بەبۆنەی ژنەوە خۆیان دەرەخەن

‌شنه‌ به‌رزنجی

رەنگە بەتەواوی راست بێت بڵێین پیاو گەلێك بەبۆنەی ژنانەوە دەیانەوێ ببنە فیگەرێكی گرنگ، ئەوان كە خۆیان ناتوانن ببنە كەسێكی كاریگەر، ئەوا دێن و كەسێتی ژنان دەكەنە هۆكاری دەركەوتنیان، ئێ خۆ مەعلومی هەموو لایەكیشتانە مەبەستم هەموو پیاوێك نییە.

 لە وڵاتانی ئیسلامی و دواكەوتوو هەمیشە جەستەی ژنان پۆینتی سەرنجڕاكێش بووە، پیاوەكان بەچڵیسییەوە لە جەستەی ژنان دەڕوانن و ژنان وەكو مرۆڤی ئاسایی نابینن، ئەمەش بۆ خۆی مایەی كارەسات و شكاندنی كەسێتی ژن بووە، چما ئەو كولتوورە تا كەی درێژەی دەبێت؟

ژنان مرۆڤن و مرۆڤیش قابیل بە هەڵە و كەموكوڕییە، لێرە هەردوو كارەكتەری ژنان و پیاوان هەن، دوو بیركردنەوە و دوو جەستە و دوو شێوە ژیان هەن، بۆ دەبێت ژن قوربانی و پیاوەكانیش پاڵەوان بن؟

دیاردەیەك كە لە سەروبەرندی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەبینرێت ئەوەیە وێنەی چەند ژنێك بە باكگراوندی سێكسییەوە پێشان دەدرێن، لێرە ناوی كارەكتەری پیاویش دەهێنرێت، بەڵام بەرانبەر كۆمەڵگا خۆی بە شەرمەزار نازنێت، ئەو پاڵەوانە و ژنیش قوربانی.

تۆ سەیر بكە ئەو دیمەنانە بۆ شكاندنی شكۆی ژنانە لەكاتێكدا ژن لە كڵاورۆژنەی میهرەبانییەوە لە جیهان دەڕوانێت، بۆ دەبێت ئەم جۆرە لە كولتووری شكاندن و بێرێزیكردن تەنها بۆ ژنان ببێتە نموونە و پیاوانیش سەلامەت بن؟

من نامەوێ بەرگری لە دیاردەی خیانەت و پەیوەندی نادروست بكەم، بەڵام مەبەستمە بڵێم كۆمەڵگا بەرانبەر بە ژنان "بەئاستی زۆرینە" غەدارە و دەیەوێت ئاستە خراپەكە بەسەر ژندا بشكێنێتەوە لەكاتێكدا پیاو راوچییە و ژنیش قوربانی سەرەكی.

ئەم كولتوورە كە ژنان دەكاتە قوربانی كولتوورێكی ناهاوسەنگ و بێ ئەرزشە، وەڵامی بۆ راوچێیەتی پیاوان نییە و ئەستەمە وا زووش رووی خۆی بۆ مرۆڤدۆستی وەربگێڕێت.

پەرلەمان بۆ هەر كەس و لایەنێك بێت، هەر جۆرە ململانێیەكی لەسەر بكرێت، كێ براوەیە و كێ دۆڕاوە، بۆ دەبێت فۆكسە خراپەكە لەسەر ژنان بێت؟

راستییەكەی دروست وایە ژنان نەبنە قوربانی، ژنان لەئێستای كوردستاندا رووبەڕوون لەگەڵ كولتووری پیاوسالاری كە زۆر بێ سۆز و دووریشە لە بنەماكانی مرۆڤ بوون.

ژن ئازایە و ئازادە، لە هەوڵدایە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی كۆمەڵگا و نەریتە باوەكان، دەیەوێت مرۆڤ بێت بەمانا ستاندارەكەی، حزب یان كۆمەڵگا دروست وایە لەسەر رێگای پێشكەوتنی ژنان لاچن، بەپێچەوانەوە شۆڕشی ژنان دەستپێدەكات و كۆمەڵگا دەكەوێتە سەر جۆرێكی دیكەی ژیانكردن.

ئەگەر ژنتان وەكو خۆی ناوێت ئەوا لێی دووربن، رەنگە ئەوەش بۆ زۆرێك قوت نەدرێت، بەڵام ئیدی ژن ناوەستێت و گیرۆدەی تۆمەتەكانی پیاوان نابن، خۆری ئاسۆ هەڵهاتنی نزیكە و چیتر خۆتان بەژنانەوە دەرمەخەن.


PM:12:09:05/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 3437 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی