کرۆنا و سلێمانی و لێپرسراوێتی!

‌سەڵاح ڕەشید

پەتای کرۆنا، دەستی ناوتە بیناقاقای هاوڵاتیانی هەمو جیهانەوە و ئەمەش یەکەم روداوە، کە جیاوازی لە نێوان وڵاتانی گەورە، دەوڵەمەند و زلهێزە و بچوک و هەژاردا ناکات.

جیاوازیەکە لە نێوان وڵاتاندا، لەسەر شێوەی بەگژاچون و چارەسەرەکردنێتی، هەندێ وڵات گرنگی زۆر بە چارەسەر و رێکارە تەندروستیەکان ئەدات و رێوشوێنی خێرا و گونجاو ئەگرێتەبەر بۆ تەشەنەنەکردنی زیاتری و هەندێ وڵاتی تریش کەمتەرخەمترن و سستن و لە ئاستی ئەو مەترسیە گەورەیەدا نین.

لە ماوەی ئەم دوهەفتەیەدا، کرۆنا لە زوربەی وڵاتانی ئەوروپا زۆر بە خێرا گەشەی کردوە و ژمارەی توشبون و گیان لەدەستدان زۆر زیادی کردوە.

هەندێ دەزگای تەندروستی بە شەپۆلی دوهەمی کرۆنا ناوی دەبەن، بێگومان لە هەمو ئەو شوێنانەی کە (تێست) واتا پشکنینی زیاتری تێدایە، ئەوا ژمارەی رەسمی توشبوان زیاترن، واتا ژمارەی توشبو، تەنها لە رێگای پشکنینی زیاترەوە دەردەکەوێت.

بەگژا چونی ئەم پەتایە لە شێوەی چارەسەرەیەکەیدا دەردەکەوێت، لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر دەگۆرێت. بۆنمونە، حکومەتی ئەڵمانیا، بەگژەچون و چارەسەری کردوە بە کێشەی یەکەمی خۆی و رۆژانە چەندەهاجار وەزیری تەندروستی ئیتحادی و ویلایەتەکان رێنمایی نوێ دەردەکەن و دەزگا جیاوازەکانی تر، بەشدارن لە جێبەجێکردنی بریارەکاندا.

هەرچەندە وڵاتێکی گەورەی وەک ئەڵمانیا (٨٣ ملیۆن)، کە سیستەمی فیدرالی هەیە و لە زۆر بوردا، هەر ویلایەتێک ئازاد و سەربەخۆیە لە بریارەکانیدا، بەڵام لە هەندێ بواردا هەمویان لە چوارچێوە گشتیەکە و بڕیارە سەرەکیەکە دەرناچن و رۆژانە بڕیاری نوێ دەردەکرێت بۆ بەرەنگاربونەوەی پەتای کرۆنا، لەوانە:

- چێشتخانە و بار و قاوەخانەکان، پێویستە سەعات ١١ شەو دابخرێن.

- دوای ١١ شەو، مەی فرۆشتن لە هەمو شوێنێک قەدەغەیە.

- ئەو ناوچانەی کە ٣٥ کەس لە ١٠٠ هەزار ژمارەی دانیشتوان بۆ ماوەی یەک هەفتە توشی کرۆنا ببێت، ئەو ناوچەیە بە (سور) دەستنیشان دەکرێت و مامەڵەی جیاوزیان لەگەڵدا دەکرێت، بۆنمونە خەڵکی ئەو ناوچانە ناتوانن بە ئاسانی لە هەندێ شوێن لە ئوتێل ئەڵمانیا بمێننەوە و زوربەی شوێنە گشتیەکان دادەخرێن.

- دانیشتن لە چیشتخانە و بارەکاندا، سنوردار کراوە، لە هەندێ شوێن نابێت لە ٦ کەس زیاتر لەسەر مێزێک بەیەکەوە دابنیشن.

- ئاهەنگ و کۆبونەوەی هەمەجۆر قەدەغەکراوە.

- لە هەندێ جێگا، وەک لە شارێکی گەورەی وەک (میونخ) پێویستە دەمامک لەسەر شەقامە قەڵەباڵغەکان ببەسترێت، ئەوەی نەیبەستێ بە ٢٥٠ ئۆیرۆ غەرامە دەکرێت.

- بیگومان، پێویستە هەمو یەکێک دەمامک ببەستێ لە شوێنە داخراوەکان.

- لەو شوێنانەی کە ژمارەی توشبون زیادی کردوە، ئێستا بیر لەوە دەکرێتەوە، کە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی هەمو شوێنێک بدەن.

- حکومەت و هەمو هێزە سیاسی و دەزگا جیاوازەکان، تکا لە هاوڵاتیان دەکەن، کە ( دەمامک ببەستن، مسافەیان لەگەڵ خەڵکی تر لە مەترونیوێک زیاتربێت و رێوشوێنی دەزگا تەندروستیەکان جێبەجێ بکەن سەفەری دەرەوە نەکەن).

- رێگای توند گیراوەتەبەر بۆ دەوامی زانکۆکان، قوتابخانە و باخچەی ساوایان.
- ئەم رێوشوێنانە بۆ بەرگری لە پەتای کرۆنا، تەنها لە ئەڵمانیا نیە، بەڵکو لە هەمو ئەوروپایە و هەمو رێگایەک دەگیرێتەبەر بۆ تەشەنەنەکردنی.

- هەندێ وڵات لە سەرەتای هاویندا کەمێ دوربو لە پەتای کرۆناوە، وەک (چیك)، بەڵام ئێستا لە سەروی ئەو وڵاتانەوەیە کە زۆرترین توشبوی تێدا تۆمارکراوە و دەوڵەت لە زۆر شوێن قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی تەواوی راگەیاندوە، ئەمە دوای ئەوە هاتوە، کە یەک لەسەر سێی ئەوانەی پشکنینیان بۆ کراوە، دەرکەوتوە، هەڵگری ڤایرۆسی کرۆنان، تەنها لە رۆژی هەینیدا (١٦/١٠) ١١.١٠٥ هەزار هاوڵاتی توشی ئەم پەتایە بون.

- دەزگا جیاوازەکان و بەتایبەتی پۆلیس، لە هەمو ئەو وڵاتانە ئەرکیانە کە چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت بکەن و سزای ئەو شوێن و کەسانە بدەن کە سەرپێچی دەکەن.

- وڵاتێکی وەک ئیرلەند، بریاری دا، لە ٢٠/١٠، هاوڵاتیان نابێت ٥ کم لە ماڵەکەیان دوربکەونەوە، مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت و زوربەی شوێنەکان دادەخرێن.

- کوردستان – سلێمانی
ماوەی چەند رۆژێکی زۆرە کە ژمارەی مردن لە کوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی لە هەمو شار و پارێزگاکانی تری عێراق زیاترە، تەنها لە یەک رۆژدا (دوشەمەمە ١٩/١٠) ٢٦ هاوڵاتی لە کوردستان بەهۆی کرۆناوە کۆچی دواییان کردوە، زیاتر لە نیوەی (١٦) یان لە پارێزگای سلێمانی بوە، بێگومان ئەمە ئاماری رەسمی دەزگای تەندروستیە، ئاماری مردنی راستەقینە زۆر زیاترە، بە تایبەتی ئەوانەی کە ناچنە نەخۆشخانە و نایانەوێت ناویان بهێنرێت، ئەگەر رۆژانە سەیرێکی (فەیسبوک) بکەیت، کە چەند کەس لەیەک رۆژدا کۆچی دوایی کردوە، ئەوا ژمارەکە دەردەکەوێت.

ئەمە لە کاتێکدا، کە لێپرسراوانی تەندروستی سلێمانی دەڵێن: "بەهۆی نەبونی ئامێری چاودێری چرەوە نەخۆشەکان گیان لەدەست ئەدەن و ئەگەر ئەو ئامێرانە هەبوایە، ٨ نەخۆش لە مردن رزگار دەبون، لە هەمو شاری سلێمانیدا تەنها ١٠ ئامێری چاودێری چڕ هەیە".

ئەم وێنەی لێشاوی مردنە لایەکی تاریکی شارە، بەڵام لاکەی تری، ئەوەیە کە وێنەی ناوبازار و چێشتخانە، قاوەخانە، شوێنە گشتیەکان دەیبینی، هیچ هەست ناکەیت کە پەتای کرۆنا لەم ناوچەیە هەیە، یاخود لە شەقام و کۆڵانەکەی خۆتاندا هیچ کەس هەبێت گیانی لەدەست دابێت!.

کێ بەرپرسە:
بێگومان هەریەکە لە ئێمە بەرپرسی یەکەمین لە ژیانی خۆمان و کەسوکار و هاورێ و دۆستانمان و ئەبێ هەمو هەوڵێک بدەین کە خۆمان و ئەوان بپارێزین، واتا خۆ پارێزی هەنگاوی سەرەکی و یەکەمە.
بەڵام لە وڵاتدا دەزگای بەرپرسی یەکەم بۆ بەنگاربونەوەی ئەم پەتایە حکومەت و دامودەزگاکانێتی کە خۆی لە وەزارەتی تەندروستیدا ئەبینێ.

بەداخەوە ئەوەی لە کوردستان و لە پارێزگای سلێمانی هەستی پێناکرێت، جوڵە و (ئیجارئاتی) وەرزارەت و دامودەزگا بەرپرسەکانە بەرمبەر بە تەشەنەنەکردنی ئەم پەتایە.

پارێزگای سلێمانی، ناوبەناو بەیانێک کەم ناوەرۆک دەردەکات وەک ( ژ.٢٩٥ ی ١٣/١٠/٢٠٢٠) کە خۆی لە (داواکاری) دەبینێت و دەنوسێت: (هەرشوێنێک پابەند نەبێت دادەخرێت و سزای دارایی دەدرێت)، ئەم داخوازیە بۆ مانگی ٥ و شەش رەوا بو، کە مردن لە ئارادا نەبو، بەڵام بە هیچ شێوەیەک رەوا نیە و ناگونچی بۆ شارێکی وەک سلێمانی کە رۆژانە زیاتر لە ١٠ هاوڵاتی بۆ هەمیشە بەجێمان دێڵن.

ئەبێت و پێویستە، لێپرسراوانی حکومەت لە کوردستان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین بەتایبەتی، وەک هەمو دنیا بکەونە خۆیان و کۆمەڵێک بریار بدەن و زۆر بە وردی و بە چری بەشوێن جێبەجێکردنیەوە بن، بڕیاری سەر کاغەز هیچ مانایەک ناگەیەنێ ئەگەر بەدوداچونی بۆ نەکرێت.

بارودۆخی کوردستان ئێستا لەم وەرزەدا کە هێشتا گەرمە و هاوڵاتی ئەتوانێت لە دەرەوە دابنیشێت، زۆر مەترسیدارە، بەڵام پاش چەند رۆژێکی تر، هەمو ناچاردەبین بچینە ژورەوە و ئەو کاتە، چێشتخانەکان، بارکان، قاوەخانەکان، مەلەوانگە و جێگای وەرزشی، ئەگەر وەک ئێستا بمێنێتەوە، ئەبێت چاوەرێێ شەپۆلێکی زۆر زیاتر لە ئێستا بکەین لە توشبون و مردندا.

پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، با دەزگا بەرپرسەکان بکەونە خۆیان و هەندێ بڕیاری گرنگ بدەن، کە رەنگە بەدڵی هەندێ نەبێت، بەڵام لە بەرژەوەندی هەموان بێت.

هەروەها دەبێت، وەزارەتی تەندروستی، چالاکتربێت و ئەم بارودۆخە بکات بە خەمی سەرەکی خۆی، هەمو پێداویستیە تکنیکی و مرۆیەکان ئامادەبکات و شەرمە بۆ حکومەتی هەرێم کە لە یەک رۆژدا ٨ هاوڵاتی گیان لەدەست بدەن، لەبەر نەبونی ئامێر لە شارێکی گەورەی وەک سلێمانیدا، هەروەها گرنگە کە حکومەت و دەزگا جیاوازەکان و هێزە سیاسیەکان، ئەم پەتایە و توشبون و مردنی بە کۆمەڵ زۆر بەدور بگرن لە کاری سیاسی و حیزبی رۆژانەی خۆیان.


PM:02:03:20/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 1480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی