سبەینێ زوو..

‌هەردی مەهدی


سبەینێ زوو..
"ئایا دەتەوێت سەربەخۆ بیت؟" 
بەڵێ بۆ دەوڵەت جیایە لە بەڵێ بۆ حکومەت، ئەمەی سبەی پرسیاری کۆمەڵگەیە و ئیرادەی زەوتکراوی گەلێک نەک پرسیاری سیاسییەک و حکومەت و خزمەتگوزارییەکانی پارێزگایەک. دەنگی من بەڵێیە بۆ گێڕانەوەی شوناسێکی زەوتکراو، بۆ وەرگرتنەوەی مافێکی یاسایی و سەروەریەکی نێودەوڵەتیە بۆ هەر ئینسانێکی کوردستان. دەنگم بۆ سازکردنی دەوڵەتێکە، دوریش نییە یەکەم کەس نەبم لەسایەی ئەودا زیندانی بکرێم یان هەر ئەگەرێکیتر، ئاخر من بەرگریکاری ئەم ئەزمونەی دوای راپەڕین بووم، زیندان، لێدان، غەدر و ئیهانە و زوڵمیشم تیا بینی، بەڵام هێشتا هەر مانای ئەوە نییە دراوسێکانم شاری فەزیلەت و شاری خودایەکی میهرەبانبن. ئەزانم دەتوانم لە جێیەکیتری دنیادا بژیم و لێرەش زیاتر بخۆم و بخەوم بەڵام ئەوەش دەزانم کە خودا بە هەڵە لە کوردستان خەڵقی نەکردووم.

نایشارمەوە، دەوڵەت بۆ من هاوسەنگکردنەوەی لاسەنگیەکە، ناعەدالەتیەکە لە مێژوو و ئینسانییەتم کراوە، من ناسیونالیست نیم، بەڵام چیبکەم کە لە چواردەورم دەفرێکی ناسیۆنالیستانەی پەڕگیر دەکوڵێت. برینێک لە رۆحمدایە: "چل ملیۆن کەس بە شێت و بێکەس سەیربکرێن"، بۆچی؟ دەوڵەت ئەو تەکنیکەیە کە هەندێ لەم بارە لارەم بۆ راستدەکاتەوە، بۆم گرنگ نیە کێ دروستی دەکات. لەم برینەم تێبگەن؛ "دەربار"ی هیچ حزبێکیش نیم.

کاتێک دراوسێکان و دنیا لەگەڵمان نین بۆ ریفراندەم، لەبەر ئەوە نییە کە گەندەڵین، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش و رەتکردنەوەی ئەنجامدانی رفراندەم لەبەر ستەمکاری و گەندەڵی سەرکردەیەک یان نادیموکراسی حکومەتی هەرێم یان گەندەڵی یان داخستنی پەرلەمان و ماوەبەسەرچونی سەرۆکێک نەبوو، نا، تەنها لەبەر ئەوەبوو کە کوردین و دەوڵەت نین و دەیانەوێت نەبین. چونکە "نەتەوەیەکگرتووەکان" دەوڵەتە یەکگرتووەکانە نەک نەتەوەکان. 

لەبەرئەوە بێئەوەی سەیری ناوچاوی هیچ سەرکردە و بەیاننامەیەک بکەم، بیر لە میژوویەک دەکەمەوە و سەیری ئایندەی خۆشم دەکەم ناکرێ ئەوەی ئێمە لێی مەحرووم بووین نەوەکانیشمان هەروا. رەنگە جارێکیتر پرسیارێکی وامان لێنەکرێتەوە "دەتەوێت سەربەخۆبیت؟" خوا دەزانێ کێ دەمێنێت و کەس هەیە ئەو پرسیارەمان لێبکاتەوە! بیرێک بکەینەوە لەوەی شێخی نەهری بێئەوەی پێویستی بە هیچ بێت و هێندەی سوڵتانێکی عوسمانی نفوزی هەبوو بەڵام دەستی پێکرد تا سەربەخۆمان بین و خۆی بۆ دانا. یەک لەدوایەک ئەم تەسبیحە بەردەوامبوو.

من لەبەر ئەمە دەنگم بەڵێ بوو، نەک ستەم و نادادی و بێخزمەتگوزارییەکانی حکومەتێکی شکستخواردوو نەبینم، هەرئەمەش بوو تۆمەتی نزیکترین دۆست و دڵشکاندنی نزیکانم قبوڵکرد، هەرچییان وت وەرمگرت و خستمە پای سروشتی ستەمکاری سەردەستەکان کە وایان لێکردووین بێمتمانە بین و رقمان لەیەک بێت. بێئەوەی حزبیبم دەیان تۆمەتی پارە و پۆست و پەیوەندیان بۆ دروستکردم. بەڵام ئاسایی وەرمگرت چونکە ئاسۆیەکی گرنگتر لە پێشمە وا شوکر ئەوانەش تۆمەتیان بۆ دروستکردین ئێستا لەگەڵمانن و پرسیارە ویژدانیەکە یەخەی ئەوانیشی گرت. 

ئێمە دەتوانین هەم رەخنەگری حکومەتیش بین و هەم داکۆکیکاری سازکردنی دەوڵەتیش، ئەمە ناکۆکی نییە.
سبەینێ زوو گەر باوەڕت پێکردم، تۆش ناسنامەکەت هەڵگرە و بەڵێیەک لەجیاتی ئەوانەی رابوردن و ئەوانەی دێن و خۆتیش بکە. کردە پەشیمان باشترە لە نەکردە پەشیمان باشترە.


PM:08:20:24/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 3199 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی