دەردە کورد
تهحسین قادر
کورد نەک لە ھەڵەی میللەتان و گەلانی تر سوودی وەرنەگرتووە، بەڵکوو بەردەوام ھەڵەی کوشندەی خۆی چەند بارە دەکاتەوە و دەکەوێتە ئەو چاڵەوە کە چەندین جاری تر تێی کەوتووە، لەوانە:
١- سادەیی و ساویلکەیی بەرابەر دراوسێکان و بێگانە و ھەڵواسینی ئومێد بەوانەوە و پشتکردنە پێکاتەکانی گەلی خۆمان لە ناو یەک پارچە یان پارچەکانی تری کوردستان.
وا ئەمجارەش ھەڵوێستی عێراق وڵاتانی ھەرێم( کە داگیرکەری پارچەکانی تری کوردستانن) ھەروەھا تێکڕای وڵاتانمان بیینی بەرابەر پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندەم کە مافێکی سەرەتایی و دانپیانراوی جیھانە بۆ نەتەوەکان ( جگە لە کورد)، لە ھەمان کاتدا ھەڵوێستی نەتەوەی کورد لە باشور، ھەموو پارچەکانی کوردستان و کوردانی دیاسپۆرا، سەلماندییانەوە کە چیاکان تاکە پشتیوانن!
٢- نەقۆزتنەوەی ھەلی گونجاو:
ڕاپەڕین و کۆڕەوی ١٩٩١ و بڕیارەکانی ئەو کاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی گەلی کوردستان، بە گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێم وەڵام درایەوە لە لایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە، ڕوخانی ڕژێمی پێشووی ئەنفال و کیمییاوی و جینۆساید لە ٢٠٠٣ دا بە پەرۆشی سەرکردایەتی سیاسی کورد پێشوازی لێکرا بۆ درستکردنەوەی ئەو عێراقە ھەڵوەشاوە کە تەنھا کورد
خاوەنی دەزگا و ھێز و دەسەڵات بوو تیایدا!
٣- دیکتاتۆرییەت و گەندەڵی:
شەڕی ناوخۆی پاش ڕاپەڕین لەسەر پارە و دەسەڵات، پاوانکردن و گەندەڵی ناوخۆ لە ٢٠٠٣ ھەتا ئێستا ، دروستنەکرنی ھێزی نیزامی پێشمەرگە و نەگۆڕینی حیزبەکان بۆ حیزبی مەدەنی، جیانەکردنەوەی دەسەڵاتەکان و کارانەکردنییان ھەتا گەیشتە پەکخستنی پەرلەمان ، شکستی حوکمڕانی لە ھەموو ڕوویەکی ئیداری- دارایی- ئابوری- دیبلۆماتی....ھتد
گەلەکەمانی لاواز کردووە لە ناوەوە و دەرەوە، دیارە دۆست و دوژمنیش باش ئاگایان لە حاڵمانە و دەزانن چەندمان لە باردایە!
٤- سەبارەت ریفراندەم بۆ سەربەخۆیی:
زۆر کەس و لایەن( لەوانە منیش) وتمان ئەم بریارە دروستە و مافی خەڵکی کوردستانە بەڵام کاتەکەی پەلەیە و ئامادەکاری پێویستی بۆ نەکراوە لە ناوخۆ، عێراق، ھەرێم و دنیا، مەرام و ئەجندەی شەخسی و حیزبی تێکەڵ بەم پرسە نیشتمانییە پیرۆزە کراوە، ئەگەر بشکرێت نامانگەیەنێت بە سەربەخۆیی، لە دیداری تی ڤی و بە نوسینیش، ھەڵوێستمان ڕاگەیاند بە تایتڵی:
( بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، نەخێر بۆ دیکتاتۆرییەت و گەندەڵی)
کۆتایی
-------
بە ئەرکی خۆم و ھەموو کوردێکی دەزانم ئێستا و لە ھەر ریفراندەم و ڕاپرسییەکی داھاتووشدا، دەنگ بە بەڵێ بدەم و ھانیی ھەموو ھاوڕێ و دڵسۆزان دەدەم بۆ دەنگدان بە بەڵێ، لە ھەر ھەڵبژاردنێکی ناوخۆی کوردستانیشدا دەنگ دەدەم بە نەخێر بۆ دیکتاتۆرییەت و گەندەڵی! بە ھیوای کۆتایی ھێنان بە دیاردەکانی دەردە کورد!
AM:08:29:24/09/2017
ئهم بابهته 2913
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی