بۆمبارانی کۆیە و حکومڕانانی هەرێم
بەهادین نوری
هەر ڕۆژێ نە ڕۆژێ فڕۆکەکانی تورکیا بۆمبارانی ناوچەیەکی هەرێم دەکەن گوایا پەکەکەی تێدایە . حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دوێنێ مووشەک بارانێکی زۆر چڕی بارەگاو خێزانەکانی حد کای کرد لە کۆیە و دەیەها کوژراو برینداری لێکەوتەوە . هەموو کەس دەزانێ کە لە تارانیش و ئە نکەرەش ئیسلامی سیاسی لەسەر کورسی حوکمن. بەس دەپرسرێ ئەوانە بە پێی کام ئایەتی قورئان و کام (فەرموودەی پێغەمبەر) ئەم بۆمبارانانە دەکەن؟ ئەگەر بە زمانی شارستانی و گڵۆباڵ ( عولمە)ش بپرسی : بە پێی کام مرۆڤایەتی و مافی مرۆڤ ئەم قەسابخانانە دروستدەکرێن لە نێو ئەم خەڵکە بێتاوانەدا؟
بۆمبارانی کۆیە بەم شێوەیە یەکەمجار نیە، ئەمە لە نەوە دە کانیشدا کرا بە ڕەزامەندی جلال تالەبانی . ئەو کاتە هێزی سەربازی ئێران بە ناو خاکی هەرێمدا تێپەڕی هەتا گەیشتنە سەر چیای هەیبەت سوڵتان و لەویوە بۆمبارانی بارەگاکانی حدکا یکرد . بەڵام تاڵەبانی ئەوەندەی پیاوەتی کرد کە ژێر بە ژێر حدکا ی لەو پرسە ئاگادار کرد، هیچ کوژراوو بریندارێکیان نەبوو . بەڵام ئەمجارە شتێکی تر بوو ، ژمارەیەکی زۆر قوربانی بەدوا دا هات.
بە توندی ئیدانەی ئەم دەستدرێژیە دەکەم و پرسەو سەرەخۆشی لە خێزانەکانی هەموو قوربانیانی برایانی حدکا دەکەم بە هەردوو باڵەکەیەوە ، بە هیوای شیفای هەموو بریندارەکانیان . حەز دەکەم ئەوەش بە برادەرانی ڕۆژە ڵات بڵێم کە بە هیچ گۆنەیەک پشت بە پارتی و یەکێتی و حەیدەر عبادی نە بەستن بۆ پاراستنیان ، خۆیان خەمی خۆیان بخۆن و چیان پێدەکرێ بیکەن بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان .
PM:10:51:08/09/2018
ئهم بابهته 4575
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی