ساڵی ٢٠١٧ چی بۆ سەلماندین....؟

‌ته‌حسین قادر


لەگەڵ پێچانەوەی دوا لاپەڕەی ساڵی ٢٠١٧ و داگیرساندنی مۆمێکی نوێی تەمەن، دەمەوێت ئاماژە بدەم بەم چەند ڕاستییە تاڵەی کە ساڵانی پێشوو، ھەروەھا ڕووداوەکانی ساڵی ڕابوردوو بە تایبەت ٢٥ ئەیلول و ١٦ ئۆکتۆبەر ھەتا کۆتایی ساڵ، لای من بە تەواوەتی یەکلایی کردوونەوە;

یەکەم: حوکمی ٢٦ ساڵەی فاشیلی پارتی ( بە پلەی یەکەم) و یەکێتی (بە پلەی دووھەم)  لە ھەموو ڕوویەکی سیاسی- ئابوری و دارایی- کارگێڕی- دیپلۆماتی- سەربازی...ھتد، بە تەواوی بۆ ھەموو لایەک ڕوونبوەوە، لە درێژەکێشانی حوکمی ئەواندا کوردستان و گەلەکەی جگە لە مەینەتی
و کارەساتی زیاتر، ھیچی تر ناچننەوە.

دووەم: حیزبەکانی تری کوردستان ، ئەوانەی لە پەرلەماندان یان نین،  ئەوانەی بەشداری حکومەت بوون یان  ئۆپۆزیسیۆن بوون، ھەروەھا ڕێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی، جوڵانەوەی شەقام ، میدییای ئەھلی و  کەسانی ڕووناکبییر و سەربەخۆ و ئازادیش کارێکی ئەوتۆیان پێنەکرا کە ڕێگر بێت لە پارتی  و یەکێتی ، بۆ ئەو کارەساتانەی بەسەر کوردستانییاندا ھێنا.

سێھەم: (عێراقی نوێ) ھەر عێراقە کۆنەکەیە و لە لایەن حیزب و گروپ و کەسانی شۆڤێنی و مەزھەبییەوە دەبرێت بەڕێوە، لەسەر ئاستی فەرمی و گشتیش، زۆرینە بڕوایان بە یەکسانی نێوان نەتەوە- ئایین- مەزھەب- ژێندەر- مرۆڤەکان نییە(( جگە لە دەستەبژێرێکی ڕووناکبییر نەبێت کە ھیچییان بەدەس نییە)) بەرابەر کورد و کوردستانیش جیاوازی ئەوتۆیان لەگەڵ بەعس نییە و بۆیان بکرێت لە
سەدام خراپترمان پێ دەکەن.

چوارەم:  وڵاتانی دراوسێ( تورکیا، ئێران، سوریا) ھەتا سەر ئێسقان دژایەتی کوردستانی عێراق دەکەن و ھیچ پەیوەندییەکی باشی حیزبی، ھەواڵگری، سیاسی، دارایی و تەنانەت نۆکەریکردن بۆیان، وا ناکات ھەڵوێستی ستراتیژییان دژی ھەر پێشڤەچونێک و سەربەخۆیی کوردستانی عێراق بگۆڕن. دیارە بە ھەمان شێوە عێراقیش چاوەڕوانی ھەڵوێستی باشتری بۆ پارچەکانی تری کوردستان لێ ناکرێت.
وڵاتانی عەرەب و ئیسلامیش بە گشتی پشتیوانییان لە دۆزی کورد نەکردووە.
بە پێچەوانەی ئەوانەوە، زۆربەی  زۆری کوردان، لە ھەموو کوردستان و وڵاتانی ئیقلیم و دنیا، ھاوسۆز پشتیوانمان بوون.

پێنجەم: ئەوروپا و بە تایبەت ئەمریکا لە گۆشەی بەرژەوەندی سەرمایەداریەوە ھەڵوێست لە کوردستان و ھەر شوێنێکی تری دنیا وەردەگرن،  کوردستانیش نە بەھۆی قوربانی و ئازایەتی لە بەگژاچوونەوەی داعش و نە بە ھۆی نەوت و گازیشەوە نەبۆتە دۆستی ستراتیژی ئەوان، ھەتا ئێستا بەرژەوەندییان لە گەڵ حکومەتە مەرکەزییەکاندا زیاترە کە کوردستانییان بەسەردا دابەشکراوە.

شەشەم: سەربەخۆیی یان دەوڵەتی کوردستان ھەرچەندە داوایەکی ڕەوایە و بە ڕای من لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ھەموو گەلانی دراوسێ و ئاشتی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی و جیھانیدایە، بەڵام لە نەبوون و دروستنەکردنی زۆرینەی بناغە ناوخۆییەکانی لە ھەموو ڕوویەکەوە، دوژمنایەتی سەرسەختانەی عێراق و دەوڵەتە ئیقلیمییەکان، نەبوونی پشتیوانی جیھانی بۆ ئەو داوا ڕەوایە، ئەوا تەنھا بە ویست و خواست و دەنگی سەد دەر سەدی
دانیشتووانەکەشی نایەتەدی!

بەداخەوە ئەو خاڵانەی پێشەوە ھەموویان ڕاستی تاڵن، بەڵام چیمان پێ دەڵێن بۆ داھاتوو، ئەی لە ٢٠١٨ دا چی لەسەر بینا دەکرێت؟
ئەمە پرسیارە گرنگەکەیە کە دەبێت ھەمووان خەریکی دۆزینەوەی وەڵامەکانی بین.
لەگەڵ پیرۆزبایی ساڵی نوێ و  ئەوپەڕی ڕێز و  خۆشەویستیمدا بۆ خوێنەران،  لە نزیکتریین  فرسەتی  سەرەتای ساڵدا  بییر و بۆچونەکانی خۆمتان لەو بارەوە پێشکەش دەکەم.


AM:10:57:31/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 2079 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی