تاوانبارانی بەڵێ!

‌هەردی مەهدی


کوردبوون هەستێکە وەک خۆشەویستییە، بەرلەوەی عەقڵی پێبدەیت، دەبێ دڵی بدەیتێ. گەر لەمە تێنەگەیت لە نهێنی مانەوەکەشی تێناگەیت. ئەمەش لە ناسیۆنالیزمی سەردەستەکان جیای دەکاتەوە.

من دەزانم لەبەرچی سزادەدرێم، دەشزانم بۆچی لەم دنیایە غەریب ماوم؟ بەڵێ-یەکم بۆ کوردبوونی خۆم کردووە و دەیکەمەوە. بەڵام تۆ چی، تۆ بۆچ شایی دەکەیت؟ لاخ خیانەتت لائاسانترە لە هاواداری بۆ سەربەخۆیی؟ مەگەر تۆ سەرکەوتوویت بەسەر ئاواتی کێدا؟ تۆ کەرکوکت "فەتح"کرد؟ ستەمکار و نەیارەکەت تۆ خستت؟ 

ئەگەر بەڵێ هەڵەیە وخیانەتە وەرە و سێدارەیەک هەڵخە و چوارجار لە سێدارەم بدە، ئاخر من ٢٠١٧بەڵێیەکم بۆ گرێیەکی ساڕیژ نەبووی رۆحم کرد، هەروەک چۆن لە ٢٠٠٥یشدا دیسان کردمەوە، ئەوکات کردم و دنیاش گوێینەگرت و خۆشمان فەرامۆشمانکرد، دەشمزانی وادەبێت بەڵام نەمتوانی و ناتوانم "بەڵێ" نەکەم. ئێستاش کردمەوە و دەمزانی رێگا بە گوڵ نەچنراوە، سبەینێش هەرکەسێک با مناڵێکیش بێت با ئەوانەش بن کە دەنگیان بە حەشد دابێت، گەر پێم بڵێن سەربەخۆییت دەوێت؟ دیسان بەڵێ دەکەمەوە، بە قەزاش لە دڵەوە هەزار نەخێرم بۆ ئەو راپرسیەی ١٩٢١ کردووە کە لکاندینیان بە ئێراقەوە. ئەوانەش کە وتیان "نەخێر لە ئێستا" دیارە خۆیان قەرزارکردوە و دەبێت "بەڵێیەک" لە داهاتوودا بۆ کوردستانی سەربەخۆ بکەن و من بەڵێیەکی ئەوێش قەرزارم، ئیتر بەسە و تێبگەن کە سەربەخۆخوازی من لە کەیەوە دەستپێدەکات نە بۆ کەسێکە و نە حزبێکە کە گلەیی و رەخنەی بێشومارم لێگرتوون.

پێموابێت ئەوانەی هەقیانە رەخنە (نەک تۆمەت و جنێو و خۆشحاڵی) لە من و ٩٢%کە بگرن، رەنگە ٧%کەی "نەخێر لە ئێستادا"ن، کە ئازا و ئازادنە لە ململانێیەکی تەندروستدا بێدودڵی وتیان "نەخێر". ئێستاشی لەگەڵدابێت من وەک ئەوان بیرناکەمەوە هەر بەڵێ دەکەم، بەڵام کوردستانیان جوانتر و دیموکراسیتر نمایشکرد، تەنها لەبەرئەوەی بوێر بوون. نەک "هەوپەیمان و ئازادکراو و بایکۆت و برا و بەڵێ-درەنگوەختەکان".

تۆ ئەگەر نیشتمانی بوویتانە و هەستت بە مەترسی راستەقینەی رفراندەم دەکرد، بۆ نەچویتە هۆڵی پەرلەمان و لەگەڵ ئەوانەی کە کەرکوکیان بەدەستەوەدا، بە پرۆژە یاسایەک دوابخستایە! بۆ نەتانکرد؟ یان هەر دەتانەوێ دوای روداوەکان بێن و بڵێن "نەمانووت"! 
ئاخر خۆ من لە ٦/٧/٢٠١٧ لە رادیۆی گۆڕان و لە ١٣/٧/٢٠١٧ لە رادیۆی نەوا پێمووتن و هاوارم کرد: گەر پێتانباشە دوابخرێت، فەرموون بچنەوە پەرلەمان و نیساب تەواوبکەن و دوای بخەن(لینکی بەرنامەکان لە ئەرشیفی هەژماری فەیسبوکەکەمدا هەیە) بەڵام ئێوە هیچتان نەکرد جگە لە قسەی گوێئاگردان نەبێت.

ئێستاش تۆ هەر وادەزانی خیانەتمکردوە؟ ئەگەر هەر دڵی خۆت خۆشدەکەیت، دەی باشترە ئەمانەت بیربێتەوە:

١. ناکرێ ئەوانەی دەنگیان بە حەشدی شەعبی دابێت و بگرین بۆ کەرکوک و دوز و بڵێن بەڵێ-کەرەکان خیانەتکارن. ئێ ئەمە بەرهەمی حیکمەتی ئێوەشە، هەر ئێوەشبوون دوایی دەتانوت شەڕێکیان قەرزارین.

٢.تۆ ئەی "مامۆستای قسان"، "فتوحاتی کەرکوک" هەر رویدەدا، بەڵام رفراندەم خێراتری کرد. تۆیەک کە دنیایەک کوردت لەسەر حەرام و حەڵاڵی پەرلەمان و مۆسیقا و سیواک و ئەی رەقیب بەکوشتدا، خێرە خۆت بێبەریدەکەیت و دەڵێیت با ئەوانە بەرگری بکەن لە ئەستۆی وانەدایە کە وایانکرد، مەگەر خانەنشینیە ناشەرعیەکەش هەر لەمانە وەرت نەدەگرت؟

٣.تۆش ئەی ئەوەی لەسەراوە مێشکی ئێمەت خستوە، ئەوانەی ئێراقیان هێنایەوە کەرکوک "رفراندەمچییەکان" و "نەخێرە رونەکان" نەبوون، ئەوانە بوون کە وەک تۆ لە ٢٣/٩/٢٠١٧ لە ژێرەوە دژی رفراندەم بوون روویاننەدەهات دەنگبەرزبکەنەوە و دەیانویست ئەنجامنەدرێت و ئەنجامدرا و ئیتر تۆڵەیانکردەوە. هەر ئەوانەش بوون کە پێشتر وەک بەشێک لە "پلان B"یەکە، رۆشتنەسەر بیرە نەوتەکان بەلام ئەوکات سەرینەگرت. ئیتر بۆچی پێتوایە حیکمەتی بایکۆت و بەیاننامەکانی تۆ ئەمەی کردوە؟

٤.گەر دژی دەسەڵاتی بنەماڵەیی-یشیت، دەی دڵ بە کەوتنی کەرکوک و هەرێم خۆش مەکە، ئاخر دوو ئامۆزای بنەماڵیەک هەقیان لە دوو پسمام-یتر کردەوە و ئەنجامەکەی بۆ خۆشیان نەبوو، نەک پەرلەمانتار و بندیوارەکانی تۆ. باسی ئەوەش ناکەم سەرکردەکانیتریش چەندێکیان بۆ کرا بنەماڵەگەراییان کرد. 
***
دانی پیادەنێم شکستێک یەخەی گرتین، هەڵەکە لەوێدا بوو حساب بۆ خیانەت و پەرتەوازەیی نەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا دڵڕۆشنم و لەم رۆژانەدا هەڵدەستینەوە، کورد لە هەر شتێکدا لاوازبێت لە گوتاری مانەوەدا وێنەی نییە. دەوڵەتانێک سەدساڵە چەندجارێ سفریانکردەوە و ئەو نەکەوت و هەستایەوە، تەنانەت نەیانتوانی کڵاش و جامانەکەشی بگۆڕن نەخوازەڵا شوناس و جوگرافیاکەی.

کەواتە تێبگە ئازاری کوردبوون رۆحێکە وابەستەیە بە هەوا و شوناسەوە بەر لەوەی وابەستە بێت بە دەسەڵات و حزب و سیاسەتەوە، لە چاوی سیاسی دۆڕاو و بنبەستگەیشتووەوە دنیا نابینێت، کەوتە بەر هەڕەشە دنیا دەکاتە ئاگردان. 

ئازاری شکستەکان و ستەمی سەردەستەکان تا قیامەت وەک قەقنەس لە دەیان شوێن دادەگیرسێنەوە. ئەوە رەققە و ئەوەش ئەو گەنجانەی کەرکوک کە چۆن بەدەم سرودی "مانەوەی کورد –ئەی رەقیب"ەوە ئاڵاکەیان لە لوتکەی ستەمدا داگرت.

ئەمە گوتاری مانەوەیە، بریا بۆ داهاتوو نەوەیەک دەهات و پەرەی زیاتری پێدەدا و ببوایە بە "گوتاری مانەوە و ژیانێکی باشتر"، ئەوسا نەک نەدەکەوت، درەوشانەوەی سەردەستەکانی کوێر دەکرد. ئێستا ئیتر بێدەنگ بیت باشترە و کاتی یەکڕیزی و هەستانەوەیە نەک قستنەوەی پۆپۆلیستانە.


AM:12:43:19/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 5246 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی