"دەنگەكانمان"

‌شنه‌ به‌رزنجی

شنە بەرزنجی*
لە چوار خولی ئاست بەرزدا نزیكەی 80 رۆژنامەنوس سودیان لە پرۆژەی "دەنگەكانمان" وەرگرت. تیایدا وانەی گرنگ سەبارەت بە یەكسانی جێندەری بۆ بەرزكردنەوەی توانای‌ ژنانی‌ میدیاكار و سەركوتووی هەرێمی كوردستان و عێراق پێشكەش كران.

لەو چوار خولەدا پێشاندانی جێندەر لە میدیادا، ژن وەك بابەتی هەواڵ و دروستكەری هەواڵ ، سەرباری راهێنان و شیكردنەوەی هەندێ نمونە لە میدیای ناوخۆیی و راهێنانی تر لەسەر پرۆسەی لە قاڵبدان و رەخنەی میدیای، گرنگیان پێدرا.

بە پشتیوانی بەشداربووان و هەموو دامەزراوەی رەسمی و ئەهلی كە بەڵینی پابەندبوونیان داوە بە پرەنسیپەكانی یەكسانی جێندەر، پرۆژەكە كاریگەری جێدێڵێت بۆ بەشداری یەكسانی ژنان وەك هاوڵاتی و خاوەن بڕیار بە فراونكردنی رۆڵیان لە ژیانی كۆمەڵایەتی و مەدەنی و دامەزراوەكانی میدیا.

لە ماوەی سێ ساڵی جێبەجێكردنی پرۆژەكە لە  عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە، هانی دامەزراوە رەسمییەكانی و كۆمەڵی مەدەنییش دەدات بۆ گفتووگۆی كراوە لە میدیا و ناو كۆمەڵگادا بۆ قسەكردن لەسەر، گێچەڵی سێكسیی و هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر ژنان و ئەو هەموو هەڕەشەو گوڕشانەی  بە هۆی دابونەریتی كۆمەڵایەتی رووبەرووی ژنان و كچان دەبنەوە.

ئامادەبوونی دەنگی ژنان لە ناو دامەزراوەكانی میدیا، بە بێ بەرزكردنەوەی ئاستی پیشەییان ئەركێكی قورسە بۆیە پرۆژەكە گرنگی تەواوی دا بە  وانەكان لەسەر راپۆرتی هەستیار دەربارەی پرسەكانی ژنان.

پرۆژەی دەنگەكان كە Internews بە شەراكەت لەگەڵ Metro و رێكخراوی ئاشتی و ئازادی و رێكخراوی ئاوان لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێدەكەن، وێستگەی گرنگە بۆ قسەكردن لەسەر تایبەتمەندی پرسەكانی كیژان و ژنان لە راپۆرتەكانی میدیادا و راهێنانی میدیاكاران لەسەر نوسینی ڕاپۆرتی هەستیار و بەرپرسانە لەسەر مافەكانی مرۆڤ و ژنان بەتایبەتی، كێشەكانی ژنان، توندوتیژی سێكسی.


 Internews   شەریكە تازەكەی Metro ، رێكخراوێكی نێودەوڵەتی قازانج نەویستە ساڵی 1982 لە ئەمریكا دامەزراوە لە 90 وڵاتی جیهان ئۆفیسی هەیە، كار دەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی دامەزراوەكانی میدیا لە جیهاندا بە ئامانجی پێدانی زانیاری راست بەخەڵك و بەرزكردنەوەی تواناكانیان.

ئەم پرۆژەیە لە لایەن SIDA Swedish International Development Cooperation Agency سپۆنسەر كراوە كە ئاژانسێكی حكومی سویدیە كار دەكات بۆ كەمكردنەوەی هەژاری لە جیهان و بە هاوكاری رێكخراوە ناوخۆییەكان كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی سوید بۆ گەشەپێدان لەسەرتاپای جیهان.

بە هیوای ئەوەیە ئامانجی پرۆژەكەمان بێتە دی لە  بەهێزكردنی پێگەی ژنان و بەشداریكردنیانە لە  سەركردایەتی دامەزراوەكانی میدیا و  پاراستنی ژنان لە هێرشی ئەلیكترۆنی.

پرۆژەی "دەنگەكانمان" گفتوگۆكانی پرسی بەرزكردنەوەی دەنگی ژنان ئامادەبوونیان لە ناوەندەكانی بڕیاری دامەزراوەكانی میدیا کەمتر كردوە، بەڵام تەنها قسەكردن بەس نیین، گرنگ گۆڕینی دیدگاكانن و كاركردنە بۆ هاوسەنگی جیندەری لە پۆستەكاندا

*بەرپرسی پەیوەندییكانی سەنتەری میترۆ


AM:10:47:26/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 6052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی