دۆڕاوانی پێشوەخت دوو نمونەی مێژوویی

‌هەردی مەهدی


#ریفراندۆم هەرچۆن بەڕیوەبچێت، ٥٠+١١ بەدەستدێت. هەر ئەنجامێکی هەبێت هەنگاوی یەکەمە رووەو  سەربەخۆیی. گەر موزایەدەش بێت با ئەوانەی باوەڕیان پێیەتی، ئەو نیوەڕێیە بە کۆتا بگەیەنن و کارتەکە لەدەستی موزایەدەچییان دەربهێنن.

 هاوڕێیانی "نەخێر"، بە ئیستیدلال و بەڵگاندن نەخێری خۆتان بسەلمێنن با دەنگیش نەهێنێت، بەڵام بە تکاوە سەد تکا، هەرچی دەکەن، سوکایەتی بەسەربەخۆیی و ریفراندۆم مەکەن با فشارەکانتان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان، یەکخستنەوەی ماڵی کورد و سەربەخۆییدا خەرجبکرێت نەک سوکایەتیکردن. بیربکەنەوە لە ئەگەری سەرگرتن و سەرنەگرتندا (بەمشێوەیەی ئێستا لە سوکایەتی بەردەوامبن) لەم دوو جۆرە کوردە زیاتر، مێژوو تۆمارتان دەکات:

١١. خوانەکردە گەر بە موراد نەگەشت، وەک ئەو رەئیس عەشرەتانە تۆماردەکرێن کە دژی شەریف پاشای خەندان و شێخ مەحمود وەستانەوە کاتێک داوای سەربەخۆییان کرد و ئەوان نامەیان بۆ مالیکی-یەکانی ئەو سەردەمە نووسی و وتیان شەریف پاشا نوێنەری ئێمە نییە و سەربەخۆییمان ناوێت. ئیتر ئەو تەوقە دەکەوێتە گەردنتان.

٢٢.گەر وەک ئەوەی قازی-ش بە مەقسەد گەیشت، وەک ئەو "رۆشنبیرانە"ی گۆڤاری نیشتمانی مەهاباد تۆماردەکرێن، کاتێک کە قازی محەممەد و یاوەرانی سەفەری یەکەمی باکۆ-یان لەپێناو کوردبوون و کۆمارەکەدا کرد، هەندێ رۆشنبیری بەرخۆر، کەوتنە گەڵتەکردن بە قازی و بە تەنزەوە شیعرێکەوە (لە گۆڤاری نیشتمان-ژمارە٣و٤ی١٣٢٢هەتاوی/١٩٤٣ز)دا قازییان بە ئاغایەک ناوبردووە، کە سۆڤیت بۆ سەربەخۆیی و ئازادی بانگیکردوە، بەڵام لەوێ داوای شەکری کردووە، بەڵام زۆری نەبرد کۆماری کوردستان لەدایکبوو.

 دۆخ لەمە خراپتر ناىێت، دراوسێکانیش لەمەزیاتر عەزاب و برسێتی و جینۆسایدمان ناکەن، بەڵام با وا نەچنە مێژووە.


AM:10:45:13/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 3914 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی