چوار ساڵی دیكەش بۆ پارتی و یەكێتی

‌پشتیوان جەمال

بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، هەرچەندە لە دوو هەفتەی رابردووەوە دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردن لەئارادایە، بەڵام تائێستا ئەو ئەگەرە یەكلایی نەكراوەتەوە.

بۆ دەرەنجامی هەڵبژاردنەكە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشتر، پێموایە رەنگە زۆر پێویست بە بیركردنەوە نەكات كە چ هێزێك پلەی یەكەم یان دووەم بەدەست دێنێت، بەڵكو بە بڕوای من ئەوەی بڕاوەتەوە پارتی دەبێتەوە بە هێزی یەكەم و یەكێتیش ئەگەری زۆرە ببێتە هێزی دووەم، بزووتنەوەی گۆڕان ببێت بە هێزی سێیەم و دواتر لایەنەكانی دیكە.

سەبارەت بەوەی بۆچی پێموایە كە گۆڕان دەبێتەوە بە هێزی سێیەم، كاتێك گۆڕان لیستەكەی بۆ هەڵبژاردن ئاشكراكرد لە وتارێكدا باسی خراپی لیستەكەیم كرد، بۆیە نامەوێت بگەڕێمەوە سەر ئەو بابەتە، ئەوەی ئەمجارە مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە كە بەهۆی خراپی ئەدای لایەنە ناڕازییەكانەوە، پارتی و یەكێتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ببنەوە بە هێزی یەكەم و دووەم.

دوای هەڵبژاردنی 12ی پەرلەمانی عیراق، (گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) شەو و رۆژ نەما كۆبوونەوە نەكەن و نەڵێین "قبوڵی ناكەین"، بەڵام سەرەنجام بینیمان لەكۆبوونەوەی 11ی ئاب دەڵێن لە دادگای فیدراڵی تانە لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەدەین، كە پێموایە ئەوە سوودی نییە، لەوەش خراپتر دەڵێن "ئامادەین بۆ دیالۆگی نیشتمانی؟َ!".

باشە بەڕێزینە كە هەر لە سەرەتاوە ئەو بۆچوونەتان هەبوو و دەتانزانی هیچ لە ئەنجامی دەنگەكانتان ناگۆڕێت، بۆچی ئەنجامەكەتان قبوڵ نەكرد و سەری ئەو دەنگدەر و لایەنگرانەشتان ئێشاند؟، باشە وا گریمان دەڵێن وتومانە با دەنگەكانمان زیاد بكات، ئەی خێرە دەڵێن ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و یەكێتی ئەوەش بەپاساوی دۆخی سیاسی كوردستان؟!

ئەگەر تا پێش كۆبوونەوەی 11ی ئاب دەنگدەر و لایەنگرانتان باوەڕیان بە لێدوان و مەبدەئەكانی ئێوە هەبووبێت بۆ گۆڕانكاری لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، ئەوا لەدوای كۆبوونەوەیەوە پێدەچێت ئەو متمانەیەشتان لاواز بووبێت و هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولیش ئەگەر بكرێت (كە من هیوادارم بكرێت بۆ ئەوەی كاردانەوەكانتان وەربگرنەوە) دەبێت چاوەڕێی دابەزینی دەنگ و كورسییەكانتان بكەن، ئەمە جگە لەوەی دەنگ و گوتاری ئۆپۆزسیۆنیش لاواز دەبێت.

كێشەیەكی دیكەی ئەو لایەنە ناڕازییانە ئەوەیە نەیانتوانی بە یەك لیستیش بەشداری هەڵبژاردن بكەن، لە ساڵی 2009ەوە هەموویان لیستی جیاوازیان تاقیكردەوە و بینییان لایەنەكانی دەسەڵات ئەگەر بە ساختەكاریش بێت هەڵبژاردنیان بردەوە، دەزانین ئێوە لەڕووی فیكرییەوە بۆچوونتان جیاوازە و ئەوە ئاساییە، بەڵام كە لەبەر دۆخی كوردستان ئامادەن لەگەڵ پارتی و یەكێتی كۆببنەوە، خۆ دەتانتوانی هەر لەبەر دۆخی كوردستان و بەرژەوەندی گشتی ئەو كارتەش تاقی بكەنەوە و ئەمجارە بە یەك لیست و كاندیدی بەهێز بەشداربوونایە، بتانزانیایە ئەنجامەكەی چۆن دەبێت. 

دەرچوونەوەی پارتی و یەكێتی بۆ چوار ساڵی داهاتووی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان مەترسییە بۆ گۆڕانكاریكردن لەدەستاو دەستی دەسەڵات كە ئیدی ئەو پڕۆسەیە بوونی نامێنێت، مەترسییە بۆ نەوەی چوار ساڵی داهاتوو، چونكە تائێستا ئەو دوو هێزە 27 ساڵە حوكمی كوردستان دەكەن، كە چوار ساڵی داهاتووشیان بۆ تازە بكرێتەوە واتە 31 ساڵ، ئێ كە ئەوان ئەم چوار ساڵەیان بردەوە، خوا گەورەیە بۆ چوار ساڵی دیكەی داهاتووتریش.

بە كورتییەكەی ئەگەر ئەمجارە پارتی و یەكێتی دەرچوونەوە و بتوانن بە تەنها خۆیان و لایەنەكانی دیكە، حكومەتی داهاتوو دروست بكەن ئیدی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن باشترە فاتیحە بۆ كاری سیاسی خۆیان بخوێنن.       


PM:04:17:18/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 3631 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی