شیروان علی و ئازادی ڕادەربڕین

‌بەهادین نوری

لەساڵی ١٩٧٣ هاوڕێ عزیز محمد کە سکرتێری حشع بوو بەرەی ( جوقد ) ی لەگەڵ حیزبی بەعسی سەدام واژۆکرد . لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حشع بۆ بڕیار لەسەر ئەم بەرەیە ، ٨ کەس لەدەنگدانا دژ بوون و ٧ کەسیش لەگەڵی بوون . ( ٣ ) کەس لەهەشتەکە من عومەر علی شێخ و احمد بانیخێڵانی بووین ( ٢ ) کەسیش لە حەوتەکە عزیز محمد و کەریم ئەحمەد بوون . عەزیز محەمەد سەرلەنوێ پرسەکەی خستەوە موناقەشە ، وتی :- ئەم ڕەفزکردنە زیانێکی زۆر گەورە لە حشع دەدا ، رێگە لە پێشکەوتنی ناسەرمایەداری دادەخات.

پاش دووسەعات لە موناقەشە خستیەوە دەنگدان . ئەم جارەیان ئەحمەد بانی خێڵانی لای بەرەی ڕەفزەوە بازیدا بۆ بەرەی پشتگیری لە هاوکاری حشع – بەعس . بەم چەشنە بەرە گرێدرا . دوای ئەمە حشع رێکەوت لەگەڵ سەدام لەسەر ئۆتۆنۆمیەکی درۆینە بۆ کوردستان ، بەبەشداری شیوعیەکان . سەرکردایەتی حشع داوای لەمن و عومەری مامە شێخە کرد ببین بە ئەمین عام ( وەزیر ) لە حکومەتی ئۆتۆنۆمیدا . هەردوو ڕەفزمان کرد و هەڕەشەی ئیستیقالەمان کرد لە حیزب ئەگەر ئیلحاحمان لێبکرێ . وازیان لە ئێمە هێنا و دووکەسی تریانکرد بە ئەمین عام . بەرە قەزا و بەڵای ئێوەی برد لە ١٩٧٩ ، حشعیش لەو ساڵانەی بەرەدا ڕوخێنرا و تائێستەش هەڵنەساوەتەوە سەرپێ !

لە ١٩٨٣شدا هاوڕێیان عزیز محەمەد و کەریم ئەحمەد و ئەحمەد بانیخێڵانی کەتنێکی گەورەتریان کرد بەهەقی حشع : پێشمەرگە شیوعیەکانیان ڕاپێچی شەڕی براکوژی کرد ( شەڕی پشتئاشان ) . لەو شەڕە ڕەشەدا ، بەرلەوەی برینی بەرەی کلکایەتی حشع و بەعس ساڕێژبێ ، جارێکیتر حشع خرایە پاشکۆی حیزبێکی قەومی کرد ( پارتی ) دژ بە حیزبێکی قەومی دیکە ( ینک ) بۆ ئاگاداری ، من کەبەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوک بووم ، یاخی بووم لە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرکردایەتی حشع ، رێکەوتم لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەكێتی و ئێمە شەڕەکەمان نەکرد . ڕەنگە شیروان علی ئاگای لەمەش نەبێ ، یان خۆشحالبوو کە شیوعیەکان بوون بە پاشکۆی پارتی !!

لەکۆتاییدا ، لەگەڵ ڕێزم بۆ کاک مەسعود بەرزانی ، بەخیلی بەحاڵی نابەم کەکەسانی وەک شیروان عەلی کادری حیزبەکەی بن و بەرگری لێبکەن


AM:09:31:31/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 4849 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی