هەموو شتێ بەڕاشکاوی
بەهادین نوری
لە بارو دۆخی جەنگی کەنداودا ، پاش خەباتی سەختی خوێناوی درێژخایەن ، هەرێمی کوردستان ئەم دەسکەوتە گەورانەی دەستکەوت کە ئێستە هەیەتی . ئەگەر سەرانی پارتی و یەکێتی لە نەوەدە کاندا هەرێمیان نەخزانایەتە ناو شەڕی برا کوژی و ئەو هەمووگەندەڵکاریە لەم ساڵانەی ڕابووردوودا نە بوایە بێگومان ئێستە زۆر باشتریش دەبوو ، بەڵام بەهۆی سیاسەتی چەوتی نادیموکراسیانەوە وڵاتە کەمان گەیشتووەتە چەقی قەیرانێکی هەمەلایەنە ، وردتر بڵیین خزێنراوەتە ناو تونێلێکی تاریک و ڕوو بە ڕووی مەترسی گەورە بۆتەوە کەهەموو دەسکەوتەکانی خستۆتە ژێر هەڕشە .
بڕیاربەدەستانی هەرێم بەوەوە نەوەستان کە ئەم قەیرانە هەمەلایەنە قووڵەیان خولقاند ، بەڵکو بەهێنانی بەزمی ڕیفراندۆمێکی تەک لایەنەی ناوەخت بۆ جیابوونەوەی لە عێراق ، لە کاتێکدا کە بەرزانی لە تشرینی 2015 وە پەرلەمانی لە کارخستووە وسەرۆکی حیزبەکانی کۆکردۆتەوە بۆ تاوتوێی پرسی ریفراندۆم ، کە تەحەدای دەسەڵاتدارانی ئەمریکاو ئەوروپا و ڕوسیا و بەغداد و ئەنقەرە و تاراندەکات . ئەمەش هەڵوێستێکی ئەوپەڕی نالۆژیکیە و بەرژەوەندی باڵای ئەم میللەتە دەخاتە بەرگەورەترین مەترسی .
بەرپرسی یەکەمی ئەم هەڵە کوشندەیەش سەرۆکی هەرێمە کە بە بڕیاری شەخسی خۆی پەرلەمانی پەکخست و تەنانەت چونە ناو هەولێریشی لە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕانی لە سلیمانی قەدەغەکرد . بە دەستپێشکەری خۆیشی بەزمی ڕیفراندۆمی هێنایە کایە . بەرپرسی دووەمیش سەرانی یەکێتی بوون ، وردتربڵیین هێندێ کەسیان کە بەرژەوەندی گشتی گەلیان کرد بە قوربانی بەرژەوەندی تایبەتی شەخسی . ئەگەر یەکێتی بیویستایە رێگە لە سەرۆکی هەرێم بگرێ بۆ هەر هەنگاوێکی ناتەبا لەگەڵ بەرژەوەندی گەل ئەوەی بە ئاسانی بۆ دەکرا بە جێبەجیکردنی ئەو رێکەوتنامەی لەگەڵ گۆڕان مۆری کرد . بەڵام دیارە یەکێتی تەنها بۆ گوشارو ترساندنی بەرزانی تا زیادەڕەوی نەکات لە دابەشکردنی هەریسەکەدا ، ئەگینا ڕێکەوتنەکەی جێ بەجێ دەکرد . زۆرینەی یەکێتی دژ بە هەموو جۆرێ پاشکۆ گەریە بەرانبەر پارتی . ئەمەش کیانی حیزبی یەکێتی ڕووبەڕووی چارەنوسێکی ترسناک کردۆتەوە ، لە کاتێکدا کە هەموو نیشتمانپەروەرێکی دڵسۆز حەز بەوە دەکات یەکێتی ڕۆڵی خۆی ببینێ بە ڕێکوپێکی لە بزافی سیاسی کۆمەڵگەدا .
ئەوخەڵکە چاوەڕێبوون لە گۆڕان ڕۆڵکی کارامەتری هەبێ ، پاش ئەوەی بە گوڕوتینێکی بە هێزەوە ، بۆ یەکەم جار ، ئۆپۆزسیونی پەرلەمانی دروستکرد بە بردنەوەی 25 کورسی . بەڵام مەخابن بە بەشداری لەحکومەتی پارتی و یەکێتیدا کەیسەکەی گۆڕی دژ بە بەرژەوەندی خۆی .. هەڵوێستی لۆژیکی بۆ ئەو هەرمانەوە لە هێڵی ئۆپۆزسیوندابوو . کەچی ئەو پاش دەرکردنیشی لە پەرلەمان و حکومەت هەرمایەوە لە حکومەتدا . بەمەش زیانی زۆری لێکەوت . لە هەموو ریفراندۆمێکی دنیادا بوونی بەرەی بەڵێ و بەرەی نەخێر دیاردەیەکی سروشتی بووە ، بەڵام لای ئێمە جیایە . راِگەیاندنی پارتی بە تیرۆری هزری دەستی پێکردووە ، ئەوی دژی سەربەخۆیی دەنگبدا خاینە و جاشە !
هەلێکی لەبار ڕێکەوت بۆ ئۆپۆزسیۆن کە بەرەیەکی چوار قۆڵی دروستبکەن بۆ خۆیان ( بزوتنەوەی گۆڕان + کۆمەلی ئیسلامی + 122 روشنبیری ناسراوی هەریم + بزوتنەوەی نەخیر لە ئیستادا ) دژی ڕیفراندۆم . بەڵام بەداخەوە لە کیسیاندا ، هەموویان هەڵوێستی هەڵەیان بەرانبەر یەکتر وەرگرت . ئیستەش بەرژەوەندییان لەوەدایە کە پاشەکشە لەو هەڵەیە بکەن و بە رەیەک دروستبکەن ، زۆر زۆر بە هێزتر ئەبن .
هیچ گومانی نیە کە لە ئەنجامدا بەرەی ( بەڵێ ) دۆڕاون . ڕەنگە بۆ ڕیش بچن و سمێڵیشی بنێنە بان . ئەوانەش کە دڵخۆشن بەکەمی ژمارەی ئامادە بوانی خەڵک لە یاریگای سلیمانی بە هەڵەدا چوون . ئامادە بووانی چەند هەزار کەسێ بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ( نەخێر لە ئێستادا ) ، سەرەڕای ڕاگەیاندنێکی چڕوپڕ لەدژیان ، بە زۆر دەژمێردرێ و لافاوی گەورەش لە دڵۆپێکی بارانەوە دەستپێدەکات.
من داوا لە سەرانی هەرێم دەکەم کە چۆن خۆیان ئەم بەزمەیان بێ پەرلەمان دروستکرد ئاوەها خۆیان هەڵیوەشێندنەوە ، پەرلەمانی پێ ناوێ ، بکەونە کار بەشێوەیەکی یاسایی لەگەڵ بەغدا بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 لە دەستوور ، بۆ ئەوەی ئەم میللەتە ستەمدیدەیە تووشی کێشەی زیاتریش نەکەن.
بەسە 26 ساڵ حوکمڕانی فاشل بەم هەموو کێشەو قەیرانەوە کە خولقانتان ! ئەم میللەتە ستەمدیدەیە توشی ململانی خوێناوی مەکەن
PM:08:02:13/09/2017
ئهم بابهته 4164
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی