نامەیەکی کراوە بۆ بەرپرسان و هەموو کادرەکانی گۆڕان

‌بەهادین نوری


من هیچ کاتێ ئە ندامی ب . گ . ( بزووتنەوەی گۆڕان ) نەبووم . وەکو کەسایەتیەکی دیموکراتی سەربەخۆ لە ئۆپۆزسوێنی سیاسی ئەم وڵاتە دا خۆشحاڵ بووم بە دامەزراندنی ئەم حیزبە لەیەکەم ڕۆژەوە ، چونکە وەکو ڕێخراوێکی ئۆپۆزسوێن لە دایکبوو ، هیوایەکی بە خشی بە جەماوەر کە بتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ ببینێ لە کۆتایی هێنان بە قۆرخکردنی دەسە ڵاتی ناهەمواری پارتی و یەکێتی . 

پەیدابوونی ب . گ . ئەنجامێکی لۆژیکی بوو بۆ ئەو سیاسەتە چەوتەی کە پارتی و یەکێتی پێڕەویان کرد لە ١٥ ساڵی پاش گواستنەوە یان لە شاخەوە بۆ شار ، لە شەڕی پارتیزانیەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵات . لەو ساڵانەدا جەماوەری هەرێم بەتەمای بنیاتنانی کوردستانێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو دیموکراتی بوو . بەڵام ئەوی ڕویدا پێچەوانەبوو : شەڕی برا کوژی نەوەدەکان لە سەر کورسی و پارەو قۆرخکردنی دەسەڵات و گەندەڵکاری بێئەندازەو دروستکردنی توێژێکی کۆمەڵایەتی نوێ لە مشە خۆران کە بێ خستنە گەڕی هیچ سەرمایەیەک ، لە ڕێگەی بەکار هێنانی دەسەڵاتەوە ، بوون بە ملیۆنیر و ملیار دێر . ئەمە ناڕەزایەتی و ڕق و کینەی توێژێکی گەورەی لە ناو جەماوەردا دروستکرد، بنەمای کۆمەڵایەتی بۆ ڕێکخراوێکی وەک ب . گ . دروستکرد . شکۆی سەرکردایەتی ئەم دروستکردنەش بە نەوشیروان مستەوفا بڕا کە یەکەم کەس بوو ئۆپۆزسوێنی پەرلەمانی لە هەرێمدا دروستکردو بنەمای بۆ دەستاو دەستی دەسەڵات داڕشت . دەبێ بوترێ کە ئەم ئیشە هە ر بە کەسایەتیەکی وەک نەوشیروان دەکرا کە دەیەها ساڵ لە ناو پارتی و دواتر لە ناو یەکێتیدا بووە و دواتر گەیشتە قەناعەت کە دەبێ جێیان بێڵێ و بچێتە ڕیزی ئۆپۆزسوێن .

تەوژمی جیابوونەوە لە ینک بە گوڕو تینێکی بە هێزەوە هاتە کایەوە ، بە تایبەتی لە شاری سلێمانی و دەورو بەری ، واتە لە ناوچەی ئیدارەی ینک . ئەوە بوو ب.گ . بوو بە خاوەنی ٢٥ کورسی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ دا . لە هەڵبژاردنی دواتردا لەباتی زیادکردن ژمارەی کورسیەکانی دا بە زین بۆ ٢٤ . ئەگەر ئیستە هەڵبژاردنیکی خاوێن بکرێ چاوەڕێی دا بەزینێکی گەورەتر دەکرێ . ئەمە مانای وایە ب.گ . ئەوە دەرنەچوو کە خەڵک چاوەڕێ بوون . لەبەر ئەوە زۆر کەس لەوانەی بە حەماسێکی زۆرەوە پێشوازیان لە پەیدابوونی ب.گ. کرد ئەمڕۆ ئەو هیوایەی جارانیان نەماوەو ڕەنگە نەیشچن بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردندا . 

خیلافات و ململانێ ناو خۆ لە حیزبدا ، هەر حیزبێ بێ ، دیاردەیەکی سروشتی و فاکتەری گەشەپێدان و پێشکەوتنە ئەگەر ئەو ململانێیە بە شێوەیەکی ئوسووڵی ببرێ بە ڕێوە . بەڵام بە داخەوە ئەو ململانێیەی ئەمڕۆ لە ناو ب.گ. دا ڕەچاو دەکرێ هێڵی سوری تێپەڕاندووە و زیانی لە قانزانجی زێترە . کێشەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زێتر دەبن و ئەگەر چارەسەر نەکرێن دەبنە هەڕەشەیکی جدی لەسەر ب.گ . 

به بۆچوونی من کێشەی سەرەکی گۆڕان لەم چوار خاڵەی خوارەوەدایە : 
١- کێشەی سەرکردایەتی کە پرسێکی ناوخۆییەو ئەڵقەی سەرەکیە لە نێوکێشەکاندا.
٢- چەند هەڵەیەکی سیاسی کەلەم ساڵانەی ڕابووردوودا گۆڕانی تێکەوتووە.
٣- کێشەی دارایی، واتە دابینکردنی خەرجی پێویست بۆ ب.گ .
٤- هەڕشەی بنەماڵە چێتی کە دەبێتە مەترسی لەسەر سەربەخۆیی سیاسی ب.گ .
بۆچوونی خۆم سەبارەت بەم خاڵانە دەخەمەڕوو :

پرسی سەرکردایەتی لە ب.گ دا.
کێشەی سەرکردایەتی گۆڕان لەگەڵ دروستکردنی حیزبەکەداهاتە کایە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەکە نەوشیروان خوازیاری دروستکردنی رێخراوێکی نوێ بوو، نوێ چ لەبەرنامەی سیاسی و چ لە کادری سەرکردایەتیدا. ئەمەش بەڕوونی دەرکەوت لەوەداکە ئەرکی سەرکردایەتی ژوورەکانی سپارد بەوگەنجانەی لەدەرەوەی ڕیزەکانی یەکێتیەوە هاتنە ناو ب.گ . ئەمە لەلایەکەوە جموجول و دینامیکیەتێکی باشی لەخەباتی گۆڕاندا هێنایە ئاراو لەلایەکی دیکەوە بوو بە هۆکاری ناڕزایەتی هێندێ کەس لەوانەی پۆستی سەرکردایەتیان لە ینکدا جێهێشت و هاتنە ناو گۆڕان. دەبوو نەوشیروان ، بەرلەکۆچی دوایی خۆی ، هەیئەتێکی سەرکردایەتی دروستبکردایە بۆ ب.گ ، چ لە ڕێگەی کۆنگرە یان کۆنفرانسێ بوایە چ بە هەرشێوەیەکی گونجاوی دی . بەداخەوە ئەمەی نەکردو مردنی پێشوادە لە گۆڕانی دابڕی . کێشەی سەرکردایەتی بەجێما بۆگۆڕانخوازان و ئەوانیش بەهەڵە چارەسەریانکرد ، سەرکردایەتیەکی ناهاوسەنگیان پێکهێنا کەنەیدەتوانی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی حیزبەکە بکات .
ئەمڕۆکێشەی سەرەکی ب.گ - بەبۆچوونی من – کێشەی سەرکردایەتیە. لێرەوە دەکرێ دەستبکرێ بەچارەسەری هەمووکێشەکان . کەرەستەی چارەسەر لای گۆڕان هەیە . کادری زێڕینی بەتوانای هەیە کە ینکیان جێهێشتووە و هاتوونەتە ڕیزی گۆڕان وەکو قادری حاجی علی کە لەمێژەوە ناڕازی بوو لە سیاسەتی جلال تاڵەبانی و یەکێتی جێهێشت، وەکو عوسمانی حاجی محمود و عومەری سید علی و مستەفای سید قادر .هەروەها تاقمێ کادری زێڕین هەیە لەناو ئەو لاوانەدا کەلەدەرەوەی یەکێتیەوە هاتوونەتە ڕیزی گۆڕان . پێمباشە کە گۆڕان سەرکردایەتیەکی ٩ کەسی لە نێوان ئەوانەدا هەڵبژێرێ، چ بە ناوی خانەی ڕاپەڕاندنەوە بێ چ بەناوی پولیت بیرو ( مەکتەبی سیاسی ) . ئەم هەڵبژاردنەش ساڵانە بکرێ ، هەتا ئەوی سەرکەوتوو بووە دەکرێ هەڵبژێردرێتەوە، ئەویشی سەرکەوتوو نەبوو بگۆڕدرێ و خوێنێکی تازە بکرێتە لاشەی هەیئەتی سەرکردایەتی. سەبارەت بە ڕێخەری گشتیش پێمباشە لەم قۆناخەدا جڤاتی نیشتمانی خۆی و جێگرەکەی هەڵبژێرێ بۆ دووساڵ، بۆ کەسیش نەبێ لە ٨ ساڵ زیاتر لەو پۆستەدا بمێنێ . دەبێ سەلاحیاتی ڕێخەری ب.گ دیاری بکرێ.
_ هەڵەی سیاسی گۆڕان .

ب.گ هەرلەسەرەتای دروستبوونیەوە وەکو حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن پەیدابوو . بۆیە خەڵکێکی زۆر پشتگیریان کرد چونکە هەموویان بێزاربوون لەپارتی و یەکێتی . دەسەڵاتداران نەیاندەتوانی ب.گ . لاوازبکەن لەرێگەی بەگژداچوون و سەرکوتکردنەوە . بیریان لەرێگەیەکی دیکە کردەوە ، ڕێگەی هەڵخەڵەتاندن و بەشداری لە هەریسەکەدا . هێندێ لەبەرپرسانی ب.گ کەلەناو یەکێتی و پێشتر پارتیدا ، بەعەقڵیەتی ئەو دوو حیزبە پەروەردەکرابوون ، حەزیان لەم خەڵەتاندن و هەریسەخواردنە هەبوو . هێندێکیش پێیانوابوو ب.گ لەرێگەی بەشداریەوە لەحکومەتدا وردە وردە بەهێزتر دەبێ و دەبێتە هێزی سەرەکی لە نێوان حیزبە حکومڕانەکاندا . بەڵام واقیعی سەرزەمین شتێکی جیاوازی خستەبەردەم : نەخەونی ب.گ هاتەدی و نەپارتی ب.گ ی بۆ کرا بەو لوقمەیە کەبۆی قوتبدرێ . پێوەندی نێوان ب.گ پارتی تێکچوو. دورکەوتنەوەیان لەیەکتربوو بەشتێکی چاوەڕوان کرا و حەتمی ،لەبەرژەوەندی گۆڕان بوو ئەگەر دەستپێشکەری بکردایە و لەحکومەتی پارتی و یەکێتی بکشایەتەوە . بەڵام نەیکرد . مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی ئەو دەستپێشکەریەی قۆستەوە و بەشێوەی سوکایەتی پێکردنیش ب.گ دەرکرد لە حکومەت : لەپردێ سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕانی گێرایەوە بەرەو سلێمانی و ئاگاداری کردن کەهاتنیان بۆ هەولێر قەدەغەیە . گۆڕان ئەم سوکایەتی پێکردنەشی قوتدا و بۆ ماوەیەکی درێژ دوای ئەوەش لە حکومەتدا مایەوە و کەبەکردەوە هەموو ڕۆڵێکیان بریتیبوو لەوەی سەری مانگ دەچوون موچەیان وەردەگرت . هەڵەی بەشداری ب.گ لە حکومەتی گەندەڵخۆری قۆرخچی دەسەڵات زیانێکی سیاسی زۆر گەورەیدا لە ب.گ و هەموو ئۆپۆزسیۆنی هەرێم . تائێستەش برینی ئەو هەڵەیە سارێژنەبۆتەوە . 

ب.گ کەوتۆتە هەڵەی دیکەش وئەمە زیانی گەورەی لە میللەتداوە . هیچ عاجباتییەکیش لەمەدا نیە . ئەوی دەبێ ئاماژەی بۆکرێ و ڕەخنەی لێبگیرێ پرسی بەرەو هاوکاری ئۆپۆزسیۆنە . چاوەڕوان دەکرا ب.گ ڕۆلێکی کارامە بگێڕێ بۆ پێکهێنانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم . بەڵام ئەوەی کە نەوەی نوێ و ب.گ . پێکیانهێنا ململانێ و شەڕە دەنوکێکی بێسەربووبەر بوو کەهەتا ئەمڕۆ درێژەی هەیە و هەردوولاش خەتابارن . من داوا لەهەردوو لایان دەکەم کە ئاشتببنەوە و پێکەوە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا تیبکۆشن . تەنها ئەوەیە ڕێگەی ڕاست بۆ خزمەتی گەلەکەیان . 

هەڵەی بچوکتریش هەیە ، نەک تەنها لای ب.گ ، بەڵکو لای هەموو حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن . دەبێ ئەوە ببێتە دەرسێ قەت لەبیرنەکرێ . حیزبی سیاسی پێکدێ و دەکەوێتە چالاکی بۆ ئەوەی دەسەڵات وەرگرێ ، چونکە ئەو بەرنامەی دایڕشتووە قەت جێبەجێ ناکرێ بێوەرگرتنی دەسەلات . پارتی و یەکێتیش ئەوسیاسەتە پەیڕەو دەکەن ، لەپێوەندیەکانیان لەگەڵ حیزبەکانیتر ، کە هەرخۆیان حکومڕانبن و رێگە بەهیچ حیزبێکیتر نەدەن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات . ئەو پێوەندیەی دروستی دەکەن لەگەڵ هەرلایەنێکی دیکە دەیانەوێ خزمەتی مانەوەی خۆیانبکات لەسەرکورسی دەسەڵات . بۆنمونە : ئێستە پارتی و یەکێتی زۆر بەپەرۆشن بۆ یەکڕیزی هەموو حیزبە کوردستانیەکان بەرانبەر حکومەتی عێڕاق ، ئەمەش گوایە لە پێناو بەرژەوەندی باڵای میللەتی کوردا ! ئەگەر بەرژەوەندی بەرزی ئەم میللەتەیان بویستایە ئەوە لای خۆیانەوە دەستیان پێدەکرد ، لێرەوە گەندەڵکاریان نەدەهێشت و فایلی نەوتیان دەخستە ڕوناکی و موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانیان نەدەبڕێ و خەڵکیان بێکارەبا نەدەکرد ، کورسی دەسەڵاتیان قۆرخ نەدەکرد و هەڵبژاردنیان تەزویر نەدەکرد ...هتد. ئەوحیزبەی ئۆپۆزسیونی ڕاستەقینە و دڵسۆزی گەلەکەی بێت شوێن گەندەڵخوازان و قۆرخ چیەکان ناکەوێ بۆ بەغدا و پاشکۆگەری ئەوانە ناکات. بەڵکو کەیسی خۆی دەبێ و قسەی تایبەتی خۆی دەکات لە بەغدا .

کێشەی دارایی ب.گ و ڕێگەچارە
لەم سەردەمەدا هەموو حیزبێکی سیاسی مانگانە پێویستی بە بەبوجەیەکی بچووک هەیە بۆ بەڕیوەبردنی ئیش وکاری خۆی – بۆ دەزگای ڕاگەیاندنی ، بۆ بارەگای سەرەکی و بۆ بارەگاکانی تری ، بۆ سەیارە و پاسەوان و شۆفێر ، بۆ کادری حیزبی محترف .. هتد ...

پرسەکە لێرەدا ئەوەیە کە ب.گ. چۆن ئەم کێشەیە چارەسەرکات ؟

پشتبەستوو بە ئەزمونی شەخسی خۆم لە چلەکانی سەدەی پێشووەوە هەتا ئێستە، بە دیراسە و تێگەیشتنی خۆم لە بارودۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردەواری ، لێرەدا پێشبینیەکانی خۆم دەخەمە بەردەمی سەرکردەکانی ب.گ ، هیوادارم کەڵکی هەبێ بۆ دابین کردن و خەرجکردنی بوجەکەیان لە چوارچێوەی ئەم وەزعەدا : 

- دەبێ بەرلەهەموو شتێ هەوڵی ئەوە بدرێ کە ئیش و کاری حیزب بەکەمترین پارە جێبەجێ بکرێ . ئەمە بکرێبە ڕێڕەوی کار بە شێوەیەکی هەمیشەیی . 

- پێویستە لیژنەی دارایی لەسێ کەسی دەستپاک و زیرەک پێکبهێنرێ کەزۆر بەوریایی و عاقڵانە ئیشەکە بەڕێوەببەن و هەمیشە بیریان بەوەوە خەریک بێ کە چۆن مەسروفاتی حیزبەکەیان دابین بکەن و رێگە لەزیادە خەرجی بگرن . 

- دەبێ پرنسیپی بنەڕەتی لە ئیش و کاری گۆڕاندا کاری خۆبەخشانە بێ . لەم جیهانەدا هیچ حیزبێکی جدی خاوێن ناتوانێ ببێتە دەزگایەکی مووچەخۆران وەکو دامەزراوەیەکی حکومی ، مەگەر بووجەی دەوڵەت قاسەیەکی کراوەبێ لەبەردەم کادری حیزبی و ئیش و کاری حیزبیدا ، وەکو حیزبی بەعسی سەدامی کردی و پارتی و یەكێتیش کردیان و دەیکەن . داهاتی سروشتی حیزب هیچ کات بەشی ئەوەی نەکردوە و نایکات کەوەک و فەرمانبەرانی دەوڵەت کادر و کارمەندانی بەگشتی مووچە لەحیزب وەربگرن . حیزب ڕێخراوێکی سیاسی خۆبەخشە و بنەمای فکری ئەوەیە کە کەسانێک لە کۆمەڵگەدا هەن کە دەیانەوێ هێز و توانای خۆیان بخەنە خزمەتی گەل و نیشتیمان و پێشکەوتنی وڵات . ئەوی خەباتگێڕی خۆبەخش کردویانە بۆ بزوتنەوەی سیاسی هیچ کات بە خەباتگێڕە مووچە خۆرەکان نەکراوە . 

- لەوڵاتانی دیموکراتیدا دەوڵەت یارمەتی حیزبەکان دەدات بە پێوەری ژمارەی کورسیەکانیان لە پەرلەماندا . دەکرێ ئەوە لێرەش بکرێ . 
- ب.گ کۆمەڵی کادری هەیە کە مووچەی خانەنشینی خەبات و پێشمەرگایەتی لە دەوڵەت وەردەگرن ، بەتایبەتی ئەوانەی مووچەی خانەنشینی پەرلەمان وەردەگرن . هەر خانەنشینێ گیانی فیداکاری بەرز و دڵسۆزی تێدابێ دەتوانێ وەکو کادرێکی خۆبەخش و محترف ئیش بۆ ب.گ بکات و فلسێکیش وەرنەگرێ . ئەگەر پەرلەمانتارێکی خانەنشینکرا و نەیتوانی خۆی ئیش بۆ ب.گ بکات وەکو کادرێکی محترف ئەوە دەتوانێ کە مانگێ ڕێژەیەک ( دوو ملیۆن ) لەو مووچەیە کە بەهۆی گۆڕانەوە بۆی بڕاوەتەوە بداتە محترفێکی حیزبەکەی . 
- ئابوونەو پیتاکی مانگانە : من نازانم ئەم پرسە چۆن باسکراوە و بڕیاری لەسەر دراوە لە ب.گ دا ، بەڵام هەموو کەس ئەوە دەزانێ کە وەرگتنی ئابوونەی مانگانە لە ئەندامانی هەر حیزبێ شتێکی ئاسایی و یاساییە وەکو سەرچاوەیەک بۆ دارایی حیزب . ئەمە لە پەیڕەوی نێوخۆیی حیزبدا تۆماردەکرێ کە داوای مۆڵەتی یاسایی لە دەوڵەت دەکرێ . من ئەزموونی تایبەتی خۆم هەیە لەسەر دارایی حشع لە ناوەڕاستی سەدەی پێشوودا ، کە چوارساڵ سکرتێری حیزبی حشع بووم . حشع ئەوکاتە حیزبێکی نهێنی جەماوەری گەورەبوو، سەرکردایەتی سەدان خۆپیشاندان و مانگرتنی چینایەتی و نیشتمانی دەکرد . بەتەحەداوە دەڵێم کەلەو چوارساڵەدا جگە لەپارەی ئابونەو و پیتاکی ئەندام و دۆستانی حیزب هیچ سەرچاوەیەکی دارایمان نەبووە ، ڕۆژێ لەرۆژان پارەمان لە هێچ دەوڵەتێ یان حیزبێ یان شەخسێ وەرنەگرتووە . دەزانم کە بارودۆخی ئەمڕۆ جیایە لە هی ئەو کاتە . بەڵام نابێ ئەمە وەها تەفسیر بکرێ کە ئەمڕۆ ئابوونە و پیتاک ڕۆڵێکی گرنگیان نەماوە لەدابینکردنی بڕێکی باش لەدارایی حیزب . دەبێ لیژنەی دارایی ، بەهاوکاری لیژنە جیاجیاکان ، ئەم پرسە تاوتوێبکەن و بەباشی بەڕێوەببرێ. 
- ب.گ رێخراوی حیزبی و دۆست و لایەنگرانی لەدەرەوەی وڵات هەیە . بێگومان ئەوانە لە دۆخێکی وەهادان کە دەتوانن بەشداریەکی باشبکەن لە دەبینکردنی دارایی حیزبەکەیاندا ، دەشتوانن داواش لە هێندێ دەزگا و کەسایەتی لەو وڵاتانە بکەن . 
- لەم هەرێمەشدا ب.گ دەتوانێ داوای یارمەتی( مانگانە یان ساڵانە ) لە هێندێ کۆمپانیا و خەلکی دەوڵەمەن بکات . 
بنەماڵەچێتی 
لەم وڵاتەدا پێویستمان بەقسەی زۆرنیە لەسەر بنەماڵەچێتی چونکە نمونەی زیندوی شتەکە لەبەر چاودایە. بە درێژایی ٢٧ ساڵی ڕابردوو ، هەموو خەڵکی ڕۆشنبیر و تێگەیشتو دەزانن چیە مانای بەبنەماڵە کردنی حیزب . دیاردەی بنەماڵەچێتی بەشێکە لە دیاردەی کۆمەڵایەتی لە قۆناخی خێڵەکیدا . حیزبی سیاسی لە کۆمەڵگەی پێشکەوتودا لەرێگەی سنوقی هەڵبژاردنەوە سەرۆکی خۆی دیاری دەکات و دەیگۆڕێ . ئەم گۆڕینە لە ئەوروپای ئەمڕۆدا بۆتە کارێکی ڕۆتینی سادە و هیچ کێشەیەکی بەدوادا نایەت . گەلێ جار سکرتێری حیزبێ پۆستەکەی خۆی جێدێڵێ بۆیەکێکی دیکە بەس لەبەر ئەوە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا ئەو حیزبە ژمارەی پێویست لەکورسی بەدەست نەهێنا ، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سکرتێر وەکو موڵکێکی تاپۆدار سەیری حیزبەکەی دەکات ، وەکو سەرۆکی عەشرەت یان وەکو بەڕێوبەری کۆمپانیایەک دەیەوێ کەڵک لە حیزب – کۆمپانیا – وەربگرێ . 
هەڤاڵانی ب.گ . هەقیانە لە بنەماڵەچێتی بترسن . ئەو پێشنیازانەی لەم نامەیەدا پێشکەشم کردون دەکرێ بەربەستی ئەو مەترسیە بکات. نەوشیروان هەنگاوی زۆرباشی نابۆ دروستکردن و بەهێزکردنی ئۆپۆزسیۆن . بەڵام ئەوەی باش نەبوو کە تاپۆی هەموو شتێکی خستە سەرکوڕەکانی و ئەم کێشەیەی بۆ حیزبەکەی خوڵقاند . ئەگەر بیانەوێ کوڕەکانی دەتوانن بە گرێبەستێکی یاسایی کۆمپانیای وشە و گردەکە ڕادەستی ب.گ بکەن و بۆماوەی ١٥-٢٠ ساڵ .


PM:06:22:03/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 6064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی