تیۆرسێن و عەمماری خامینەییش مرد

‌هەردی مەهدی

ئایەتوڵا محەمەد تەقی گیوەچی میسباحی یەزدی(١٩٣٥-٢٠٢١)، بە نەخۆشی لە نەخۆشخانەی خاتەمولئەنبیا مرد.

گەر قاسم سولەیمانی بە باڵی ڕاستی سەربازیی ڕێبەری ئێران و مالیکی ئەشتەر ناسرابێت، ئەوا میسباح، باڵی ڕاستیی تیۆریزەکەری ویلایەت و حکومەتە ئیسلامییەکەی ئێران بوو، نازناوی عەمماریشی پێدرا بوو، چونکە یاوەری ڕاستەقینەی عەلی خامینەیی بوو کاتێک هاوڕێ دێرینەکانی وەک ڕەفسەنجانی و مونتەزەری و خاتەمی و ...تاد پشتیان تێکرد، ئەو تووند و بەفەتوای ئاگرین دژی نەیارانی نێوخۆیی و دەرەکی و ئیسڵاحی و ئسوڵی ئینحرافی خۆیان وەستایەوە، هەر بۆیە ناسناوی تیۆرسێنی تیرۆریش هەقی خۆی بوو.

دەیان زانکۆ و دەزگا و سەنتەری توێژینەوە و مەدرەسەی عیلمی و سایت و تۆڕی میدیاییشی  بۆ مەبەستە توندەکانی خستەگەڕ.
ئەندامی ئەنجومەنی خوبرەگان بوو.
ئەو لە تیۆرسێنە گەورەکانی ئسوڵگەرایی و بەتایبەت ڕابەری مەعنەوی بەرەی توندڕەوی پایەداریی بوو.

مەدرەسەکەی کە خامینەیی زۆر پشتیوانی بوو لە ڕووی تەسنیفی فەلسەفەی نێو حەوزەی تەشەیەوعەوە، بە "تەکلیفگەرایی فەلسەفی" ناسراوە. جەوهەری هێڵی فیکری بریتی بوو لە: دارالاسلام و دارالکفر، ئەیوت هەر هێندەی لە داری ئیسلام نەبووی ئیتر دارالکفری؛ باوەڕی بە ڕای خەڵک لە دیاری کردنی ڕابەر نەبوو، پێی وابوو ڕێبەرایەتی موسڵمانان کەشفە نەک هەقی خەڵک.

لە ڕووی فیکری سیاسییەوە باوەڕی وابوو حکومەتی ئیسلامی دەبێت حاکم بێت نەک حکومەتی خەڵکیی تەنانەت زۆر ئەمەی ئێرانیشی لاپەسەند نەبوو لەڕووی ئیسلامەتییەوە و ئیسڵاحییەکانی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە جاهیلییەتی 2500ساڵە ئەبووژێننەوە! پەیڕەوی لە ڕێبەری بە پەیڕەوی لە ئیمامی زەمان دەزانی و دەیوت سەرۆک دەبێت وەلی فەقیه پەسەنی بکات جا ڕای خەڵک دەخوات،  لەڕووی قبووڵکردنی ئەوانی دیکەشەوە زۆر توند و ئاسنین بوو، فەتوا و دەزگا و تیۆرەکانی لە یانزە ساڵی ڕابردوودا ڕێگای سەرکوتکردنییان ئاسان و سانا کرد، تەنانەت دەیووت ئیسلام دەبێت بترسێنێت، موسڵمان گەر زانی پۆلیس و دادگا کارێک ناکەن با خۆی دەسپێشخەر بێت. هەر لەبەر ئەمانەشە پێی دەڵێن تیۆرسێنی تیرۆر و تۆقاندن.

بە ئەحمەدی نەژادیشی دەووت نوری خوایە ئەدرەوشێتەوە و ...تاد پاشتر وتی ئینحڕافی کردووە.

پێش شۆڕش زۆر دژی عەلی شەریعەتی بوو، پاش شۆڕشیش لەگەڵ سرووش (هەرچەند سەرەتا پێکەوە لەگەڵ عەبدولکەریم سرووش لە شورای شۆڕشی کولتووریی بوون)، بەڵام پاشتر کەوتنە بەرامبەر یەک و بەتوندی بەرامبەری کەوتەکار. تا مردیش گرێی ئەو دووانەی لە دڵدا ما.

بەکورتی بناژۆخوازێکی توندڕەوی دیکە دنیای جێهێشت.

خامینەیی ڕێبەر، سەرەتای ساڵی پار قاسمی سولەیمانیی لێ ڕۆشت، ڕۆژی یەکەمی ئەمساڵیش بە ڕۆشتنی میسباحی یەزدی باڵی تیۆریی لەدەستدا، ئێستا عەلی ڕابەر هەم مالیکی ئەشتەر و هەم عەماری کوڕی یاسری لە دەستداوە و تەنها..


AM:10:24:02/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی