نامەیەکی کراوە لە بەهادین نوریەوە بۆ یەکێتی

‌بەهادین نوری

بەڕێزان :

جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی ی ن ک کۆسرەت ڕەسوڵ
باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی
هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی وئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ب / سکاڵای شەخسی لە زوڵم و نا عەدالەتی

حەزم دەکرد لەباتی ئەم نامەیە سکاڵایەکی یاسایی لە دادگا تۆماربکەم . بەڵام مەخابن لە دۆخی نەبوونی دیموکراسی و لە سایەی ڕێرەوی حیزبایەتی تەسکدا ئەوە ناکرێ .

لەسالی ١٩٤٢ دا باوکم ــ نوری بابەعلی ــ پارچەیەک زەوی (٩٤ ) مەتری لە تەنیشت مزگەوتەکەی خۆیەوە لە سلێمانی کڕی وکردی بە خانویەک بۆ خێزانی خۆی ــ بەرە دایکی من کەلەو خانوەدا ژیان هەتا ١٩٧٦ ، دواتر لەترسی ڕژێمی سەدام چۆڵیانکردو حکومەت حیجزی خستە سەری هەتا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە کوردستاندا . لەسالانی ئەو حیجزە دا ، کە هەتا نەمانی دەسەڵاتی بەعس لەهەرێمدا بەردەوام بوو ، بۆ چەند ساڵێ فیتەرێکی سەیارە ئیشی تێدا دەکرد و کرێکەیشی دەدایە شارەوانی . دوای نەمانی بەعس دوبرازام خانوەکەیان نۆژەنکردو چوونە ناوی ، چەند ساڵ تێیدا ژیان . لە ساڵی ٢٠١٣ دا لەسەر داوای وەرەسە ، خانوەکە فرۆشرا بە من و سورەت قەیدی خرایەسەر هاوسەرەکەم . منیش لەو کاتەوە دەستم کرد بە مەعامەلەی ڕەسمی بۆ کڕینی ئەو زەویە مەتروکەی عایدی شارەوانیەو دەرکەوت بەگوێرەی یاسا مەتروکەکە بۆتە زەوی من کە ( ٧٠ ) ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە لەو کاتەوە باوکم کڕیوێتی . هەر لەو کاتەوە فۆادی بەرپرسی بەشی یاسا لە شارەوانی سلیمانی کەوتە هەوڵ و تەقەلا بۆ ئەوەی ئەو مەتروکەیە نەدرێ بە من . فۆاد بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی ئەو مەتروکەیەی کرد بەڕێگەی تایبەت ( گریق خاص ) کە بە یاسا دەبێتە ملکی شارەوانی . حاکمی بەدائە( عمر احمد ) لێکۆڵینەوەی یاسایی کرد، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەموولایەنانی پێویست ، داوای شارەوانی ڕەتکردەوە گوایە ڕێگەی تایبەتەو بڕیاریدا کە مەتروکەکە بۆتە مڵکی من ، چونکە هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوە کە ڕێگەی تایبەت بێ . فۆادی شارەوانی بەمە ڕازی نەبوو ، بڕیاری حاکم عمری تەمیز کرد . هەیئەتی ئیستینافیش بەسەرۆکایەتی( حاکم لەتیف ) و ئەندامێتی ( حاکم هاشم و حاکم خدر ) ، بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەو بەڵگەیەکی یاسایی ، بڕیاری حاکم عومەر یان هەڵوەشاندەوە و زەویەکەی منیان کرد بە(ڕێگەی تایبەت) و بە کردەوە ئیسپاتیانکرد کە خەمخۆری یاسا و عەدالەت نین . من بڕیاری ئیعتیرازمدا ، بەو هیوایە کە خودی ئەو دادگایە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەدا بکات . بەیارمەتی پسپۆرێکی یاسایی یاداشتێکم پێشکەش کرد ، بەڵام مەخابن لەباتی ئەوەی تەمیز خۆی لێکۆڵینەوە لە پرسەکەدا بکات گەڕاندیەوە بۆ ئەو هەیئەتە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان دابوو . چاوەڕوان کراوبوو کە حاکم لەتیف بڕیاری پێشووی خۆی بچەسپێنێ . منیش مەئیوس بووم لە جێبەجێکردنی یاسا وعەدالەت و ناچار داوام کرد لە ئەنجومەنی شارەوانی ئەو (١٠٤م)مەتروکەیەی خۆمم پێمبفرۆشێ . ئەنجومەن ڕازی بوو ، لیژنەی خەمڵاندنی شارەوانی بەسەرپەرشتی جێگری سەرۆکی شارەوانی ( ئاکۆ ) نرخی (١٠٤م) مەترەکەی بەنزیکەی ٣٠ ملیۆن دینار دانا. هەوڵمدا کەمی بکەنەوە . تەنها سێ ملوێنیان لێکەمکردەوە ، بەڵام ٥ / ٥٣ ملیۆنیان خستە سەری وەک کرێی ئەو زەویەی کە کەمتر لە شەش ساڵە بۆتە مڵکی من . واتە دەبێ ٨٠ ملیۆن دینار بدەم بە شارەوانی بەرانبەر بەو ١٠٤ مەترە کە بەهیچ کلۆژێ ڕۆژێ لە ڕۆژان ( ڕێگەی تایبەت ) نەبوەو بە نایاسایی لێمداگیرکراوە . جگە لەمەش ئەم 53,5¬ملیۆنە تەنها کرێی زەویە ( ١٠٤ م ) . شارەوانی هیچی لە دروستکردنی خانووەکەدا خەرج نەکردووە .

بەڕێزان بەرپرسانی ینک !
هەقوابوو ئێوەش کە دەسەلاتداری سلێمانی بوون بە دەستپێشخەری خۆتان خانوویەکی شایستە بدەن بەمن، وەک ئەو خانووە کە کردتان بۆ سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشان قادر عزیز ، وەک ئەوەی مام جلال لە بناری هەیبەت سوڵتان(کۆیە) دای بە کریم احمد ، وەک ئەوخانووەی لە سلێمانی کڕی بۆ محمدی ملاکریم ، وەک ئەو دوخانووە ٦٠٠ مەترییەی مەسعود بەرزانی لەهەولیر دروستی کرد بۆ کریم احمد و یوسف حنا ، وەک ئەو دوخانووە ی پەرلەمان مسعود لەهەولێر دای بە کۆچکردو عزیزمحمد و بە عمری مامەشێخە . ئەوانە خانویان وەرگرتووە پیرۆزیان بێ ، مافی خۆیانە . منیش هاوشێوەی ئەوان بووم ، دانیشتووی سلێمانی بووم کە لە ١٩٩١ وە بۆتە ناوچەی دەسەلاتی ئیوە . ئاخر منیش زێتر لە ٧٠ ساڵە لە گۆڕەپانی خەباتدام ، بە خاوێنی و شەرەفمەندانە هێناومە دوور لە گەندەڵی و ساختەکاری ، لە پێناوی گەل و نیشتیماندا . منیش هیلاک بووم و قوربانیم داوە ، حوکمی ئیعدامم لە ١٩٥٣ بەسەردا سەپێنرا و دوایی کرا بە حەپسی ئەبەدی ، ٦ ساڵ لە سجندا مامەوە هەتا شۆرشی ١٩٥٨ . دەیەها ساڵ لە شارەکاندا خەباتی نهێنیم کردووە یان بە کەژو کێوەوە پێشمەرگە بووم لەژێر هەڕەشەی تۆپ وتەیارەی سەدامدا ... هتد . لەم ٢٨ ساڵەی حکومرانی کوردیشدا کە من دانیشتووی سلێمانی بووم ، هەشت ساڵی کرێچی بووم و ٢٠ ساڵیشی لە گەڕەکێکی شەعبی کۆن ، لەخانوویەکی سادەدا ، ( لە سابوونکەران ) ژیاووم ، کە هیچ کادرێکی پلە چواریش لەیەکێتی پێی ڕازی نابێ . منیش حەزم لێبوو لە خانویەکی باشتردا بژیایەم بەڵام پارەم نەبووە خانووی باش بکڕم ، چوونکە تەمەنم لە هەشتا تێپەڕی ئینجا مووچەی خانەنشینم بۆ بڕدرایەوە . دوای ئەوەش نەشتەرگەریەکی قورسم بۆکراو پێویستم بە عیلاج بوو لەدەرەوە . جارێک مسعود بەرزانی ناردمی بۆ عیلاج لە نەمساو چوار جاریش لەسەرگیرفانی خۆم چووم بۆ عیلاج لە ئەڵمانیاو لە هیندستان . چوارساڵیش لەوانەبووم کە پاشەکەوتی زۆرەملی مووچەیان سەپێنرا بەسەردا . ئیتر بەچی خانووی باش بکڕم ؟

حکومەتی سلێمانیش لەباتی ئەوەی خانووم بۆ بکڕن ، ئەو (١٠٤م)ە زەویەشیان لێزەوتکردم کە بەیاسا بۆتە مڵکی خۆم . ئەمەش سزایەکە وەک تۆلە سەندنەوە لەسەر ئەوە کە هەڵوێستی سیاسیم لە هەرێمدا لەگەڵ ئۆپۆزسوێنی ئاشتیانەی دیموکراسیانەبووە بەرانبەر دەسەڵات .
بەداخەوە حکومڕانانی هەرێمیش قەت بەشتی وەها ڕازی نەبوون و دیموکراسیانە لەگەڵ ئەم خەڵکە نەجوڵاون . هەمیشە پابەندبوون بەڕێڕەوی حیزبایەتی تەسکەوە ، ویستویانە هەمووکەس لەسەر ئاوازی ئەوان هەڵپەڕێ .

تۆزێ ویژدان برادەرینە ! لەم ٢٨ ساڵەی حوکمڕانیتاندا چەند هەزار مەتر ، بەڵکو چەند هەزار دۆنم زەوی بەناعەدالەتی بەش کراوە ؟ چەند لە کادرەکانی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار ٥ جار و ٦ جار زەویان وەرگرتووە و فرۆشتوویانە؟ لێپرسینەوەتان لەگەڵ کێ کرد لەوانە ؟ کێتان سزادا ؟ ئەی بۆچی لەگەڵ من هێندە توندن ، پارچە زەویەکی بچکۆلەی خۆیشم پێڕەوا نابینن ، دەبێ داگیری بکەن ؟
تۆزێ ویژدان برادەرینە ! ئەمەی لەگەڵ منتانکرد پاداشتی ئەوەبوو کەمن لە ١٩٥٢ ، کاتێ کە سکرتێری حشع بووم ، ( مافی چارەنووسی گەلی کوردم ) لەنێو بەرنامەی حیزبدا تۆمارکرد و پرسی کوردم گواستەوە بۆ قۆناخێکی بەرزتر ؟ یان ئەمە پاداشتی ئەوەیە کەلە ١٩٨٣دا ، کاتێ بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوک بووم ، یەکەم کەس بووم لە کوردستاندا یاخی بووم لە سەرکردایەتی حیزبەکەم و ڕەفزم کرد بەشداری لە شەڕی براکوژیدا بکەم ؟

حەزدەکەم ئەوە بزانرێ کەبەهیچ کلۆژێ من ٨٠ ملیۆن دینارم پێنادرێ بەشارەوانی بۆ کڕینی ١٠٤ مەترە زەوی کە لێمداگیر کراوە . ئەو مەتروکەو ٩٤ مەترە تاپۆدارەکەی خۆشـم لێدە سەندن بۆ شارەوانی فەرموو بیبەن . لەسەر ئەو ٨٠ ملیۆنە دەمخەنە بەندینخانە فەرموو بمخەن .

من داوایەکی سادەتان پێشکەشدەکەم لەم ٢ خالەی خوارەوەدا :

١ـ لیژنەیەکی بێلایەن ، یان حاکمێکی بێلایەن ، دیاری بکرێ بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەدا . ئەگەر ئیسپات بوو کە ئەو ١٠٤ مەترە ڕێگەی تایبەتە ئەوە بە ٩٤ مەترە تاپۆدارەکەی منیشەوە پیرۆزی شارەوانی بێ . ئەگەر پێچەوانەی ئەمەش ئیسپات بوو ئەوە دەبێ فۆادی بەرپرسی یاسا لە شارەوانی و ئاکۆی جێگری سەرۆکی شارەوانی و حاکمەکان(لگیف و هاشم و خدر)بخرێنە بەردەمی عەدالەت و سزای یاسایی خۆیان وەرگرن + داوای قەرە بووی ئەم زوڵم و زۆرە دەکەم بە کرێی پارێزەریشەوە .

٢ـ داوای خانووتان لێناکەم چونکە زووتر داوام لێکردن ، لە ئێوەش و لە هەولێریش ، کەس نەهات بە دەممەوە . بەڵام من گەیشتوومەتە لیواری گۆڕ ، لە ٩٠ ساڵ تێپەڕیوم حەزدەکەم خانوویەکی باش بۆ مناڵەکانم بەجێبێڵم . لەبەر ئەوە خوازیارم لەئێوە پاشەکەوتی مووچەی ئەو ساڵانەی بڕدراوە لێم بمدرێتێ تا خانوویەکی پێبکڕم . 

لەگەڵ ڕێزم .

سکرتێری پێشتری حشع ، تێکۆشەری دێرین
بەهادین نوری باباعلی
حوزەیرانی ٢٠١٩ - عێراق - سلێمانی

وێنە :
بۆ سەرەکوەزیرانی هەرێم
بۆ وەزیری دادی هەرێم
بۆ سەرۆکی نەقابەی پارێزەران – لقی سلێمانی
بۆ هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەرێم

تێبینی – ئەم نامەیە لە ٢٣ / ٦ دا نێردراوە بۆ بەرپرسانی یەکێتی . لەم سێ هەفتەی ڕابردوودا هیچ وەڵامێکم وەرنەگرتووە لەبەر ئەوە وەک نامەیەکی کراوە بڵاوی دەکەمەوە با هاوڵاتیانیش بیخوێننەوە . خۆزگە خوێنەران ڕای خۆیان لەسەر ئەم کەیسە دەردەبڕی .


PM:09:12:16/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی