کەی گۆڕان دەجوڵێت؟

‌بابەکر درەیی


ئامرازەکانی دەستی هەر حزب و ڕێکخراوێکی سیاسی لە چەند بابەتێکدا خۆ ئەنوێنن... ئامرازەکانی دەستی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەوانە بەدەرنین.
ئامرازەکان بریتین لە:
یەکەم : میدیا
دوەم: شەقام و جەماوەر،
سێهەم: دپلۆماسی،
چوارەم: پەرلەمان.
هەرکام لەمانەش ورد ئەبنەوە بۆ ڕەهەندو بەشی دیاریکراوتر.
بۆ نمونە لە کاری میدیا و تەبلیغدا، جگە لە ڕادیۆ و تەلفزیۆن و ڕۆژنامە و سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئامادەبونی ڕوبەڕوی چالاکوان و هەڵسوڕاوەکان کاریگەری ئینکارنەکراوی هەیە، بە حوکمی زۆر هۆکار و لەوانەش شکاندنی ترس و نیگەرانی لایەنگران و هاندانیان بۆ کاری عەمەلی.
ئامرازی شەقام و جوڵاندنی جەماوەر بۆ خواستە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیان دەیان کتێبی لەبارەوە نوسراوە و ئەوەی پێی دەوترێ" خەباتی مەدەنی" لە بناغەوە مەبەست لەو جوڵەیەیە کە چین و توێژەکان لە ئاستی شەقامدا بۆی دێنە دەنگ و فۆڕمی جیاواز لەخۆدەگرێت لەوانەش:
مانگرتن، خۆنیشاندان، کەمپین، داخستنی بازاڕ، جادە، ..هتد
کاری دپلۆماسی و پەرلەمانیش بواری چەندین شێوازی چالاکبونی تیادایە کە دەشێ وردبکرێتەوە و بخرێتەگەڕ..
دۆخی کوردستان بە ئاقارێکدا ڕۆشتوە کە پێویستی بە یادهێنانەوە نییە.
گەر حزبێکی سیاسی ئەیەوێ لەم دۆخەدا کاریگەری بنوێنێ و کارێک ئەنجام بدات، لەسەریەتی بە دیقەت و وردەکاریەوە سەرجەم ئامرازەکان بخاتە کارو هەوڵی گۆڕانێک بدات لە ئاستی کۆمەڵدا...
تا ئێستا بە ڕونی دیار نییە بزوتنەوەی گۆڕان چۆنچۆنی ئەم ئامراز و شێوازانە لە قازانجی خەڵک و بەرنامەکانی خۆی ئەجوڵێنێ. 
حزبەکانی تر، هەریەک بە جۆرێک لە هەوڵی خۆڕێکخستن و دیاریکردنی چارەنوسی خویانن.. ئایا گۆڕان بە تەمای مانەوە و ململانێ و دەسەڵاتی سیاسیە لەم وڵاتە یاخود وەک ئەو بونەوەرە ئەکات کە داوای لێکرا بار هەڵگرێ وتی من باڵندەم و بارنابەم، کاتێکیش داواکرا بفڕێت وەڵامی ئەوەبو کە ئەو باڵندە نیەو باربەرە ....
بەهیوای ئەوەی ڕەنجی هەزاران کەس بۆ پاراستن و پێگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە خەسار نەچێ..


PM:07:27:11/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 5902 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی