گۆڕان و پره‌نسیپه‌کان...

‌بابەکر درەیی

که‌م حزب و جوڵانه‌وه‌ی سیاسی له‌مێژوی کوردستانا هێنده‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دوچاری گرفت و پیلانگێڕی ڕکەبەرەکانی و بێویژدانی هاوڕێکانی خۆی بۆتەوه‌.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌مه‌ودایه‌کی ده‌ ساڵیدا روبه‌ڕوی ستەمێکی قورسی ڕکەبەرو هاوڕێکانی ناوخۆی بوه‌وه‌و هەرکام لەو پەلامارو پیلانانەش لەژێر پەردەیەکی جیاوازدا خۆیان نمایش کرد و جەزرەبەی خۆیان وەشاند.

زۆربەی ئه‌م گرفت و کێشانه‌ به‌هۆی هه‌ڵوێستی بزوتنه‌وه‌که‌وه‌ن له‌ئاستی پره‌نسیپدا، به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م فشارانه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ دۆخی سیاسی و ناوخۆی کوردستانه‌وه‌، و سه‌ره‌نجام هۆکاری به‌شێک لە کێشه‌کانی بزوتنه‌وه‌که‌مان خودی" هاوڕێکان " و هه‌ڵسوڕاوانی کۆن و نوێی گۆڕانن .

یه‌که‌م: له‌ئاستی پره‌نسیپدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بزوتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه‌ به‌ومانایه‌ی که‌ ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ به‌پێی ده‌ستور و په‌یڕه‌وی ناوخۆی، ناچێته‌ ناو هیچ کام له‌و ململانێ ئیقلیمیانه‌وه‌ که‌ سه‌ده‌هایه‌ له‌ناوچه‌که‌دا رکابه‌ری یه‌کتر ئه‌که‌ن و بنج و بناغه‌که‌یان له‌سه‌ر هۆکاری مه‌زهه‌بی و به‌رژه‌وەندیە ئیقلیمیەکان بیناکراوه‌ که‌ دورو نزیک په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ قازانج و ویستی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ .
ئەم سەربەخۆییە سیاسیەی بزوتنەوەی گۆڕان باجی قورسی هەبوە و بەڵگەکان سەبارەت بە پشتگیری نێوەندە ئیقلیمیەکان بۆ ڕکەبەرەکانی گۆڕان لە هەڵبژاردنە سەراسەری و لۆکاڵیەکاندا هێند ئاشکرابون کە ڕکەبەرەکان بە جۆرێک لە "شانازی" و بێمنەتیەوە خۆیان پێوە بائەدا، یان، لە حاڵەتێکی هاوشێوەدا، دەوڵەتە دراوسێکان بە ئاماژە تێیان ئەگەیاندی کە: فەرمون ئەوە عاقیبەتی دوریتان لە باوەشی گەرمی وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکەوە...

دوەم : لە ئاراستەو ئامانجی سیاسی و پرەنسیپدا، گۆڕان دیدی ڕون بوە. بزوتنەوەی گۆڕان هەرگیز بواری بە هیچ کەس و لایەن و حزبێک نەداوە سەبارەت بە پرەنسیپەکانی گەمەی لەگەڵدا بکات.. پرەنسیپەکان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دیوارێکی پۆڵایینی لەشکاننەهاتوبون کە هەموان پشتیان پێوەداوەو لە هەمانکاتا هەموانیشی پاراستوە و لە حزبەکانی تر جیاوازی کردوون....
ئەم بزوتنەوەیە لە بێخ و بنەوە وەک بزوتنەوەیەکی عەدالەتخواز و ئازادیخواز هاتۆتە دنیاوە و کۆڵەکە و پایەکانیشی هەر برییبون لە : عەدالەت و ئازادی...

لە "پەیامی سبەی" ەوە تا دەگاتەوە سەدان و هەزاران پەیام و وتارو توێژینەوە و دیدار، لە مەودای دانزە ساڵی ڕەبەقدا گۆڕان بە مسقاڵ لەو دو پڕەنسیپە لاینەداوە .. گۆڕانکاریە تاکتیکیەکان و هەڵوێستە سیاسیەکان هەرچیەک بوبن، بزوتنەوەی گۆڕان پایبەندی خۆی بە ئازادی و عەدالەتەوە بە چەسپاوی و تا ئاستی چەمک و مانا بە پیرۆزی هێشتۆتەوە..

ئازادی بە مانای داکۆکیکردن و هەوڵ بۆ چەسپاندنی کۆی ئەو دۆخ و هەلومەرجەی کە سەربەستی و جوڵەی تاک و کۆمەڵ لە سەرجەم بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوریەکاندا دەستەبەردەکات و بواری هەناسەدانی هەرچی زۆرتری بۆ تاک و کۆمەڵ دەڕەخسێنێ...

عەدالەت بەو واتایەی لە مەسەلە ئابوریەکاندا ڕەچاوی فرسەتی یەکسان و گونجاو بۆ کۆی هاونیشتیمانان لە ڕێگای یاساوە عادلانە ڕێکبخرێت و ڕێگە نەدرێ جیاوازی چین و توێژەکان لەسەر بناغەی گەندەڵی و نایەکسانی کارگێڕی بەرەو داتەپینی کۆمەڵگا بڕوات، بەڵکو ، بە پێچەوانەوە، ئەگەر جیاوازی هەبێ تەنها بەهۆی تواناو لێهاتویی زانستی و چۆنیەتی کەڵکبینین بێ لە سەرچاوە مرۆییە کەسی و گروپیەکان...

ئەم پرەنسیپانەی بزوتنەوەی گۆڕان بە دڵی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان نەبون.

ئەوان لایەنگری ئازادی و ئازادیحوازی نەبون.. ئەگەر داکۆکیکاری ئازادی و یاساسەروەری بونایە دۆخی ڕۆژنامەنوسان و میدیای ئازاد و سەندیکاکان و ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەریەکان بەو ڕۆژە نەدەگەیشت کە پێی گەیشت و ئێستا تیائەژی..

ئەوان پشتیوان و دڵسۆزی عەدالەت نەبون ، ئەگەر پشتیوانی عەدالەت و حکومەتی یاسا بونایە دۆخی سیاسی و ئابوری و کارگێڕی وڵات بەم دۆخە نەئەگەیشت کە پێی گەیشتوەو ئاستی گەندەڵی و قوتدانی مڵکی گشتی و دەوڵەت لە لایەن ملێۆنێرە حزبیەکانەوە وڵاتی وەک ئێستە کاول نەدەکرد..... هەروەها داهاتی تاک ی کوردستان و موچەی کارمەندان و قەرزە ملیاریەکان بەم دۆخە کارەساتبارە نەدەگەیشت و ڕەنگە بوار هەبوایە پیا تێنەئەپەڕین..

بزوتنەوەی گۆڕان لەم چەند ساڵەی دواییدا لە سێ لاوە جەزرەبەی بەردەوامی لێدراوەو لە سێ لاوە فشاری کەمەرشکێنی ڕوبەڕو بۆتەوە بەڵام چۆکی دانەداوە و ملی بۆ هیچ کام لەو لایەنانە خوار نەکردۆتەوە:

یەکەم : حزبە ڕکەبەرەکان ( یەکێتی و پارتی)
دوەم: حکومەتە دراوسێکان( ئێران و تورکیا)
سێهەم : ناڕازیانی ناوخۆی ( چەپ و ڕاست)

ناڕازیانی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێن بە دو بەشەوە:
یەکەم : ئەو بەڕێزانەی هێشتاش پێێیان وایە جوڵانەوەکە لەسەر سیستمی یەکێتی و پارتی بەڕێوە ئەچێت و ئەبێ مەکتەب سیاسیەکان و خاوەن پلەو پایە کۆنەکان تا ئەبەد ببنە خاوەنبڕیاری ئەسڵی و ماباقی هەڵسوڕاو و چالاکوانەکان وەک میرزاو ئەندام کۆمیتە و لقی حزبە تەقلیدیەکان چاو لە دەس و دەمی ئەوان بن و چاوەڕێبن لوتف و مەرحەمەت و مزاجی ئەوان چۆنی خواست ئاراستەکانیش وا بڕۆن.... هەروەها پێیان وایە ( بە شێوازی سۆڤێتی کۆن) کە سەرباری گۆڕانی دنیاو مافیها، ئەوەی پەیوەندی بە ڕابوردو کەسایەتی و ئەزمونی سیاسی ئەوانەوە هەیە هەمیشە نەگۆڕەو قابیلی کۆنبون نی و نەوەی سیاسی نوێی گۆڕان ئەرکیەتی وەک بونەوەری پیرۆز سەیریان بکات..

پێیان وایە خۆیان پێوەری حەق و ناحەقن و تەرازوی خێرو شەڕ لای خۆیانەو بۆیان هەیە تەنانەت بە پێچەوانەی مەنتق و هەڵوێستە کۆنەکانی گۆڕان و خۆیشیانەوە پەیام بدەن و کەس بۆی نەبێ ڕەخنەیان لێبگرێ..

دوەم: گروپی" چەپ" ی ناڕازیانی گۆڕان ئەو بەڕێزانەن کە لە مێدیاکانەوە باس لە لادانی گۆڕان دەکەن لە پرەنسیپەکانی.
دەڵێن نابێ گۆڕان لەگەڵ پارتی ڕێبکەوێ چونکە ئەوە دورە لە پرەنسیپەکانی نەوشیروان مستەفا..دەڵێن گۆڕان بۆتە حزبی تەوریسی سیاسی... دەڵێن لە ناو گۆڕاندا دەسەڵاتی سێبەر هەیە و دەزگاکان دەسەڵاتیان نیە...

ڕەنگە تەنها وتەیەک کە دەکرێ و پێویستە لێرەدا بوترێ ئەوەیە کە داوا لەو بەڕێزانە بکرێ بە دیکۆمنت قسەو ئیدیعاکانیان بسەلمێنن ...
هێندەی پەیوەندی بە ڕێکەوتن و گفتوگۆوە هەیە لەگەڵ پارتی، هەمو ئەزانین کە لە دنیای سیاسەتدا ئامانجەکان گرنگترن نەک شێوازەکان.. و پێکهاتنی گۆڕان بۆ کۆمەڵێک ئامانجە کە لای کۆی خەڵک ئاشکران..
هەروەها کاک نەوشیروان لە هەردو گفتوگۆکانی ناوەڕاستی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردودا کەسی بناغەیی بوە لە گفتوگۆکانی یەکێتی و بەغدادا...

تەوریسی سیاسی ش تیۆرەیەکە دەبێ بسەلمێنرێ.. ئەم تیوەرەش زیاتر لە " تیوری پیلانگێڕی" نزیکە تا ئەوەی ژمارەیەک فاکت و ڕاستی بەردەست بێ، بۆیە باشترە لێرەدا بوەستین و بە پێی بوار بێینەوە سەری و بۆ هەموانی ڕونبکەینەوە...

ماویەتی..


AM:10:22:21/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 3280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی