پاش ئەم تەزویرە گەورەیەی هەڵبژاردن ئۆپۆزسیۆن چیدەکات؟

‌بەهادین نوری

شانۆگەری ٣٠ ئەیلولیش تەواوبوو، بەڵام قسەوباس لەسەر ساختەکاریەکان هێشتا زۆری بەبەرەوەیە.
ژمارەی کورسیەکانی ئۆپۆزسیۆن ناگاتە سێیەکی پەرلەمان ئەمەش تۆمارکرا لە مێژووی ٢٧ ساڵەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتیدا وەک پاڵەوانانی یەکەم و دووەمی تەزویری هەڵبژاردن.
ئەمڕۆ زیتر لە هەمووکاتێ پێویستە ئەوخەڵکە بزانن کەئەمەش لاپەڕەیەکی نوێیە لەمێژووی ئەم وڵاتەداو ڕووداوەکان لێرەدا کۆتاییان نایەت، ئەمە نابێتە کۆتا لاپەڕەی مێژوو.
ئەم سەرکەوتنەی تەزویرچیەکان شان و شکۆیان بەرز ناکاتەوە، بەڵام مەترسی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە ببێتە هۆکارێ بۆ دابەزینی ورەی ئۆپۆزسیۆن. من لەوانە دەپرسم کە پێیانوایە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەردەمێنێ : کوا ڕژێمی پاشایەتی کە ئیستیعماری بەریتانی بەهەموو توانای خۆیەوە پشتی دەگرت ؟ کوا ڕژێمی عبدالکریم قاسم ؟ کوا ڕژێمی بەعسیەکان و عبدالسلام عارف کە شوباتی ١٩٦٣ بە کۆدەتا دەسەڵاتی وەرگرت ؟ کوا ڕژێمی سەدام تکریتی ؟ حەتمەن ئەوڕۆژەش دێت کەبپرسرێ کوا ڕژێمی ئەو دووبنەماڵەیە کەبە تەزویری هەڵبژاردن حوکمیان دەکرد. ئێمە ئەمڕۆ لەچەرخی گڵۆباڵ ( عولمە ) داین کەزۆرکەس لەم خەڵکە ناوەکەیان بیستووەو بە ناوەڕۆک لێی تێنەگەشتوون و نازانن مانای چیە، کە گڵۆباڵ ئەم جیهانە بەرینەی کردۆتە گووندێک.
گڵۆباڵ چەرخی خواحافیزیە لە دیکتاتۆریەت و شادبوونی هەموو جیهانە بە ئازادی و دیمۆکراسی، هاوار و سکاڵای هەرێم ( وەکوو جەماوەری هەموو عێراق ) لەدەست ئەم حوکمڕانە تەزویرچییانە شتێکی ڕاست و ڕەوایە.
بەڵام ئەو دەرئەنجام ( استنتاج )ەی هێندێکەس هەڵیدەێینجن و ڕێگەچارە نابینن جگە لە پەنابردن بەزەبرو زۆر ، بەهەڵەدا چوون و شیکاریە سیاسیەکەیان تەواونیە.
باشە بەئەعسابی ساردەوە، دوور لەتووڕەیی و هەڵچوونی وردە بۆرژواییەوە نەخشەی خەبات بۆ ئاییندە داڕێژرێت بە سەبرو پشووی درێژەوە. بایکۆتی پەرلەمان و دەستبەرداری ئەوکورسیە کەمانەی بۆ ئۆپۆزسیون دەرچووە هەڵەیە و بەزیانی زۆر دەشکێتەوە بەسەر ئۆپۆزسیۆندا .
هەڵوێستی ڕاست و دروست ئەوەیە کە کەڵک لە کورسی پەرلەمان وەربگیرێ بۆ فەزحی تەزویر و کردارەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و جیهان بەئاراستە کردنی یاداشت و نامە لەلایەن پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنەوە ( بەجیا لەلایەن حیزبەکانیشەوە ) بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و روسیا و چین و یابان و عەرەب و تورک و ... هتد .
شانبەشانی کەڵک وەرگتن لە پەرلەمان پێویستە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرنامەیەکی تۆکمەی خەباتگێڕی بۆ جوڵانی جەماوەر داڕێژن ( کۆبوونەوە ، خۆپیشاندان ، مانگرتن : هتد ) دەسەڵاتداران بە غەلوغەش دەتوانن دەنگ بدزن ، بەڵام ناتوانن تاسەر جەماوەر بخەڵەتێنن .
ئەو حیزبە پەنا بەتەزویر دەبات کەباوەری بەخۆی نیە و دەزانێ بێتەزویر ناتوانێ لەسەر کورسی حکومڕانی بمینێ . ئەگەر ئەمڕۆش بەهۆی تەزویرەوە لەسەر کورسی بمێنن ئەو رۆژە هەردێت کەلافاوی رق و کینەی جەماوەر ڕایاندەماڵێ . من داوا لەحزب و گروپ و کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکەم ، بەتایبەتی لە گۆڕان و نەوەی نوێ دەکەم، کە خیلافاتیان بخەنە لاوە و ڕێبکەوون لەسەر هاوکاریەکی تۆکمە و رێکوپێک بۆ خەباتێکی بەهێزتر دژی حوکمی ٢٧ ساڵەی شکستخواردوو .
لای هەموان ڕونە کە نەتەوەییەکان خۆیان لەسەر کورسی دەسەلات تاقیکردەوە وپاش دەیەها ساڵ لە حکومڕانی ئەزمونێکی فاشلیان پێشکەشکرد .. ئەوە جەمال عەبدولناسر لە میسر، ئەوە سەدام حسێن لە عێراق ، ئەوە پارتی و یەکێتی لە هەرێم کە پاش ٢٧ ساڵ لە حکومڕانی ناچارن پەنا بەتەزویر بەرن بۆ ئەوەی لەسەر کورسی بمێننەوە .
هەروەها ئیسلامیەکانیش پاش سەدام جڵەوی دەسەڵاتیان لە عێراقدا وەرگرت و پاش ١٥ ساڵ لە حکومڕانی فەشەلیان هێنا، عێراقیان گەیاندۆتە ئەم گێژاوە ترسناکەی ئەمڕۆ گیری تێدا خواردووە.
ئەوە چەپەکانیش کە بەرلەوەی بچنە سەرکورسی پووکانەوە و ڕۆڵێکیان نیە شایەنی باس بێ. جگە لەمانە ئەمڕۆ هەرێم پێویستی بە ڕێخراوێکی نوێ هەیە کەخۆی پێشکەش بەم میللەتە بکات وەکو بەدیلێ بۆ پارتی و یەکێتی .
فەشەلی ئەزموونی حیزبە سیاسیە نەتەوەیی و ئیسلامی و چەپەکان خۆی لەخۆیدا پاساوە بۆ گەڕان بەشوێن مۆدیلێکی باشتردا لە ڕێخراوی سیاسی کەڕەزامەندی زۆرینەی خەڵکی هەرێم ( وەکو هەموو عێراقیش )ی لەسەربێ ، تەنها ڕێخراوێکی دیمۆکراتیە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیمۆکراتی ئەوروپی ئاسا، وەکو کۆمەڵگەی سویدی، هۆڵەندی، سەنگافوری، کەنەدی...هتد .
دروشمی ستراتیجی ئەم ڕێخراوە : - بەڵێ بۆ بەدیلێکی دیمۆکراتی، بەڵێ بۆ کوردستانێکی وەکو سەنگافورە.
پێشنیازی من سەبارەت بە ناوی ئەم ڕێخراوە : ( بزافی چاکسازی دیمۆکراسی _ ب چ د ). ئەمەش لەکۆنگرەی دامەزراندنی ڕێخراوەکەدا بڕیاری لەسەر دەدرێ .
دەبێ ئەوەش ڕوونبێ کە ( ب چ د ) کە هەموو هێزو توانای خۆی دژ بە حوکمڕانی پارتی و یەکێتی ئاراستە دەکات و لەگەڵ ئەم دوو حیزبەش ؛ێشەیەکی نا سیاسی نیە . وێڕای ئەمەش خۆی بە دۆستی هەموو حیزبێ یان گروپێ یان کەسێکی ئۆپۆزسیۆن دەزانێ و دەستی هاوکاری بۆ هەموویان درێژدەکات.


PM:04:20:02/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 4708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی