێک بۆ دوبارەبونەوەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیستی دەوڵەتی عێراق و تەنانەت هێرشی دەوڵەتانی ئێران و تورکیاش بۆ سەر کوردستان نیە. وەک ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ئەم خواستەمان ئاراستەی نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا کردوە و هەوڵدەدەین لە کوردستان و لەدەرەوەی وڵات پشتیوانی حزب و پەرلەمان و حکومەت و ڕیکخراوە ئینساندۆستەکان و یەکێتیە کرێکاری و جەماوەریەکانی بۆ ڕاکێشین.
ئاستەنگێکی نێودەوڵەتی تری رفراندۆم وسەربەخۆیی کوردستان پاساوێکی تری ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی تر ئەوەیە کە رفراندۆم و سەربەخۆیی تەنیا لە ئاستی کوردستانی عێراقدا نامێنێتەوە و کاریگەری لەسەر ناوچەکە دادەنێ. ئێمە دەڵێین ئەم ڕاستیە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو چارەسەری ئەم کێشەیە پاڵ پێوە بنێ نەک پشتگوێخستن و دژایەتی کردنی. خەڵکی کوردستان لەم ناوچەیەدا نابێ چیتر ستەمی لێبکرێ و ڕێگەشی پێ نەدەن کەداوای لاچونی ئەو ستەمە بکات لەبەرئەوەی کە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەدا نیە کە خەڵکی کوردستان سەرکوت دەکەن.

بەم پێیە دەبێ داوای کۆنگرەی نێودەوڵەتی بکەین لە ڕوسیا و ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتوەکان سەبارەت بە مافی رفراندۆم و سەربەخۆیی لە عێراقدا و چارەسەری کێشەی کورد لە ناوچەکەدا. پێویستە ئەم مافانە وەک بەشێک لە یاسا نێودەوڵەتیەکان بۆ خەڵکی کوردستان بەڕەسمی بناسرێ، تاکو چیتر ڕێگری لە بەرپاکردنی رفراندۆم و سەربەخۆیی نەکرێ و داوای دواخستن و سپاردنی بە مەحاڵ نەکەن. پێویستە  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم  پێداگریەی خەڵکی کوردستان لەخواستی رفراندوم و سەربەخۆیی و ئەم چاوەڕوانیەی لەخۆی ببینێ تاکو بزانێ کە ئەم خەڵکە ناتوانن چیتر بەدیار خۆشباوەڕی و فریودان و کردنیان بەکارتی فشارەوە لە کۆریدۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دابنیشن .

بەڵکو پێویستە دەزگا نێودەوڵەتیەکان بزانن کە خەڵکی کوردستان وەک خەڵکی فەلەستین ، تەیموری ڕۆژهەڵات ، باشوری سودان ، کۆسۆڤۆ ، بیابانی ڕۆژئاوا و چەندین شوێنی تر دەیانەوێ ماف و مەسەلەکەیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەڕەسمی بناسرێ و مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و کۆنگرەی نێودەوڵەتی لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەر کێشەکەیان بکرێ و کاری جدی بکا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

 خەڵکی کوردستان دەبێ چۆن خۆی لە رفراندۆمێکدا بڕیار لەسەر سەربەخۆیی دەدا و نەک حزبەکان دیسان بڕیاری فاشلی تریان وەک فیدرالی و ئۆتۆنۆمی و کۆنفیدرالی بەسەردا بسەپێنن، پێویستە لە چاوەڕوانی لە کۆنگرەی نەتەوەیی حزبە ناسیونالیستەکان نەبێ کە داوای ئەم کۆنگرە نێودەوڵەتیە بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

بێگومان کۆبونەوەی حزبەکانی کوردستان لەدەوری ئەم خواستەی رفراندۆم و سەربەخۆیی و داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەڕەسمی ناسینی کارێکی پێویستە بەڵام ئەمە نابێ لە چوارچێوەی ئەو کۆنگرە ناسیونالیستیەدا بێ کە پارتی و پەکەکە شەڕیانە لەسەر باڵادەستی تیایدا و هەرکامەیان دەیەوێ ئەجیندا و سیاسەتی ناوچەیی خۆی بەسەر حزبە بەشداربوەکاندا بسەپێنێ و هیچ کات ڕێگا چارەی رفراندوم و کارکردن بۆ سەلماندن و جێبەجێکردنی مافی جیابونەوەی خەڵکی کوردستان نەبوەتە ئەجیندا و بەرنامەی ئەم جۆرە کۆنگرە و کۆبونەوانە. بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی و کردنی سەربەخۆیی کوردستان بە ئەجیندا و بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان هەنگاوێکی جدی و چارەنوسازە بۆ بەڕەسمی ناسینی مافی سەربەخۆیی و لابردنی ئاستەنگە نێودەوڵەتی وناوچەییەکانی. ئەم ئامانجە پیویستی بە هەوڵی هەموو خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسی و جەماوەریەکانە و ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان کار لە پیناو کۆکردنەوە و هێنانەمەیدانی ئەو هێزە جەماوەریە بۆ سەرخستنی خواستی خەڵکی کوردستان لە سەربەخۆیی دەکا.

ئاسۆکمال
‏2017‏/08‏/14
*١ https://sputniknews.com/politics/201707241055837549-lavrov-iraq-kurdistan/
*٢ http://www.rudaw.net/sorani/interview/24072017


PM:12:34:14/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 2637 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی