ھەڵەبجە و بەغداد بانێکە و دووھەوا

‌بەختیار شاوەیس



لەبەغداوە بڕیاری کیمیابارانکردن و کۆمەڵکوژی ھەڵەبجە دراو جێبەجێکرا، ئەوانەی کە بڕیارەکەیاندا و ئەو مەرگەساتە گەورەیەیان دەرھەق بەمرۆڤایەتی و مێژووی کۆمەڵگەی عیراقی و خەڵکی کوردستانکرد حاڵی حازر نەک لەبەغداد دەسەڵاتیان نەماوە بەڵکو گۆڕ بەگۆڕ ڕۆشتوون ، واتا بەغدادی ئێستا ئەوەی پێشتر نیەو ناشبێت. ئێستا لەبەغداد ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە بەتایبەتی سەرۆک وەزیران د.عادل عەبدولمەھدی لەکاتی خنکاندنی ھەڵەبجە بەجل و بەرگی کوردیەوە ئەوکات لەشاخەکانی شنروێ و قەرەداخ و سەرگەڵو و یاخسەمەردژی بەغدادەکەی پێشتر لەشەڕدابون و ھەربە ڕێکەوت کیمیایی نەیخنکاندن . بەڵام بۆئەوەی کەبەفعلی ھەردوو بەغدادەکە ئەوەی پێشترو ئەوەی ئێستا لەیەک نەچن خۆ دەبێت سەرۆک وەزیران و ھاوڕێکانی بەئەمەک و وەفاداربن بۆ ھەڵەبجە و مادەکانی دەستوور و یاساو بڕیارەکانی پەرلەمان و حکومەت جێبەجێبکەن.

وەک نوێنەرێکی کورد لەپەرلەمانی عیراق و قوربانیەکی ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لەدەڤەری ھەڵەبجەو شارەزوور و ھەورامان ، جێی خۆیەتی ڕووبکەینە سەرۆکوەزیرانی ئێستا و پێشمەرگەکەی جاران وبڵێین:

مادەی ١٣٢ ی دەستوور و یاسای ژمارە ٥ ساڵی ٢٠٠٦ و یاسای ژمارە ٢٠ ساڵی ٢٠٠٩ و یاسای ژمارە ١٦ ساڵی ٢٠١٠ و یاسای ژمارە ٥٧ ساڵی ٢٠١٥ جێبەجێبکە ، ھەڵەبجە و کورد و شاخەکانی ھیچی تریان ناوێت. ئەم مادەیەی دەستوور و یاسایانەی پەرلەمان یاساو دەستوری بەغدادی تازەن و لەناوپەرلەمانی عیراقی نوێ و بەدەستوپەنجە و ئیرادەی ھاوکارەکانت نوسراون، تەنھا ئەمانە جێبەجێبکە ئیتر ھەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەری باسی قەرەبووکردنەوە ناکەن.

-جێی خۆیەتی وەبیری سەرۆک وەزیرانی بھێنینەوە کە لەکۆبونەوەی ژمارە ‌٥٤ی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەبەرواری ٢٠١٣/١٢/٣١ بڕیاری ژمارە ٥٦٨ دەرچوو بەمەش ھەڵەبجە بوە پارێزگا بەڵام ھەتا ئێستا یەک دیناری عیراقی بەفعلی بۆتەرخاننەکراوە و لەچوارساڵی ڕابردوو کاتێک ئێمەی نوێنەران بڕی دوو ملیار دیناری ڕەمزیمان دەخستە یاسای بودجەوە حەیدەرعەبادی سەرۆک وەزیران دواتر لەدادگای فیدراڵی تانەی لێدەداو جێبەجێی نەدەکرد. ئەمەسەرباری تەواونەکردنی یەکەئیداریەکانی پارێزگای ھەڵەبجە و مانەوەی بەھەڵپەسێرراوی چەندین بەڕێوەبەرایەتی کە دەبێت حکومەتی عیراقی فیدراڵ کردنەوەیان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

-ناڵاندنی ڕۆژانەی بریندارەکانی چەکی کیمیاوی کەبەردەوام بەدەست ژان و ئازارەوە دەتلێنەوە و ژمارەیان ٩٧٠ بەرکەوتوە ‌و ١٦٨ یان لەدۆخی خراپدان کەمتەرخەمیەکی دیکەی حکومەتی بەغدایە، کەدەیان جار و لەچەندین بۆنەدا بڕیار دراوە بنێرێنە دەرەوەی وڵات و لەناوخۆش چارەسەری گونجاویان بکرێت بەڵام ھەر قسەی بێکردار بوون
-منداڵەونبوەکانی ھەڵەبجە کەژمارەیان لە ٣٠٠ منداڵ زیاترە و ئەم کەیسە بەفەرامۆشکراوی ماوەتەوە و لەچەندین ھەل و کۆبونەوەدا ئێمەی نوێنەران بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیمان وتوە بەڵام پاڵپشتی بەھێزی حکومەتی ئێستای بەغدادمان نەبوە سەرباری پەیوەندیە بەھێزەکانی نێوان تاران و بەغداد.

ھەموو ساڵێک لە ٣/١٦ گوێمان پڕدەکەن لە وتاری عاتیفی و قسەی بێناوەڕۆک و دووپاتکردنەوە بەھوتاف و شیعارات دژی سەدامی دیکتاتۆر، بەبێ ئەوەی حکومەتی بەغداد ھەتائێستا ئامادە بێت ئەم مەرگەساتە گەورەوسامناکە بەجینۆساید بناسێنێت یان داوای لێبوردن لەخەڵکی ھەڵەبجە بکات، کەچی لەولاوە ئامادەیە دەیان ملیۆن دۆلار ساڵانە تەرخانبکات بۆقەرەبوکردنەوەی دەوڵەتانی دراوسێ کەبەھۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی لەناوچوو توشی زەرەرو زیان بوون ، ھەربۆیە ڕاستیان وتوە پێشینان کاتێک دەڵێن بانێکەو دووھەوا.


PM:03:53:18/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 1580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی